* نەوژین
بەڕێوبەرایەتی گشتی بەرەنگاربونەوەی توندوتیژی داوادەکات پەرلەمان ئەو بڕگە و مادە یاسایانە هەمواربکاتەوە کە ژنانن دەکاتە قوربانی گێچەڵ و دەستدرێژی سێکسی.
لە ماڵپەڕی فەرمی بەڕێوبەرایەتی بەرەنگاربونەوەی توندوتیژی دژی خێزان و ئافرەتان لەبارەی چۆنیەتی سکاڵاکردنی ژنان و کچان لەو حاڵەتانەی گێچەڵ یان دەستدرێژی سێکسیان دەکرێتەسەر رایدەگەیەنێت: دەبێت بەخێرایی بەڵگەی تاوانەکە کۆبکەنەوە، ئەگەر کرداری سێکسی ئەنجامدراوە پێویستە ژنان لەماوەی ٧٢ کاتژمێر پەیوەندی بە نوسینگەکانمانەوە بکەن، بۆ ئەوەی لە پزیشکی داد پشکنینیان بۆ بکرێت و کاری پێویستیان بۆ بکرێت بەمەبەستی پاراستنی بەڵگە پێویستەکان.
ئاماژەیان بەوەشکردوە، زۆرجار ژنان دەبنە قوربانی بەهۆی ئەوەی بەڵگەی پێویست کۆناکەنەوە یان بەردەست ناکەوێت کە تایبەت بێت بە روداوەکە، ئەمە لە کاتێکدایە بەپێی یاسای سزادانی عێراقی تۆمەتبار بۆ ئەوەی سزا بدرێت بەڵگە پێویستە و یاساکە داوای بەڵگە دەکات لەسەر تاوانەکە، لەوڕوەوە پێویستە پەرلەمانی کوردستان هەمواری ئەو بڕگە و ماددە پەیوەندارانە بکات کە وادەکات ژنان ببنە قوربانی.