له‌باره‌ى 8ـى مارسه‌وه‌

2022/03/08    928 جار بینراوە
 
* نه‌وژین
 
8ـی مارس وەکو رۆژی ژنان دیاری کراوە تاکو لەم رۆژەدا هانی ژنان بدرێت بوێرانە هەوڵبدەن و شانبەشانی پیاوان کاربکەن بەبێ بیرکردنەوە لە جیاوازی رەگەزی و وەستانەوە دژی زوڵم و توندوتیژی دژ بە ژنان.
 
مێژوی دیاریکردنی ئەم رۆژە وەکو رۆژی ژنان دەگەڕێتەوە بۆ پێشنیاری ژنێک بەناوی (كلارا زنكتین) کە لە مانگی 8ـی ساڵی 1907 لە كۆبونەوەی گروپی ژنانی سۆشیالیستی سەر بە ئینتەرناسیۆنالی دوەم ئەڵمان پێشنیاری ئەوەی كرد كە رۆژێك بۆ نیشاندانی هاوپشتی مافی ژنان دیاریبكرێت، بەو بۆنەشەوە لە وڵاتانی جیهاندا خۆپیشاندان سازبكرێت.
 
دوای دوساڵ ئەم پێشنیارەی کلارا، لەلایەن ژنانی سۆشیالیستی ئەمریكاوە قبوڵدەکرێت و رۆژێک تایبەت دەکرێت بە ژنان، بەڵام بەبێ دیاریکردنی رێكه‌وتێكى تایبەت.
 
دواتر لە دوای چەندین ساڵ و هەوڵەکانی رێکخراوەکانی تایبەت بە رۆشنبیری ژنان لە ساڵی 1977 رێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان لە پەسەندكراوێكدا رۆژی 8ـی مارس وەك رۆژی مافی ژنان و ئاشتی نێونەتەوەیی دیاریکرد.
 
لە ئێستادا زۆرینەی وڵاتانی جیهان لەم رۆژەدا چالاکی گەورە سازدەکەن و هۆشیاری بڵاودەکەنەوە تاکو دژایەتی و توندوتیژی دژی ژنان رابگیردرێت، تەنانەت لە چەندین وڵات ئەم رۆژە دەکرێتە پشوی فەرمی وەکو وڵاتانی: (ئازەرباینجان،کەمبۆدیا،چین،جۆرجیا ، تورکمانستان و روسیا).
 
سەرەرای هەمو ئەمانە هێشتا توندوتیژی و کوشتنی ژنان لە جیهاندا بەردەوامی هەیە، لە کوردستاندا بەپێی ئامارەکان تەنها لە ساڵی ٢٠٢١دا ٢٦ ژن لەلایەن کەسوکار و كه‌سانى دەوروبەریانەوە کوژراون و ٦٢ ژن خۆیان کوشتوە و ٧٨یش خۆیان سوتاندوە.
 
 
 


Newjin.net - 2024
ژمارەی سەردان 1,356,570     ژمارەی میوان 211

دروستکراوە لەلایەن کۆمپانیای (کۆدتێك)ەوە