دوای ٤ ساڵ بکوژی 'روئیا' سزادەدرێت

2022/11/16    512 جار بینراوە

 

* نەوژین

دوای تێپەڕینی چوار ساڵ بەسەر دۆسیەی کوشتنی 'روئیا' لەلایەن هاوسەرەکەیەوە، دواجار دادگا سزای هەشت ساڵ زیندانی بەسەر هاوسەرەکەیدا دەسەپێنێت.

چوار ساڵ پێش روئیا سەباح، تەمەن ٢٦ ساڵ، دانیشتوی شاری سلێمانی، لەروداوێکی تەمومژاویدا لەلایەن هاوسەرەکەیەوە بریندارکرا و دوای مانەوەی بۆ ماوەی ٥٧ رۆژ لە نەخۆشخانە بەهۆی سەختی برینەکەی گیانی لەدەستدا.

لەبارەیەوە ئەمڕۆ ئاشتی عەبدوڵڵا، بەرپرسی بەشی جێندەری نوسینگەی جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێم، رایگەیاند: دوای ترساندن و هەڕەشەکردنێکی زۆر لە سەر سکاڵاکار و دەستتێوەردانی دەرەکی بۆ سوڵح، دواجار دوێنی باوکی روئیا پەیوەندی پێوەکردوم و پێی راگەیاندم تاوانباری کەیسی کوشتنی کچەکەی کە هاوسەرەکەی بوە بە سزایی یاسایی گەیشتوە".

ئاماژەی بەوەشکردوە: هاوسەری روئیا بەناوی (ش.ل)، سزادراوە بەپێی مادە ٤٠٥/٢٩ لە یاسایی سزادانی عێراقی و سزاکەی بریتی دەبێت لە بەندکردنی بۆ ماوەی ٨ ساڵ.

بەڵام وەک باوکی روئیا بە ئاشتی عەبدوڵای وتوە: "داوای تەمیز دەکەینەوە و ئەو حوکمە کەمە بۆ تاوانباری بکوژی ژنێک".

دەقی مادەی ٤٠٥ لە یاسایی سزادانی عێراقی دەڵێت: هەرکەسێک کەسێک بکوژێت بە ئەنقەست سزا دەدرێت بە زیندانی هەتاهەتایی یان زیندانی کاتی.



Newjin.net - 2024
ژمارەی سەردان 1,361,883     ژمارەی میوان 427

دروستکراوە لەلایەن کۆمپانیای (کۆدتێك)ەوە