بەڵێنامەی شەڵتەرەکان ژنانی لە کوشتن نەپاراستوە

2021/10/05    1014 جار بینراوە
 
* نەوژین - پەرژین کامەران
 
ئەو ژنانەی رولە خانەکانی داڵدەدان دەکەن، دوای ئەوەی خێزانەکەی دەڵێن ئێمە ژیانی دەپارێزین، لەسەرداوای خۆیان دەگەڕێنەوە لای کەس و کاریان بەرامبەر بە بەڵێننامەیەک، لەکاتێکدا ئەم بەڵێننامە ژیانی هەندێک لە ژنانی هەڕەشە لێکراوی لە مردن رزگار نەکردوە، بەرپرسانی پەیوەندیدار ئەمە بە کەموکورتی گەورە دەزانن و دەڵێن دەبێت ئەو بەڵێنامەیە ئەوندە بەهێزبکرێت کەس زاتی ئەوەنەکات خوێن لە پەنجەی ژنێک بهێنێت کە بەڵێنامەیان لەسەر پاراستنی پڕکردبێتەوە.
 
ئەو کەسانەی کە بەڵێنامە دەشکێنن لە روی یاسایەوە تاوانەکەی بە دو تاوان بۆهەژماردەکرێت. هێمن حاجی علی، لێپرسراوی نوسینگەی بەرەنگار بونەوەی توند و تیژی دژی ئافرەتان و خێزان لە چەمچەماڵ، بۆ 'نەوژین' وتی: "دوای بەڵێننامە ئەگەر ژنێک بکوژرێت لەلایەن کەس و کاریەوە ئەوە دو تاوان لەم بەینەدا رویداوە تەشکیل دەبێت، لەڕوی یاساییەوە پێی دەوترێت تەشکیل بونی تاوان، یەکەمیان تاوانی کوشتنە کە مادەی (٤٠٦)ە کە حوکمەکەی لە سێدارە دانە دوەمیان پێشێل کردنی بەڵێننامەیە کە ئەمەیان بڕیارێکی لاوازی هەیە ئێمە پێمان وایە پێویستی بە گۆڕانکارییە".
 
سەرۆکی رێکخراوی هاریکاری یاسایی ژنان، شۆخان ئەحمەد، باس لەوە دەکات:"لە دوای بەڵێننامە ئەو کەسەی دەکوژرێت ئەگەر سکاڵا کار هەبێت سکاڵا بکات، ئەبێت ئەو کەسانەی بەڵێننامە کەیان وەر گرتوە بانگ بکرێن لێپرسینەوەیان لەگەڵ بکرێت، بەڵام لەبەر ئەوەی کەزۆر جار کەس سکاڵا تۆمار ناکات بۆیە هیچ شتێکیان بەرامبەر ناکرێت، بەڵام داواکاری گشتی کار لەسەر دۆسیەکە دەکات".
 
 
شۆخان ئەحمەد، سەرۆکی رێکخراوی هاریکاری یاسایی ژنان
 
"دەبێت بەڵێنامەکان ئەوندە زامن بکرێت کەس زاتی کوشتنی دوای بەڵێنامەی نەبێت"
 
"ئێمە زۆر جار داوامان کردوە بەڵێننامەکان ئەوەنە زامن بکرێن کە کەس زاتی ئەوە نەکات دەست بۆ کوشتن بەرێت، هەندێکجار کەس هەبوە ٥بۆ٦ کەس بوە بە کەفیلی کەچی کوژراوە". ئەمە قسەی عەقید عەبدوڵڵا عومەر حمد، بەڕێوبەری جوڵان و تاوان لە بەڕێوبەرایەتی گشتی بەرەنگار بونەوەی توندو تیژی دژ بە ئافرەتان و خێزان.
 
وتیشی: بەڵێننامەکان بۆ ئەوەی کۆنکرێتی بێت، دەبێ ئەوانەی کە لە پەرلەمان و ئەنجومەنی دادوەرین، بیر لە رێگایەک بکەنەوە کەس نەتوانێت دەست بۆ کوشتن بەرێت".
 
لیژنەی ژنان لە پەرلەمان ئەمە دەکاتە ئەرکی دادگاو دەشڵێن ئێمە بەردەوامین لە بەدواداچون بۆ ئەم پرسە.
 
سەلمە فاتیح، ئەندامی لیژنەی ژنان لە پەرلەمانی کوردستان وتی: باشتر وایە دادگاکان زۆر دڵنیاتربن لەسەر پارێزراوی ژیانی ئەو ژنانە ئینجا بەڵێننامەکان وەربگرن. ئەوئەندامەی پەرلەمان زیاتر بۆ 'نەوژین' وتی:  وەکو لیژنەی ژنان لەسەر ئەم کارانە بەدوادا چونمان کردوە و بەردەوامیش ئەبین لەسەری.
 
 
سەلمە فاتیح، ئەندامی لیژنەی ژنان لە پەرلەمانی کوردستان
 
چاو دێری نەکردنی کەیسی ئەو ژنانەی دوای بەڵێننامە دەگەڕێنەوە ناو خێزانە کانیان بە یەکێکی تر لەو هەڵانە دادەنرێت کە لەیاسای بەڵننامەدا هەیە.
 
هێمن حاجی علی، ئاماژەی بەم خاڵەکرد وتی: لەبڕیارەکاندا هیچ بڕیارێک نانوسرێت کەوا چاودێری بکرێت، وە ئەگەر شتێکیش‌ بکرێت تەنها لێپرسیراوی نوسینگەکەیە لەڕێگەی هۆبەی بەدوادا چون ئەتوانێ بەدوادا چونی بۆ بکات، ئەمەش چەند جارێک دەکرێت و چارەسەرنییە.
 
وتیشی: پێویستە یاساکە هەمواربکرێتەوە بکرێت بە ئەرک بەسەر نوسینگە کانەوە، بۆ ئەوەی بۆ ماوەی چەند مانگ جارێک تا ساڵێک بۆ دوساڵیش چاودێری ئەو کەسانە بکرێت، زۆر بەدەگمەن بەڕێوبەرایەتیەکان چاودێری کەیسەکان دەکەن کە دەگەڕێنەوە.
 
هێمن حاجی علی، لێپرسراوی نوسینگەی بەرەنگار بونەوەی توند و تیژی دژی ئافرەتان و خێزان
 
ئەمە لە کاتێکدایە لە ساڵی رابردو بەشێکی ئەو تاوانانەی کوشتنی ژنان کە رویانداوە بە پێی بە دواداچونەکان بەڵێنامە لەلایەن کەس و کاریان پڕکراوەتە.
 

 



Newjin.net - 2024
ژمارەی سەردان 1,306,532     ژمارەی میوان 999

دروستکراوە لەلایەن کۆمپانیای (کۆدتێك)ەوە