سوتاندنی ژنەکەی کەرکوک ژنکوژییە بەدەستی زۆرینەی کۆمەڵگا

2022/11/01    700 جار بینراوە
 
ناسک مەحمود
 
سوتاندنی ئەو ژنەی کەرکوک لە لایەن خەسوەکەیەوە، ژنکوژیی نیە بەدەستی پیاو، بەڵکو ژنکوژییە بەدەستی زۆرینەی کۆمەڵگا، ئەم تاوانە بەرھەمی ئەو راگەیاندن و پەیامنێرانەیە کە کەسانی وەک 'باوەلێ' دەھێننە سەر شاشەکان و دەیانەوێت بیکەن بە رێنیشاندەری کۆمەڵگا.
 
راستە کە دەرکەوتنی قسەکەرێکی وەک ئەو ژنە ماوەیەکی زۆر نیە و ژنکوژی مێژویەکی زیاتری ھەیە، بەڵام دەستخۆشیکردن لەم عەقڵیەتە کۆنانەی بوک و خەسو، ئەم تاوانە درێژە پێدەدات.
 
ھەموان دژی عەقڵی نوێ و ژیانی نوێن، دژی شێوازی ژیانی ژنی ئێستان، لێگەڕێن مرۆڤ تەنھا بۆ خۆی و مناڵ و مێردی خۆی بژی نەک دڵی ھەموتان، ئێوە کێن تا ژنی باش و ژنی خراپ ھەڵسەنگێنن؟!
 
هەروەک ئەمە بەرھەمی ئەو پیاوە کۆمێنت نوسانەیە کە دەستخۆشی لە سوکایەتیەکانی کەسانی وەک 'باوەلێ' دەکەن بەرامبەر بوکەکانی و ژنی ئەم کۆمەڵگایە، بەرھەمی ئەو پەروەردە ھەڵەی دایک و باوکە کە دەڵێن ژن بە شەرمەوە جوانە، ئیدی کچێک پەروەردە دەکەن کە شەرم دەکات تەنانەت لەبەردەم خێزانەکەی خۆیدا باسی ئازار و ئەو زوڵمانە بکات کە توشی بوە، ئەم سوتاندنە بەرھەمی  ئەو عەقڵیەتەیە کە جیابونەوە بە عەیبە و سوکایەتی دەزانن ھەرچەند کچەکەیان لە دۆزەخدا بێت، ئەمان ئەوەیان بۆ گرنگە کە کچەکەیان شوی بۆ بوە و لە ماڵی مێردێکدایە ئیتر بۆیان گرنگ نیە ئەو مێردەی چۆن زوڵمی لێدەکات و چۆن دەیچەوسێنێتەوە.
 
سوتاندن و کوشتنی ژنەکان بەرھەمی بێدەنگ بونیایە لە ئاست ژیانێکی ژێردەستەیی و پڕ چەوساندنەوە بە خاتر کلتور و عەقڵی پوچی کەسە نزیکەکانیان، ئەی ژن گەر بەردەوام بێدەنگ بیت لە ئاست ئەو سوکایەتیانەی کە پێت دەکرێت، ئەوا رۆژێک قیژەی سوتاندنت و ھەواڵی کوشتنت یان خۆکوشتنت بە دەنگی بەرز دەگاتە گوێی ھەمومان.
 
ئەی پیاوەکانی کۆمەڵگا گەر ئەم سوتاندنانەی کچی خەڵکی رات نەچەڵەکێنێت و بەردەوامبیت لە دەستخۆشیت لە عەقڵە کۆنەکان و سوکایەتی بە ھەمو نوێگەرییەکی ژیان بکەیت، ئەوا دڵنیابە رۆژێک قیژەی سوتان یان خۆسوتاندنی کچەکەت دەگاتەوە گوێت، رۆژێک جەستەی ساردوسڕی کچەکەت لە ماڵە خەزورانەوە بەدیاری دەھێننەوە کۆشت.
 
ئەم ژنکوشتنە تەنھا بەرھەمی دەستی پیاوەکان نیە، بەڵکو بەرھەمی عەقڵیەتی راگەیاندن و خێزان و تەنانەت پەرلەمانی کوردستانیشە، چونکە ساڵانە دە بۆ بیست ژن زیاتر دەکوژرێت کە دەکاتە دو ژن لە مانگێکدا، بەڵام ماوەیەک پێش ئێستا پەرلەمانتارێکی بێئاگا دەیوت ناکرێت ژنکوژی بکرێتە ھەرا کە لێرە و لەوێ ژنێک دەکوژرێت ئاساییە مەیکەن بە بابەت، ئەو پێیوایە دەبێت ھەمو ژنەکان بکوژرێن ئینجا بکرێتە ھەرا، لە کوێی دنیا ژنێکی سکپڕ لەسەر پاکنەکردنی ماسی دەکوژرێت؟
 
ھەر بۆیە ئەم تاوانانە بە سپۆنسەری خێزانی پڕ کۆتوبەند و راگەیاندنی بێئاست و کۆمێنت نوسی بێدەربەست و پەرلەمانی بێئاگا لە کۆمەڵگا، بەردەوام دەبێت. ئەوەی کە ژنەکان دەچەوسێنێتەوە، پیاوەکان نین، بەڵکو بیرکردنەوە چەوتەکانن!
 


Newjin.net - 2024
ژمارەی سەردان 1,342,919     ژمارەی میوان 480

دروستکراوە لەلایەن کۆمپانیای (کۆدتێك)ەوە