* نەوژین
دوای ئەوەی کچە شاعیرێکی کوردی شاری بانە رایگەیاند کە بە زمانی کوردی شیعر دەنوسێت لەلایەن هێزێکی ئەمنیەوە دەڕفێندرێت و هەڕەشەی زمان بڕینی لێدەکرێت.
بەگوێرەی ڕاپۆرتێکی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، (١١/١/٢٠٢١)، هێزە ئەمنییەکانی ئێران لە شاری بانە، شاعر و نوسەری لاوی کورد تەرانە محەمەدیان رفاندوە و بردویانە دەرەوەی شار و وێرای سوکایەتی و بێڕێزی پێکردن یەکێک لەوان کە بە زمانی فارسی قسەی کردوە هەڕەشی بڕینی زمانی لە تەرانە کردوە.
بەگوێرەی زانیاریەکانی رێکخراوەکە (هێزە ئەمنییەکان) چوار کەس بون لە ماڵەکەی خۆیاندا تەرانەیان رفاندوە بردویانەتە دەرەوەی شار و دوای بێڕێزی و سوکایەتی و هەڕەشە لێکردن هێناویانەتەوەو لە نزیک ماڵی خۆیان دایانبەزاندوە.
تەرانە، لە تەمەنی ١٦ ساڵییەوە دەستی بە نوسینی شیعر کردوەو زیاتر لەسەر مافی نەتەوەیی کورد، مافی ژنان، منداڵان و هەروەها دیاردە کۆمەلایەتییەکان دەنوسێت.
ناوبراو لە لایڤێکی ئینیستاگرام لەگەڵ شاعیری فارس زمان هیلا سدیقی وتبوی ”شێعرێک بە زمانی هاوبەش (فارسی) دەخوێنم“ و لە وڵامی هیلا سدیقی کە وتبوی ”مەبەستتان لە زمانی هاوبەش چییە؟ ئەو قسەیە بەو مانایەیە کە ئیوە خۆتان بە ئێرانی نازانن بەڵکو خۆتان بە خەڵکی کوردستانێکی سەربەخۆ دەزانن“ وتبوی ” بەڵێ ئێوە ڕاست دەکەن من خۆم بە خەڵکی کوردستان دەزانم“.
تەرانە محەمەدی، تەمەن ٢١ ساڵ و لەدایکبوی شاری بانەیە و ئێستا خوێندکاری مەدەدکاری کۆمەڵایەتی زانکۆی مەهابادە.