ھۆزان جانێ لە دادگای سزا قورسەکان دادگایی دەکرێت

2021/02/13    638 جار بینراوە
 
* نەوژین
 
دوای ئەوەی دادگایی تێھەڵچونەوە سەرجەم بەڵگەکانی سەر هونەرمەند(هۆزان جانێ)، بە بێ بنەما ناوبرد و بڕیاری زیندانیکردنەکەی لەسەر هەڵگیرا، بەڵام جارێکی دیکە لە دادگای سزا قورسەکانی وڵاتی تورکیا دادگایی دەکرێتەوە.
 
خانمە گۆرانیبێژی کوردستانی باکور هۆزان جانێ، کە ھاوڵاتینامەی ئەڵمانیای ھەیە، لە شاری ئیدری تورکیا، حوزەیرانی ساڵی (٢٠١٨) دەستگیرکرا، لە مانگی نۆڤەمبەری هەمان ساڵدا بە تاوانی ئەندامێتی لە پارتی کرێکارانی کوردستان(پەکەکە)، کە لەو وڵاتە قەدەغە کراوە، بە شەش ساڵ و سێ مانگ زیندانیکردن سزا درا.
 
لە ئابی ساڵی(٢٠٢٠)دا دوبارە ئەو کەیسە کرایەوە دوای ئەوەی دادگای باڵای تێهەڵچونەوەی ئەو وڵاتە بەڵگەکانی ئەندامێتی لەو رێکخراوە پەسەند نەکرد، بەو ئەنجامەش سزاکەی لە سەر هەڵگیرا، لە سەرەتای مانگی تشرینی یەکەمی ساڵی رابردو بەمەرج ئازادکرا، بەڵام قەدەغەیە وڵاتی تورکیا بەجێ بهێڵێت.
 
 
هۆزان جانێ، کاتی ئازادکردنی لە زیندان، ساڵی ٢٠٢٠ 
 
لە نوسراوەکەی دادگای تێهەڵچونەوەی تورکیادا هاتوە ”هیچ بەڵگەیەکی رون نەبو لەسەر ئەندامەتیی هۆزان جانێ لە پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە)“.
 
لە رێکەوتی (٩/٢/٢٠٢١)، جارێکی دیکە لە سێیەمین دادگای سزا قورسەکانی ئەدرنە، دادگایی جانێ بەڕێوەچو، هیچ بریارێکی کۆتایی لە بارەیەوە نەدرا، دادوەر داواکاری پارێزەکانی رەتکردەوە و دادگایی کردنەکەی داواخرا بۆ رۆژی ٥ی ئایاری ئەمساڵ، پارێزەرەکەشی رایگەیاندوە ئەگەری ئەوە هەیە بڕیاری قەدەغەی گەڕانەوەی بۆ وڵاتی ئەڵمانیای لەسەر هەڵبگیرێت.
 
هۆزان جانێ، لە شاری ئامەدی باکوری کوردستان لە دایکبوە، بە گۆرانی نەتەوەیی و شۆڕشگێڕی دەستی بە کاری هونەری کردوە، خاوەنی ١٩ ئەلبومی گۆرانیە، ماوەی ٢٣ ساڵ لە وڵاتی ئەڵمانیا ژیاوە.

 



Newjin.net - 2024
ژمارەی سەردان 1,342,877     ژمارەی میوان 454

دروستکراوە لەلایەن کۆمپانیای (کۆدتێك)ەوە