سۆران شارێک (2) ساڵ خاڵی لە کوشتنی ژن بە ناوی شەرەف

2021/12/21    643 جار بینراوە
 
 
* نەوژین
 
 
ماوەی دو ساڵە هیچ حاڵەتێکی کوشتنی ژن بە بیانوی شەرەف لە قەزای سۆران تۆمارنەکراوە، وتەبێژی بەرەنگاربونەوەی توندوتیژی قەزاکەش دەڵێت: "لەگەڵ ئەوەشدا خۆسوتاندنی ژنان لە ئاستێکی بەرزدایە".
 
 
 بە پێی ئامارەکانی ماڵپەڕی بەڕێوبەرایەتی گشتی بەرەنگاربونەوەی توندوتیژی دژ بە خێزان و ئافرەتان، ماوەی ٢ ساڵە هیچ ژنێک لە قەزاکە لە ژێر ناوی شەرف نەکوژراوە هەروەک لەماوەی دە مانگی ئەمساڵدا (١) حاڵەتی خۆ کوشتن، (٧) حاڵەتی خۆسوتان، (٧ ) دەستدرێژی سێکسی لەگەڵ (٢٧٢) سکاڵا تۆمارکراوە.
 
 
موقەدەم شێروان خالد، وتەبێژی بەڕێوبەرایەتی بەرەنگار بونەوەی توندوتیژی قەزای سۆران بۆ نەوژین، وتی: "زیاتر کچان ڕوبەڕوی حاڵەتی توندو تیژی ئەبنەوە لە ڕێگەی سۆشیال میدیاوە هەڕەشەی کوشتن یاخود بڵاو کردنەوەی وێنەیان لێ دەکرێت".
 
 
هەروەک ئاماژەی بەوەکرد دۆخی ژنان و توندوتیژییەکان بە بەراورد بە شارەکانی تر لە ئاستێکی باشدایە، ئەو دەڵێت: " رێژەی سوتان و خۆسوتانی ژنان رو لە بەرزبونەوەیە، لەگەڵ ئەوەشدا لەچاو ساڵانی رابردو بەهۆی هۆشیاری تاک و خێزانەوە زۆربەی ئەو هاوسەرانەی لەماڵەوە روبەڕوی توندوتیژی ئەبنەوە پەیوەندی بە هێڵی گەرم و پەیجی فەرمیەوە دەکەن یاخود سەردانی  بەڕێوبەرایەتیمان دەکەن بۆچارەسەی کێشە کانیان".
 
 
 


Newjin.net - 2024
ژمارەی سەردان 1,342,652     ژمارەی میوان 251

دروستکراوە لەلایەن کۆمپانیای (کۆدتێك)ەوە