فریای كچانی ئێزیدی بكەون لەناو كەمپەكاندا

2021/01/24    724 جار بینراوە
 
عەمار عه‌زیز – دهۆك
 
هەر كە كارەبا بڕا، تاریكی باڵی بەسەر خێمەكەدا كێشا، ئەحلام خێرۆ كە تەمەنی تەنیا (15ساڵ) بوو، چووە حەمامی ماڵەكەیان و دەرگای لەخۆی داخست، ئیتر ئەو بەهیچ شێوەیەك بەپێی خۆی نەگەڕایەوە و چووە پاڵ ئەو چیرۆكە تراژیدیانەی كە شەش ساڵە لەناو خێوەتی ئاوارەكاندا دوبارە و دوبارە دەبنەوە.
 
ئه‌حلام خێرۆ لە 4ی كانونی دووەمی ئەمساڵ، لەناو حەمامێكی بچوكی ماڵەكەیاندا لە كۆمەڵگەی شاریا لە دهۆك كە تایبەتە بە ئاوارە ئێزیدییەكان بە هەڵواسراوی تەرمەكەی دەرهێنرایە دەرەوە، ئەوەش بووە چوارەم ژن و كچی ئێزیدی لە ماوەی كەمتر لە هەفتەیەكدا گیانیانلەدەستداوە بە هۆكاری "كوشتن و خۆخنكاندن بە پەت".
 
سادق خێرۆ، براى ئه‌حلام كە هەمان ئێوارە پێكەوە نانیان خواردووە و وەك خۆی دەڵێت "هەمووان لە ماڵەوە دڵخۆشبوین"، وتی "خوشكەكەم هیچ نیشانه‌یه‌کی خه‌مۆكی نەبوو، دوای نانخواردنی ئێوارە كارەبا بڕا و لە ماوەی چارەكە سەعاتێكدا چووە حەمام و نەگەڕایەوە".
 
"یەكەم كەس كە بانگی ئەحلامی كرد دایكم بوو، هەر ئەویش دەرگای حەمامی كردەوە و بینی ئەحلام پەتێك بە ملیەوەیە و خنكاوە"، سادق وتیشی "هه‌مومان توشی شۆک بوین، ئێستاش باوه‌ڕناکه‌م ئه‌حلام چۆن خۆی خنكاندووە!".
 
 
ئه‌سمه‌هان (20 ساڵ) لای راستی وێنەكە، لەگەڵ ئەحلام خێرۆ (15ساڵ) لای چەپ،
هەردوكیان لە هەفتەی یەكەمی ئەمساڵ لەناو كەمپی ئاوارەكاندا بە پەت خنكان
 
 
پۆلیسی دهۆك مۆبایلی ئەحلامی لەگەڵ خۆی بردووە بۆ لێكۆڵینەوە و هێشتا هیچ رونكردنەوەیەكی نەبووە لەسەر ئەنجامی لێكۆڵینەوەكان.
 
بەپێی ئامارێكی قایمقامیەتی شنگال – لە پارێزگای دهۆك جێگیربون- لە دوای هێرشی داعش بۆ شنگال لە 3ی ئابی 2014ەوە 250 ئێزیدی لەناو كەمپەكانی ئاوارەییدا بە فیشەك و بە پەت گیانیانلەدەستداوە كە زۆرینەیان لە رەگەزی مێ بون.
 
بەڵام ئامارەكانی سەرەتای ئەمساڵ مەترسیدارتر دەردەكەون، بەهۆی ئەوەی تەنیا لە هەفتەی یەكەمی ساڵی نوێدا، پێنج كەس بە فیشەك و خنكان بە پەت مردون، كە چواریان لە رەگەزی مێ بون، ئەوەش بەپێی ئامارێكی رێكخراوی داک بۆ گه‌شه‌پێدان كە لەناو كەمپەكاندا كاردەكەن.
 
”سوێند بەخوا هیچ شتێك نازانین و
لەناو كۆمەڵگەش هەست بە شەرمەزاریی دەكەین“
 
سادق خێرۆ لەبارەی ئەو روداوەی بەسەر ئەواندا هاتووە، وتی "له‌وانه‌یه‌ زۆر که‌س بڵێن که‌سوکاری زانیاریی دەشارنەوە، سوێند بەخوا هیچ شتێك نازانین و لەناو كۆمەڵگەش هەست بە شەرمەزاریی دەكەین".
 
سوێند بەخوا هیچ شتێك نازانین و لەناو كۆمەڵگەش هەست بە شەرمەزاریی دەكەین
 
بەڵام وتی "مانگێک پێش ئێستا ئه‌حلام فه‌یسبوکەكەی داخست، بەڵام هیچی بە ئێمە نەوتووە لەسەر داخستنی فەیسبوكەكەیی و مۆبایلەكەی ئێستا لای پۆلیسە... ئێمە چاوەڕێی راپۆرتی کۆتایی پۆلیسی دهۆكین".
 
