ئاکرێ: 'شەیما' لە پێش چاوی دایکی و لەلایەن هاوسەرەکەیەوە کوژرا

2021/03/03    1180 جار بینراوە
 
* نەوژین، رێناس ساڵەح
 
”ئێمە خەوتبوین دره‌نگێکی شەو بو، لە پڕ زاواکەم بە چەکێکەوە خۆی کرد بە ماڵدا، من خێرا راپەڕیم، هاوارم کرد، گریام، بەڵام هیچ سۆزێکی نەبو کچەکەمی لە شیرینی خەودا بۆ ئەبەد لێبردم“. ئەمە قسەکانی دایکی شەیما مزەفەرە، بەدەم گریانێکی دایکانەوە وتە بۆ پۆلیس دەدات.
روداوەکە لە گوندێکی قەزای ئاکرێ رویداوە، بەڕێوبەری پۆلیسی ئاکرێ دەڵێت: ”بكوژه‌كه‌ دوای روداوەکە هەڵهاتوە، بەڵام بە وردی بەدوایدا دەگەڕێین و فەرمانی گرتنی بۆ دەرچوە“.
 
 
چۆنیەتی روداوەکە
 
شەوی 1له‌سه‌ر 2ى ئەم مانگە، هەواڵ دەدرێت بە پۆلیس، دەنگی تەقە لە گوندی (بێناتا) بیستراوە 'بێناتا گوندێکە لە سنوری ناحیەی گرەسین سەر بە قەزای ئاکرێ'، دواتر پەیوندی بە هێڵی گه‌رمی ١١٩ دەکرێت و دەڵێن "ژنێک کوژراوە"، پۆلیس دەگاتە شوێنی روداوەکە، دەردەکەوێت کاتژمێر (١:٣٠)، ژنێک بە ناوی 'شەیما مزەفەرە' لەلایەن هاوسەرەکەیەوە کوژراوە.
 
 
رەشید محەمەد، بەڕێوبەری پۆلیسی ئاکرێ بە نەوژینی راگەیاند: ”شەیما لەلایەن هاوسەرەکەیه‌وه‌ کوژراوە، دایکی شاهێدی روداوەکەیە، شەو هەڵی کوتاوەتە سەر ماڵی خەزوری و بەتاپڕ دەستڕێژی گولەی لە هاوسەرەکەی کردوە“.
 
پۆلیس دەستی بە لێکۆڵینەوە کردوە لە روداوەکە، خێزانەکەی'شەیما' سکاڵایان تۆمارکردوە، بەڵام تۆمەتبار هەڵهاتوە و تاوەکو ئەمڕۆ دەستگیر نەکراوە.
 
رەشید محەمەد، وتی: ”تاوەکو گەشتینە شوێنی روداوەکە، تۆمەتبار هەڵهاتبو، بەڵام ناو و زانیاریەکانی دراوە بە تەواوی بازگەکان، فرۆکەخانەکان و دەروازەکان، لە کەمترین ماوەدا دەستگیری دەکەین، چونکە فەرمانی گرتنی بۆ دەرچوە بە پێی مادەی (٤٠٦) لە یاسایی سزادانی عێراقی“ 
 
شەیماو هاوسەرەکەی ماوەی ساڵێکە دۆسیەی جیابونەوەیان لە دادگایە، تا کاتی روداوەکە گرێبەستی هاوسەرگیریەکەیان هەڵنەوەشابوەوە.
 
لە تۆمەتبارکردنیەوە تاوەکو کوشتنی
 
دوای  ئەوەی ساڵی رابردو مناڵێکیان گیان لەدەست دەدات، هاوسەرەکەی شەیما، هاوژینەکەی تۆمەتباردەکات بە کوشتنی مناڵەکەی، لە بنکەی پۆلیس سکاڵای لە دژ تۆماردەکات.
 
محەمەد ئەمین عه‌لی، بەڕێوبەری نوسینگەی بەرەنگاربونەوەی توندوتیژی خێزان و ئافرەتان لە قەزای ئاکرێ، بە نەوژینی راگەیاند: ئەو ژنە هیچ سکاڵایەکی لە لای ئێمە تۆمار نەکردبو دژی هاوسەرەکەی، بەڵام دۆسیەی جیابونەوەیان لەگەڵ هاوسەرەکەی لە دادگایە.
 
 
”هاوسەرەکەی شەیما ساڵی رابردو لە دادگا سکاڵای لە دژی شەیما تۆمار کرد، بەوەی مناڵەکەی بەدەستی دایکی کوژراوە، تەرمی مناڵەکە رەوانەی پزیشکی دادکرا، بە پێی راپۆرتی پزیشکی داد و بڕیاری دادگا، شەیما بێتاوان بو“. بەڕێوبەری پۆلیسی ئاکرێ وادەڵێت.
 
 
مادەی(٤٠٦) لە یاسایی سزادانی عێراق
 
مادەی ٤٠٦ لە یاسای سزادانی عێراقی، تایبه‌ته‌ به‌ كوشتنى به‌ئه‌نقه‌ست، سزاکەی ده‌گاته‌ لەناوبردن (اعدام) یان بەندکردنی تاھەتایی، لەم کەیسەشدا چەند خاڵێک کە بۆ ئەو سزایە دیاریکراوە تێیدا دەبینرێت.
 
وەک ئەوەی لە یاساکەدا هاتوە ئەگەر کوشتنەکە مکوڕی پێشینە یان چاودێری تێدا بێت، یان ئەگەر تاوانبار رێگایەکی دڕندانەی لە کردەوەکە بەکارھێنا بێت.
 
کوشتنی ژن لە ئاکرێ 
 
بەڕێوبەری نوسینگەی بەرەنگاربونەوەی توندوتیژی خێزان و ئافرەتان لە قەزای ئاکرێ، ئاماژە بەوەدەکات شاره‌كه‌یان قۆناغێکی زۆرباشی بڕیوە لە نەکوشتنی ژنان، بە شێوەیەک دو ساڵە خاڵیە لە دۆسیەکانی کوشتنی ژنان و ماوەی دە ساڵیشە کەمترین حاڵەتی تێدا تۆمارکراوە.
 
محەمەد ئەمین، وتی: ”بارودۆخی ژن و هۆشیاربونەوەی خەڵک قۆناغێکی زۆرباشی بڕیوە، روداوێکی زۆر سەیر بو بەنسبەت ئێمەشەوە، ئەم دۆسیە لەسەر شەره‌ف نەبوە، لەگەڵ ئەوەشدا کوشتنی ژن لە ژێرناوی شەرەف بەرەو نەمان دەچێت“.
 
شەیما و هاوسەرەکه‌ی خاوەنی مناڵێکی شەش مانگن، بەڵام ئەو بێ سەرپەرشت ماوەتەوه‌ و پۆلیس رەوانەی مافی مرۆڤی کردوە بۆ یەکلاکردنەوەی دۆسیەکەی.
 
 
 


Newjin.net - 2024
ژمارەی سەردان 1,305,709     ژمارەی میوان 559

دروستکراوە لەلایەن کۆمپانیای (کۆدتێك)ەوە