ژنانی ئەفغانستان ساڵێكى ره‌شیان به‌ڕێكرد

2022/08/18    349 جار بینراوە
 
* نەوژین
 
ساڵێک بەسەر دەستپێکردنی حوکمی تاڵیبان لە وڵاتی ئەفغانستان تێدەپەرێت، لە ماوەی ئەم ساڵەدا ژنان زۆرینەی مافەکانیان لەدەستداوە و رێژەی توندوتیژی دژیان گەیشتوەتە لوتکە.
 
ئەفغانستان لە ئێستادا بە یەکێک لە سەختترین وڵاتەکانی جیهان بۆ ژنان دادەنرێت، هەروەک بەپێی روپێوییەکی پەیمانگای 'جۆرج تاون'ـی ئەمریکی کە بۆ ژمارەیەک لە وڵاتانی جیهان ئەنجامی دابو، وڵاتی ئەفغانستان وەکو خراپترین وڵات بۆ ژنان دیاریکرابو.
 
سەرەتا کە تاڵیبان هاتە سەر حوکم بەڵێنیدا کەوا رێگە بە ژنان دەدەن مافەکانیان لە چوارچێوەی یاسای شەریعەتدا بەکاربهێنن، بەڵام لە ماوەی ١٢ مانگی رابردودا پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ دژی ژنان و کچان بە شێوەیەکی ترسناک لە وڵاتەکەدا بەرزبوەتەوە و بە شێوەیەکی سیستماتیک ژنان و کچانی لە ژیانی گشتی دورخستوه‌تەوە.
 
تاڵیبان ئەو کاتەی کە هاتە سەر حوکم دڵنیایی دا کە رێز لە مافەکانی ژنان دەگرێت، بەڵام لەگەڵ دستبەکاربونیدا مافی خوێندنی ئامادەیی، کارکردن و بەشداری کردن لە سیاسەت، لە ژنانى وڵاتەکە قەدەغەکرد، هەرچەندە ئەوکات وتی: "ئەم قەدەغەکردنانە بە شێوەی کاتی دەبن"، بەڵام تاکو ئێستا بریارەکان هەروەک سەرەتا ماونەتەوە، لەگەڵیدا وەزارەتی کاروباری ژنانیشی هەڵوەشاندوەتەوە و چەند بریارێکی دیکەشی دژ بە ژنانی وڵاتەکە دەرکردوە وەکو: نابێت ژنان بە هیچ شێوەیەک لەدەرەوە دەموچاویان دیاربێت و بەبێ سەرپەرشتیاری پیاو قەدەغەیە  گەشتی دور مەودا بکەن.
 
بابەتێکی دیکە نایەکسانی پەروەردەیی، توندوتیژی سێکسی و خراپی تەندروستیە کە لەنێو ژنان و مناڵانی وڵاتەکەدا لە حاڵەتەوە بوە بە دیاردەیەکی ئاشکرا، ژنانی چالاکوانی وڵاتەکەش کاتێک داوای مافە سەرەتاییەکانی ژنانی نێو وڵاتەکە دەکەن، دەکوژرێن.
 
هیچ ئامارێکی فەرمی لەبارەی رێژەی توندوتیژیەکان کە بەرامبەر ژنان دەکرێت لە وڵاتەکەدا نیە، چونکە سکاڵا تۆمارکردن قەدەغەیە، بەڵام لە راپۆرتێکی وەزارەتی بەرگری ئەمریکادا هاتوە: حاڵەتەکانی (کوشتن، لێدان، هەراسانکردن، لەشفرۆشی زۆرەملێ، بێبەشکردنی نەفەقە و هاوسەرگیری زۆرەملێ و پێشوەختە) لە وڵاتەکەدا زۆر زیادبوە و لە زۆرینەی رەهای ئەم کەیسانەشدا هیچ رێوشوێنێک لە دژی تاوانباران نەگیراوەتەبەر.
 

 

 



Newjin.net - 2024
ژمارەی سەردان 1,341,735     ژمارەی میوان 5064

دروستکراوە لەلایەن کۆمپانیای (کۆدتێك)ەوە