کەسوکاری نەقیب محەمەد لەتیف و چوار برینداری تر: سوڵحی عەشایەری رەد دەکەینەوە

2022/03/26    483 جار بینراوە
 
* نەوژین
 
کەسوکاری ئەو نەقیب و  پۆلیسانەی لەکاتی بەھاناوەچونی ژنێک کە توندوتیژی بەرامبەر کرا لە سلێمانی بونە قوربانی، جەخت دەکەنەوە لە داواکەیان بۆ دەستگیرکردنی تۆمەتباران و دەشڵێن: ئامادەی سوڵحی عەشایەری نین.
 
لە راگەیەنراوێکی ھاوبەشی خوشکێکی نەقیب محەمەد لەتیف، کە لە شەوی ٤ـی ١٢ـی ٢٠٢١، لەکاتی بە ھاناوەچونی ژنێک کە توندوتیژی بەرامبەر کرابو لە سلێمانی گیانی سپارد لەگەڵ چوار لەو پۆلیسانەی لە روداوەکەدا بریندار بون، چەند خاڵێکیان خستوەتەڕو، تیایدا باس لەوەدەکەن دوای ١١٠ رۆژ ئەگەرچی تاوانبارانی ئەو هێرشە لەلایەن ئاسایشی گشتی پارێزگای سلێمانی و پۆلیسی ئینتەرپۆڵەوە داواکراون، بەڵام هەتا ئێستا دەستگیر نەکراون و رونیش نییە کە ئایا هەر بەراستی توانیویانە دەربازی دەرەوەی هەرێمی کوردستان ببن یان هێشتا لەناوخۆی هەرێمدا ماونەتەوە.
 
ئەو قوربانیانە و کەسوکاریان دەنگۆی پەنابردن بۆ سوڵحی عەشایەری رەد دەکەنەوە و لەوبارەوە دەڵێن: "ئەوەی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان باس دەکرێ لە پەنابردن بۆ سوڵحی عەشایەری بەمەبەستی چارەسەرکردنی کەیسەکە بەهەموو شێوەیەک دوورە لە راستییەوە". 
 
دەشڵێن: "ئەم خوێنە رژاوە، ئەم بارە دەروونییە ناجێگیرەی کە ئێستا دەیگوزەرێنین لەگەڵ ئازاری ئەو فیشەکانەی بەجەستەمانەوەیە بەهیچ شێوەیەک قابیلی هیچ سوڵحێک نییە. ئێمە جەختدەکەینەوە و پێداگرین لەسەر ئەوەی کە دەبێت تاوانبارەکان دەستگیر بکرێن و یاسا کاری خۆی بکات. ئێمە کە بۆ جێبەجێکردنی یاسا چووبووین، هەرگیز ناچینە سەر فەرشی هیچ سوڵحێکی عەشایەری".
 
لە خاڵێکی تردا سەرسوڕمانی خۆیان لە دەستگیرنەکردنی تۆمەتباران پیشان دەدەن و لەکاتێکدا بەڵێنی زۆریان پێدراوە و خودی جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێم، قوباد تاڵەبانی، ھاتوەتە سەر خەت، دەشڵێن: ئەوان لەکاتی ئەرکی فەرمی دا قوربانیان داوە و پێویستە گەورەتر لە کەیسەکەیان بڕوانرێت.
 
لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە ناوی چەندین بەرپرس و پلەدار دەھێنرێت و بە بەرپرس لە داڵدەدان و دەربازکردنی ھێرشبەرەکان کە باوک و کوڕێکن، تۆمەتبار دەکرێن، لەو بارەوە راگەیەنراوەکە داوادەکات لێکۆڵینەوە لەوبارەوە بکرێت و  ئەگەر دەرکەوت دەنگۆی راکردنیان بۆ دەرەوەی هەرێم راستە، ئەوا رونبکرێتەوە چۆن توانیویانە دەربازی دەرەوەی هەرێم بن؟
 

وێنەی ھەردو تۆمەتباری روداوەکە 

 
لەو ھێرشەدا، باوک و کوڕێک بەناوەکانی: پشتیوان عەلی مستەفا و یوسف پشتیوان عەلی، تۆمەتبارن بە تەقەکردن لە مەفرەزەیەکی بەرەنگاربونەوەی توندوتیژی سلێمانی، کە بوە ھۆی گیان لەدەستدانی نەقیب محەمەد لەتیف برینداربونی چوار پۆلیسی دیکە بە ناوەکانی: ئارام قادر، ئاکام هیدایەت، رێباز عومەر و سیروان حەسەن، کە بەوتەی خۆیان برینی دوانیان سەختە و یەکێکیان نیوەی جەستەی لەکار کەوتوە.
 
لە خاڵێکی تردا داوا دەکەن بەڵێنی چارەسەرکردن و رەوانەکردنی بریندارەکان بۆ دەرەوە بەمەبەستی چارەسەرکردن جێبەجێ بکرێت و دەڵێن: "ئەوەی ئێمە دەچێژین لە ئازاری جەستەیی و دەروونیی، پێویستی بە ئاوڕلێدانەوەی خێرا هەیە".
 
 


Newjin.net - 2024
ژمارەی سەردان 1,306,697     ژمارەی میوان 54

دروستکراوە لەلایەن کۆمپانیای (کۆدتێك)ەوە