* نەوژین
ساڵانێکی زۆرە کە ژنان توندوتیژیان بەرامبەر دەکرێت لەلایەن هاوسەرەکانیانەوە بە ناچاری دەگەڕێنەوە ماڵە باوانیان، پارێزەرێکیش دەڵێت بە پێی یاسای ژمارە(٨) بەرەنگاربونەوەی توندوتیژی دادوەر بڕیار دەدات بە دورخستنەوەی ئەو کەسەی توندوتیژی دەکات لە ناوخێزان و دەبێتە هۆی مەترسی لەسەر ئەندامانی خێزان بۆیە چی دیکە پێوسیت ناکات ژنان لەکاتی کێشە بگەڕینەوە ماڵەباوانیان بەڵکو پیاوەکان دوردەخرێنەوە.
پارێزەر: بەناز ئەحمەد، بۆ نەوژین وتی: زۆربەی کات کە توندوتیژی دژ بە ژنان دەکرێت دەبینین ژنەکە ماڵ بەجێ دەهێڵێت، لەکاتێکدا بە پێی یاسا نابێت ژنەکە ماڵەکەی بە جێ بهێڵێت.
لە یاسای ژمارە (8)ی ساڵی 2011ى بەرەنگاربونەوەی توندوتیژی خێزانی لە هەرێمی كوردستان – عێراق، لەمادەی سێیەم و چوارەم دەڵێت:(رێگا نادرێت بەسكاڵالێكراو بۆ چونە ناوماڵی خێزانی بە بڕیاری دادگا لە حاڵەتی بونی مەترسی لەسەر سكاڵالێكراو، لە کاتی پێشێلكردنی سەرپێچی كار سزا دەدرێت بە حهپسكردن ماوەیەك لە(48) كاتژمێر زیاتر نەبێت یان بە بژاردن لە (300,000) سێسەد هەزار دینار كەمتر نەبێت).
هاوکات لە بارەی ئەو ژنانەشی کە بێلانەدەبن دوای جیابونەوەیان پارێزەر بەناز ئەحمەد، ئاماژەی بەوەکرد: ژن بۆ ماوەی سێ ساڵ بۆی هەیە لەو خانوەدا بمێنێتەوە کە پێکیان هێناوە ئەگەریش ژنەکە نەیەوێت لەو خانوەدا بمێنێتەوە ئەوکات دەبێت پیاوەکە کرێی مانگانەی ئەو سێ ساڵە بە ژنەکە بدات.