یەکێتی و پارتی لەبارەی پرۆژە یاسای بەرەنگاربونەوەی توندوتیژی راگەیەنراو بڵاودەکەنەوە

2022/09/24    333 جار بینراوە
 
* نەوژین
 
دوای ئەو مشتومڕەی لەسەر یاسای بەرەنگاربونەوەی توندوتیژی دژی ئافرەتان و خێزان دروستبوە،  هەردو فراکسیۆنی یەکێتی و پارتی لە پارلەمانی کوردستان رایدەگەیەنن: لەگەڵ یاسایەکدا نین دژ بێت بە بنەماکانی ئاینی ئیسلام.
 
فراکسیۆنی یەکێتی لە پارلەمانی کوردستان، لە راگەیانراوەکەیدا لەبارەی هەمواری یاسای بەرەنگاربونەوەی توندوتیژی دژی ئافرەتان و خێزان، دەڵێت: ھەرگیز لەگەڵ یاسایەکدا نابین کە دژ بە بنەماکانی ئاینی پیرۆزی ئیسلام بێت.
 
فراکسیۆنی پارتیش، هەر لەو بارەیەوە و لە راگەیەنراوێکدا لەزاری وتەبێژەکەیەوە دەڵێت: ناهێڵین هیچ پڕۆژە و یاسایەک لەڕێی پارلەمانەوە تێپەڕێت کە دژی بنەماکانی ئاینی پیرۆزی ئیسلام بێت.
 
هەروەک هەردو فراکسیۆنەکە لە راگەیەنراوەکانیان دا هیچ ئاماژەیەکیان بەو خاڵانەی پرۆژە یاساژە نەکردوە کە لەگەڵیدا نین یاخود دژی بنەماکانی ئاینی ئیسلامە.
 
بڵاوکردنەوەی ئەم راگەیەندراوانە لە کاتێکدایە لەکۆی (٣١) ئەندام پارلەمان کە واژویان لەسەر پرۆژە یاساکە کردبو (٢٤) ئەندام پارلەمانی پارتی و (٥) ئەندام پارلەمانی یەکێتی بون.
 
لە رۆژانەی رابردودا پرۆژە یاسای بەرەنگاربونەوەی توندوتیژی دژی ئافرەتان و خێزان مشتومڕێکی زۆری دروست کرد، لەکاتێکدا بەشی زۆری پرۆژە یاساکە لە یاسای 'بەرەنگاربونەوەی خێزان لە توندوتیژیی لە هەرێمی کوردستان – عێراق'دا هەیە کە پارلەمان لە ساڵی ٢٠١١ دەریکرد و ئێستا بەرکارە.
 
 


Newjin.net - 2024
ژمارەی سەردان 1,360,975     ژمارەی میوان 3067

دروستکراوە لەلایەن کۆمپانیای (کۆدتێك)ەوە