دوای پانزە ساڵ هێشتا تۆمەتباری گیان لەدەستدانی 'ساوێن' دەستگیرنەکراوە

2022/11/02    862 جار بینراوە
 
* نەوژین
 
دوای تێپەڕینی پانزە ساڵ بەسەر دۆسیەی گیان لەدەستدانی، تاکو ئێستا ئەو تۆمەتبارەی بوەتە هۆی گیان لەدەستدانی 'ساوێن' دەستگیرنەکراوە، هاوسەرەکەیشی دەڵێت: بەهۆی سوربونم لەسەر کەیسە هەڕەشەم لێدەکرێت.
 
ساوێن کەمال غەمبار، پانزە ساڵ پێش ئێستا و لە رۆژی (١٨ـی کانونی دوەمی ٢٠٠٧) وەک هەمو رۆژێک بە ئۆتۆمبیلەکەی رۆیشتوە بۆ ئەو خوێندنگەیەی کە وەک مامۆستا کاری لێکردوە، بەڵام لەپڕ لەڕێگەدا ئۆتۆمۆبیلێکی جۆری 'لاندكرۆزه‌ر' دەیشکێنێتەوە سەر ئۆتۆمۆبیلەکەی و بەهۆیەوە ئۆتۆمبیلی ساوێن وەردەگەڕێت و دەستبەجێ گیان لەدەستدەدات.
 
ئەو کەسەی بە ئۆتۆمبیلەکەی خۆی بە ئۆتۆمبیلی ساوێندا کێشاوە ناوی (ژیر سەرباز هەورامی)ـیە و کوڕی بەرپرسێکی شاری هەولێرە، هەر لەدوای روداوەکەش راستەوخۆ هەڵهاتوە.
 
بە وتەی کەسێکی نزیکی راستەوخۆ دوای روداوەکە سکاڵای یاساییان لەسەر تۆمەتبارەکە تۆمار کردوە، بەڵام دواتر بە بیانوی ئەوەی پەڕاوی لێکۆڵینەوەکە لە بنکەی پۆلیس ونبوە، هیچ ئیجرائاتێک بەرامبەر تۆمەتبار نەکراوە.
 
وەک  ئاماژەشی پێدا: دوای ئەو هەمو ماوەیە تۆمەتبار نە داوای سوڵحی کردوە نە ئامادەش بوە بچێتە بەردەم دادگا، بۆیە کەیسەکە تاکو ئەمڕۆ بەم شێوەیە ماوەتەوە.
 
کەسوکاری ساوێن دەیانەوێت ئەم جارە لەڕێگەی سۆشیاڵ میدیاوە کەیسەکە بەرەو پێشەوە ببەن، پارێزەر: رێبوار خۆشناو، هاوسەری ساوێن، چوار مانگ بەر لە ئێستا دوبارە لە دادگا سکاڵای یاسایی لە تۆمەتبار تۆمارکردوەتەوە و لە پەڕەی تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبوک داوای دەستگیرکردنی تۆمەتبارەکە دەکات.
 
دادگا ئەمجارە و بەر لە چوار مانگ بریاری دەستگیرکردنی بۆ تۆمەتباری روداوەکە و لەگەڵیدا بڕیاری ئامادەبونی لەدادگا بۆ باوکی وەکو شاهێدی روداوەکە دەرکردوە، بەڵام هێشتا نەتۆمەتبار دەستگیرکراوە و نە باوکیشی هیچ جارێک لە دادگا ئامادە بوە.
 
سەرباری ئەمانە هەروەک هاوسەری ساوێن لە پۆستێکی فەیسبوکی دا دەڵێت: لەلایەن ژمارەی نەناسراو پەیوەندیم پێوەدەکرێت و هەڕەشەم لێدەکرێت، دەڵێن: گەر بێت و سکاڵاکەت نەکشێنیتەوە ئەوا  سەری خۆتی لەسەر دادەنێیت.
 
 


Newjin.net - 2024
ژمارەی سەردان 1,356,355     ژمارەی میوان 543

دروستکراوە لەلایەن کۆمپانیای (کۆدتێك)ەوە