* نەوژین
زارا محەمەدی ئەو کچە کوردەی مناڵانی گوندەکانی فێری ئەلف و بێی کوردی دەکرد، دادگای پێداچونەوەی سنە سزاکەی لە دەساڵ زیندانیکردنەوە کەمکردەوە بۆ بە پێنج ساڵ.
رێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، رایگەیاند: دادگای پێداچونەوەی سنە سزای ١٠ ساڵ بەندکرانی زارا محەمەدی، پێنج ساڵ کەم کردەوەو پەسەندی کرد.
لقی یەکەمی دادگای شۆڕشی سنە، بە تۆمەتی پێکهێنانی گروپ لە دژی ئاسایشی نەتەوەیی ئێران، ( ٢/٥/٢٠١٩) بڕیاری دەستگیرکردنی بۆ (زارا) دەرکرد، سزای ١٠ ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپاند، لە کاتێکدایە زارا محەمەدی، تەنیا ئەندامی ئەنجومەنی نۆژین بوە و دادگا ئەو ئەنجومەنەی لە هەمو تۆمەتەکان بە بێ تاوان ناساندبو.
ئەمە لە کاتێکدایە ئەنجومەنەکە تاکە هۆکار بۆ زیندانی کردنی دەگەڕێنێتەوە بۆ فێرکردنی زمانی کوردیی مناڵان، چونکە ماوەی ١٠ ساڵە لە گوندەکانی دەوروبەری سنە و ناو شاری سنە وانەی کوردی دەڵێتەوە.
زارا محەمەدی، تەمەن ٢٨ ساڵ بڕوانامەی کارناسی باڵای ژئۆپۆلۆتیکی لە زانکۆی بیرجەند وەرگرتوە، یەکێک بوە لە دامەزرێنەرانی رێکخراوی فەرهەنگی کۆمەڵایەتی نۆژین، کە یەکێک لە ئەنجومەنە فەرهەنگی و کۆمەڵایەتییەکانی پارێزگا سنە.