بورهان حه‌جی عه‌لی، به‌ڕێوه‌به‌ری کارگێڕی له‌ قایمقامیه‌تی شنگال، بە (كەركوك ناو)ی وت "بارودۆخی ئاواره‌کان له‌ هه‌موو رویه‌که‌وه‌ به‌ره‌و خراپبون ده‌ڕوات و ئامارەكانی كوشتن و خۆكوشتن زۆرن لەناو كەمپەكاندا، بۆیە پێویسته‌ به‌ زوترین کات رێکخراوه‌کان و ده‌زگا په‌یوه‌ندیداره‌کان ئه‌م کێشه‌یه‌ چاره‌سەر بکه‌ن".
 
"بۆ چاره‌سه‌ری ئه‌م بابه‌ته‌ پێویسته‌ هه‌لی کار بۆ ئاواره‌کان دابینبکرێت و هه‌ندێک سه‌نته‌ری ده‌رونی له‌ناو که‌مپه‌کاندا بکرێنه‌وه‌ تا به‌رده‌وام چاره‌سه‌ری ئه‌و که‌سانه‌ بکه‌ن که‌ نه‌خۆشی ده‌رونییان هه‌یه،‌ یان هه‌وڵده‌ده‌ن له‌به‌ر هەر هۆکارێک پەنا بۆ خۆكوشتن ببەن"، بورهان حەجی عەلی وایوت.
 
 
دهۆك/ كەمپی ئاوارەكانی كەبەرتوو كە زۆرینەیان ئێزیدین فۆتۆ: عەمار عەزیز
 
 
هێشتا زیاتر لە 200 هەزار ئاوارەی ئێزیدی كە زۆرینەیان لە كەمپەكانی پارێزگای دهۆكن نەگەڕاونەتەوە شوێنی خۆیان، بە هۆكاری جیاجیا لە نێویاندا هۆكاری ئەمنی، دوو ئیدارەیی و نەبونی خزمەتگوزاریی.
 
سوزان سه‌فه‌ر، به‌ڕێوه‌به‌ری رێکخراوی داک بۆ گه‌شه‌پێدان به‌ (که‌رکوک ناو)ی وت "سوشیاڵ میدیا و ده‌زگا راگه‌یاندنه‌کانی رۆڵێکی زۆر خراپ دەگێڕن لە زیادبونی حاڵەتەكان، هه‌ر حاڵه‌تێک روبدات به‌ وێنه‌ و زانیاریی بڵاویده‌که‌نه‌وه‌، ئه‌مه‌ دەبێتە هاندەر بۆ ئەوانەی نیازی خۆ خنکاندنیان هه‌یه‌، هه‌رکاتێک حاڵه‌تێک دروستبێت ئێمه‌ ده‌زانین دوای ئه‌وه‌ چه‌ند که‌سێکی دیكە خۆیان ده‌خنکێنن".
 
حكومەتی عیراق لە كۆتایی 2020 زۆرینەی كەمپەكانی داخست، تەنیا ئەوانەی هەرێمی كوردستان نەبێت كە بەپێی لێكتێگەیشتنی نێوان هەرێم و بەغدا دەمێننەوە تا ئاوارەكان خۆیان بڕیاردەدەن.
 
سوزان پێیوایە بڕیارەكەی حكومەتی عیراق بۆ داخستنی كەمپەكان "هەنگاوێكی خراپ" بووە و كاریگەری لەسەر "زیادبونی حاڵەتەكانی خۆكوشتن" هەبووە لەناو كەمپەكاندا.
 
"بەهۆی ئەو بڕیارەی حكومەتی عیراقەوە، زۆرینه‌ی رێکخراوە نیوده‌وڵه‌تییەكان له‌ که‌مپه‌کانی پارێزگای دهۆک كشانەوە و هاوكارییەكانیان راگرت، حكومەتیش كەمپەكانی زۆر پشتگوێخستووە و سه‌نته‌ره‌کانی ده‌رونی له‌ زۆربه‌ی که‌مپه‌کان نه‌ماون، لەكاتێكدا پێشتر له‌یه‌ک که‌مپ سێ تا چوار سه‌نته‌ری ده‌رونی هه‌بون"، سوزان سه‌فه‌ر وای وت.
 
بەهۆی ئەو بڕیارەی حكومەتی عیراقەوە، زۆرینه‌ی رێکخراوە نیوده‌وڵه‌تییەكان له‌ که‌مپه‌کانی پارێزگای دهۆک كشانەوە
 
هەروەها وتی "ده‌یانجار هاوارمان کردووه‌‌ دۆخی شنگال جیاوازه‌ له‌گه‌ڵ ناوچه‌کانی تر و ئاواره‌ ئێزیدییەكان ناتوانن بگەڕێنه‌وه‌ بۆ ناوچه‌کانی خۆیان... پێویسته‌ به‌رده‌وام خزمه‌تگوزاری بۆ ئاواره‌کان دابینبکرێن و بیر لە فەراهەمكردنی دەرفەتی كار بكرێتەوە".
 
 
سه‌رچاوه‌: كه‌ركوكناو
 
 
 


Newjin.net - 2024
ژمارەی سەردان 1,305,726     ژمارەی میوان 576

دروستکراوە لەلایەن کۆمپانیای (کۆدتێك)ەوە