رێکخراوەکانی ژنان دەبێت چیبکەن؟

2021/11/21    881 جار بینراوە
 
* نەوژین - پارێزەر منیجە حسین
 
ژنان لە کومەڵگای شەرقی و بەتایبەتی لەکۆمەڵگای کوردی ئەرکیان قورستر بوە بەهۆی ئەوەی ئیستا ژنان شان بەشانی پیاوان کار ئەکەن لەبەر ئەوەی ئیستا ژیانکردن وەک پێشو نیە پێویسییەکانی خێزان زیاتر بوە، لەنێو ئەم هەمو ئەرک و کارانە ژنان زۆربەی هەرە زۆریان نازانن مافەکانیان چیە؟ چ لە روی یاساییەوە چ لەروی کۆمەڵایەتییەکەوە وەهەروەها لەمانای ئازادیش بەشێوەیەکی دروست لێی تێ نەگەیشتون ئەمەوێ بڵێم ئازادیش هەر وەک هەر بابەتێکی تر سنوری خۆی هەیە واتا ئازادی رەها نییە.
 
بەڵام بەداخەوە زۆربەی ژنانی کۆمەڵگای ئێمە رۆشنبیریان نییە لەم بابەتە لەنیو بازنەیەکی داخراو ماونەتەوە ویستی هاتنەدەرەوەیان نییە جا هۆکارەکان خۆیانن یان دەوربەرو کۆمەڵگایە ژن یەکەم مامۆستایە لە قوتابخانەی خێزانەوە مناڵەکان یەکەم وانەی لێ فێرئەبن هەر لەبەر ئەمەیە رۆشنبیرکردنی ژنان ئەرکی لەپێشینەی رێکخراوەکانە ئەگەر بەڕاستی ئەیانەوێت کار بۆ ژنان بکەن و ژنانێکی لێهاتو سەرکردەیی دروست بکەن بۆ ئەوەی تاکی سەرکردە لەیەکەم قوتابخانەو بە پەروەردەیەکی دروستەوە بێتە بەرهەم. 
 
رێکخراوەکانی ژنان وەک پێویست کاریان بۆ دۆزی ژنان نەکردوە یان دروستر بڵێم ئەوەنەی کاریان بۆ پۆست و پلە کردوە ئەوەندە کاریان بۆ ئەرکە سەرەکێکەی خۆیان نەکردوە ئەمە لە لایەک، لە لایەکی ترەوە رێکخراو ئەبێت سەربەخۆ کارەکانی ئەنجام بدات، بەڵام ئەمانیش بەشێکی هەر زۆریان لە ژێر دەسەڵاتی حزبی کار ئەکەن ئەوەنەی کار بۆ حزب ئەکەن ئەوەنە کار بۆ دۆزی ژنان ناکەن بەداخەوە ئەمە بوە بە خاڵێکی نەرێنی و زەق بە روی رێکخراوەکانی ژنانەوە  وەهەر ئەمە وای کردوە متمانەکردن بە رێکخراوەکان رۆژ بە ڕۆژ کەمتر بێ و نەک هەر ئەمە بەڵکو وێنەیەکی ناشرین پیشانی کۆمەڵگا ئەدەن  کە تەنانەت متمانە بەو رێکخراوانەش نەکرێ کە کاری جدی ئەکەن.
 
ئەمە لەخۆیدا مەترسییەکی ترە بۆ سەر ناوبانگی رێکخراوەکانی ژنان لە لایەکی ترەوە هەندێ رێکخراو هەیە ئەوەندە کار بۆ زەق کردنەوەی وشەی پیاو سالاری ئەکەن ئەوەندە هەوڵی ئەویان نەداوە ئاشتەوایی نیوان ئەم دوانە ئەنجام بدەن بە بۆچونی من ئەرکی رێکخراوە نابێ تەنها لە رۆشنبیرکردن و شارەزای ژنان بو ماف و ئەرک و ئازادیان بەرجەستە بکری بەڵکو ئەم بابەتە پیاوانیش بکرێتەوە.
 
بەنمونە رێکخراوەکان تا چەند توانیویانە فشار بخەنە سەر دەسەڵات و حکومەت کە کار بۆ هاوکاری ئەو ژنانە بکەن کە جیا ئەبنەوە و وەک دەستەبەرکردنی کار و جێگا تا بتوانن بەردەوام بن لەژیانکردن ئەمە کێشەیەکی سەرکی ژنانە کە وایکردوە ژێردەستە و سوکایەتی قبوڵ بکەن لە لایان ئەو هاوسەرانەوە، لەلایەکی ترەوە قبوڵ نەکردنی مناڵەکان لە لایەن کەس و کارەوە ئەمەش هۆکارێکی ترە کە لەم ماوەیە زۆر کەیس و روداوی دڵتەزین هەبو ئەنجامەکەی ژن و هەندێ جار مناڵەکانیش بونە قوربانی.
 
ئەمەوێت بە ژنان بڵێم ئەرکی تۆ ئەوەیە جارێ ئەرکەکانی خۆت وەک خاتونێک وەک هاوسەرێک و وەک دایکێک چییە و بیزانی پاشان مافەکانت چییە وە لەهەموی گرنگتر ناسینی ئازادی بە شێوە دروستەکەی تا بتوانی ببی بەو سەرکردە.
 


Newjin.net - 2024
ژمارەی سەردان 1,337,404     ژمارەی میوان 934

دروستکراوە لەلایەن کۆمپانیای (کۆدتێك)ەوە