ئەگەر ماریا کچم بوایە!

2022/03/12    938 جار بینراوە
 
کاوە شێخ عەبدوڵڵا
 
کوشتنی ماریا، چەند رۆژێکە تۆپەڵێک خەمە و لەسەر دڵم وا کۆبوەتەوە، دەنگ و شێوەی ئەو کچە نە لەگوێم نە لەبەرچاوم لاناچێ. نازانم بۆچی ئەوەندە کاری تێکردوم بۆیە لەگەڵ هەر هاوڕێیەکم لە نزیکەوە دانیشم، ناتوانم باسی نەکەم.
 
زۆر کەس هاوڕامن کە کوشتنەکەی زۆر ئەستەمە، بەڵام زۆریشن ئەوانەی نایانەوێ ڕاستەوخۆ تەیدی کوشتنەکەی بکەن، دێن ئەم پرسیارە دەکەن: باشە ماریا کچی تۆ یان خوشکی تۆبوایە چیت لێدەکرد.. کاکە شەرەف گرانە!
 
بەڕاستی نازانم ئەگەر ماریا  کچ یان خوشکم بوایە هەڵوێستم چی دەبو، بەڵام دڵنیام کە هەرگیز نەمدەهێشت نێوانی کچ و باوکێتیمان یان برا و خوشکێتیمان بگاتە ئەو رادەیەی ئەو لە ماڵێکی تر یان لە جادەیەکی تردابێ و منیش لە ماڵ و رێگایەکی تر.
 
هەندێك ژن و مێرد هەن شایانی ئەوە نین مناڵیان ببێ، هەندێك دایکوباوک هەن بۆ ئەوە ناشێن نیعمەتی کچێک یان کوڕێکیان پێببەخشرێ. بۆیە کاتێ کوڕ یان کچێکیان دەبێ، لە ترسی گەورەبونی مناڵەکانیان ژیانی خێزانەکەیان پڕ دەکەن له‌ قەلەقیی و دودڵیی بەتایبەت بۆ کچ. زۆرجاریش دەبن بە دڕندە و باوکێتییان لە بیر دەچێتەوە و نازانن چۆن کچەکانیان لە کۆڵ خۆیان بکەنەوە، بۆیە زو دەیاندەن بەشو.
 
ئێستا تەمەنی کچەکەم هەژدە ساڵانە، تەمەنێکە رێک ئەوەندەی پەڕەی کلێنس ناسک، بۆیە پێموایە ئێستا وەزیفەی راستەقینەی باوکێتی من دەستپێدەکات. وەزیفەی گەورەکردن و پێگەیاندنی کچێک کە لە داهاتودا بتوانێت ببێتە ژنی پیاوێک و دایکی چەند مناڵێک.
 
ڕۆژانە کە دەچمەوە ماڵەوە، دەبێ بۆنی قژەلولەکەی کچەکەم بکەم، جنێوی پڕ لە نازی بدەمێ.. هەواڵی وردە کەرەکانی ناو مێشکی بپرسم و کەی بەڵێنەکەی دەباتەسەر کە عاقڵ ببێ.
 
حەفتانە هەواڵی هاوڕێکانی لێدەپرسم، کێی تازەی ناسیوە و چی نوێ رویداوە. لەگەڵ ئەمانەیشدا لێی توڕە دەبم و قسەی ناخۆشیش دەکەم لەڕویدا، بەڵام هەرگیز واناکەم ئێشەکەی بچێتە قوڵایی دڵی و هەست بە شکان بکات.
 
سەرباری ئەو دڵنەوایی و ئاگالێبونانەی کچەکەم، بەڵام هەر چاوەڕێ دەکەم هەڵە بکات، چاوەڕێ دەکەم بڕیاری خێرا بدات کە لە ئاستی خواستی مندا نەبێ وەکو باوکی. بۆ ئەمەیش هەر لۆمەی خۆم دەکەم کە خەتا بۆ پەروەردەکەی خۆم بگەڕێتەوە یان من  نەزانم باوکێک بم کچەکەم چی گرنگە بۆی و بیرکردنەوەی کۆنی خۆم بسەپێنم بەسەریدا.
 
ئەوانەی کە راستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ تەیدی کوشتنی ماریا دەکەن، یەکسەر ئەو بەشەی ماریا هەڵدەبژێن کە کچێکی یاخی بوە و تاڕادەیەک بەرەڵڵا بوە کە نەچووەتە ژێر رکێفی باوک و براکانییەوە.
 
