پرسی 'توندوتیژییە ئەلیکترۆنیەکان' بۆ یاسای بەرەنگاربونەوەی تەندوتیژی زیاد دەکرێت

2022/06/19    581 جار بینراوە
 
* نەوژین
 
یاسای ژمارە ٨ـی ساڵی ٢٠١١ـی تایبەت بە بەرەنگاربونەوەی خێزان لە توندوتیژی لە هەرێمی کوردستان هەمواردەکرێتەوە، یەکێک لەوبڕگانەی یاساکەش بڕیارە گرنگی زیاتری پێبدرێت (تاوانی ئەلیکترۆنی)ـیە. 
 
یاسای ژمارە ٨ـی ساڵی ٢٠١١ تایبەتە بە بەرەنگاربونەوەی توندوتیژی خێزانی، هەندێک لەو کردارانەی لە یاساکەدا وەکو نمونەی توندتیژی دژ بە ژنان دادەنرێن، بریتین لە: زۆرلێکردن لە هاوسەرگیری (ژن بە ژن، بەشودانی بچوک)، تەڵاقدانی بەزۆر، ناچارکردنی ژن بۆ کاری بەدرەوشتی، خەتەنەکردنی مێینە، خۆکوشتن لە ئەنجامی توندوتیژی یاخود لەبارچونی مناڵ بەهۆی توندوتیژی.
 
هەر یەک لەم تاوانانە سزاکەی بریتیە لە: بەندکردن کە لە شەش مانگ کەمتر نەبێت و لە سێ ساڵ زیاتر نەبێت.
 
ئەوەی جێگەی سەرنجە لە یاساکەدا کەمتر گرنگی بە توندوتیژی تەکنەلۆژیا (توندوتیژی لە رێگەی تۆڕەکۆمەڵایەتیەکان) دراوە، لەکاتێکدا لە ئێستادا توندوتیژی لەم رێگەیەشەوە ئەنجام دەدرێت.
 
لەم بارەیەوە شادی نەوزاد، ئەندام لە لیژنەی داکۆکی کردن لە مافی ژنان لە پارلەمانی کوردستان، بە نەوژینی راگەیاند: چونکە یاساکە هی پێش یازدە ساڵە، ئەوکات ئەمجۆرە توندوتیژییە کەم بوە، بۆیە زۆر گرنگی بە توندوتیژی ئەلیکترۆنی و تەکنەلۆژیا نەدراوە، بەڵام دەمانەوێت لە هەموارکردنەوەکەدا گرنگی زیاتری پێبدەین، چونکە ئیستادا ئەمجۆرە توندوتیژیە زۆرتر بوە.
 
بڕگەیەکی دیکەی یاساکە کە بڕیارە هەموار بکرێتەوە، بابەتی توندوتیژی دژی ژنانە کە لە ئێستادا بە پێی یاساکە تەنها توندوتیژی دژی ژنان لە چوارچێوەی خێزاندا سزای لەسەرە.
 
"دەمانەوێت لە هەمواری نوێی یاساکەدا نەک تەنها لە چوارچێوەی خێزاندا، بەڵکو لە هەرکوێیەکی کۆمەڵگا توندوتیژی دژ بە ژنان ئەنجامدرا سزای هەبێت". شادی نەوزاد، وای وت.
 
هاوکات سەرەڕای توندوتیژییە خێزانیەکان، کوشتنی ژن بەبیانوی شەرەف تاوانە، بەپێی بڕگە و ماددەکانی یاسای سزادانی عێراقی سزادەدرێت بە زیندانی هەتاهەتای تا دەگاتە لەسێدارەدان.
 
 


Newjin.net - 2024
ژمارەی سەردان 1,361,068     ژمارەی میوان 3033

دروستکراوە لەلایەن کۆمپانیای (کۆدتێك)ەوە