بەس ئەوانە ناپرسن، ئایا رێی تێدەچێ کچێک بە ژور و کەلاوەی هاوڕێکانی رازی بوبێ، ئەی چۆنە بە ماڵی خۆیان رازی نەبوە؟
 
کچێک ئامادەیە تەکلیف لە هاوڕێکانی بکات یارمەتی بدەن و چەند شەوێك جێی بکەنەوە، بەڵام هاوکاری و یاریدەی خێزانەکەی خۆی رەفز بکاتەوە؟
 
ئەگەر باوکێکی میهرەبانی هەبوبێ، ئەگەر باوکێک زۆر بەباشی ئاگای لە بزێوی و وریایی کچەکەی، یان ئارامیی و لەسەرخۆییەکەی بوبێ، هەرگیز رێی تێدەچێ  کچە لە باوکێکی میهرەبان رابکات و قوشقی بێ؟
 
من تا نەکوژرا، ماریام نەدەناسی، بەڵام ئێستا دو کچی هاوشێوەی ماریا هاوڕێمن و لەنزیکەوە باسی خۆیان بۆ کردوم. ئەوجۆرە کچانە نە شێتن نە بەرەڵڵا وەکو وەسف دەکرێن، بەڵام لە تەمەنێکی ناسکدا لەلایەن باوکیانەوە کەسایەتییان شکێنراوە و پێیانوایە لە ماڵەوە قیمەتی تاکێ نەعلیان نەماوە، بۆیە دڵیان بە ماڵی خۆیان ناکرێتەوە. 
 
ئەو جۆرە کچانە زۆر جوان دەنوسن، بەڕادەیەک جوان دەنوسن دەڵێی تەمەنیان حەفتا ساڵ دەبێ، زۆر بەخشندەن. هەرچی پێیان بکرێ لە هاوکاری هاوڕێ کچ و کوڕەکانیان درێغی ناکەن. بەدەگمەن خراپەیان لێده‌وەشێتەوە، بەڵام شتی هەرە خراپیان ئەوەیە بۆ خۆیان باش نین!
 
زۆرترین قسە و دەربڕینیان ئەوەیە کە تۆڵە دەکەنەوە، ئەوان سەرەتا لە برا و باوکیان هەڵاتون، کەچی دواتر بەر چەندین پیاو و ژنی تر دەکەون کە خراپەیان لەگەڵ دەکەن و توێژاڵێکی ئەستور رق و کینەیان لا دروست دەبێ و متمانەیان زۆر کەم دەبێتەوە بە خەڵکی تر.
 
کورتە نوسینەکانی ماریا لە فەیسبوکەکەی، هەمو ئەو تایبەتمەندییانەی تێدایە لە کچێکی دڵشکاودا هەن. پوخت و جوان و پڕمانا. زۆر کەم بوغز و کینەیان تێدایە.
 
تاقە گۆرانییەکەی کە دوای کوژرانی بڵاوکرایەوە، بارتەقای رۆمان و فیلێمک، هەست و سۆز و خەونی شەخسی خۆی تێدابو. بۆیە ئەو دەنگەی ماریا تامردن دەزرنگێتەوە چونکە شانسی هەبو توانی بەر لە چونە ژێر خاک بیڵێ: هەمو ئەوانەی توشم بون لەو دو کۆپلە گۆرانییە دایە و بۆخۆتان گوێی لێبگرن.
 
دەنگ و مەرگی ماریا وانەیەکە بۆ من کە دەبێ باوکێک بم، هەرگیز رێگە نەدەم ژیان و مەرگی کچەکەم ببێتە خەم بۆ سەر دڵی زۆربەی میللەتەکەم و ببێتە لەکەیەک بەناوچاوانمانەوە کە لەناو یەک دنیا شەرەفی لە دەستچودا، تەنیا پاسەوانی شەرەفی کچ و ژن و خوشکەکانمان بین، بەبێ ئەوەی ژیانێکی شەرەفمەندانە بە کچ و خوشک و ژنەکانمان رەوا ببینین.
 
 
 


Newjin.net - 2024
ژمارەی سەردان 1,305,483     ژمارەی میوان 344

دروستکراوە لەلایەن کۆمپانیای (کۆدتێك)ەوە