رۆژهه‌ڵاتى كوردستان: 225 حاڵه‌تى خۆكوشتن له‌ ساڵێكدا.. 20%یان مناڵن

2021/01/10    550 جار بینراوە

 

* نه‌وژین

به‌پێی راپۆرێكى ساڵانه‌ى رێكخراوێكى تایبه‌ت به‌ مافی مرۆڤ، له‌ ماوه‌ى ساڵێكدا 225 حاڵه‌تى خۆكوشتن له‌ رۆژهه‌ڵاتى كوردستان تۆماركراوه‌، 20%ى حاڵه‌ته‌كان مناڵان بون، هاوكات شاری سنه‌ زۆرترین خۆكوژیه‌كانى تێدا ئه‌نجام دراوه‌.

به‌پێی ئه‌و راپۆرته‌ كه‌ رێكخراوى "هه‌نگاو" ئاماده‌ى كردوه‌ و له‌ماوه‌ى كانونى دوه‌مى 2020 هه‌تا كانونى دوه‌مى 2021، 122 كه‌س له‌ ره‌گه‌زی نێر و 103 له‌ ره‌گه‌زی مێ خۆیان كوشتوه‌ له‌هه‌ر چوار پارێزگاى: ئیلام ، كوردستان، كرماشان و ئازه‌ربایجانى رۆژئاوا.

به‌پێی راپۆرته‌كه‌، 45 مناڵ له‌نێو ئه‌و رێژه‌یه‌دان، كه‌ 26یان كچ و 19یان كوڕن، 21 له‌وانه‌ش ته‌مه‌نیان له‌خوار 15 ساڵان بوه‌، پارێزگاى ئازه‌ربایجانى رۆژئاواش زۆرینه‌ى حاڵه‌ته‌كانى خۆكوشتنى مناڵانى تێدا تۆماركراوه‌ كه‌ 15 حاڵه‌ته‌.

ئاماژه‌ى به‌وه‌شكردوه‌ شاری سنه‌ى ناوه‌ندى پارێزگاى كوردستان، له‌ پێش هه‌مو شاره‌كانى دیكه‌یه‌ به‌ 77 حاڵه‌تى خۆكوشتن (٣٣ ژن و ٤٤ پیاو)، به‌دواى ئه‌ویشدا شاری كرماشان و ورمێ له‌ پارێزگاكانى كرماشان (٢٤ ژن و ٣٢ پیاو) و ئازه‌ربایجانى رۆژئاوا  (٢٨ ژن و ٢٨ پیاو) دێن به هه‌ریه‌كى‌ 56 حاڵه‌ت، ئیلامیش به‌ 36 حاڵه‌ت (١٨ ژن و ١٨ پیاو) به‌دواى ئه‌وانه‌وه‌یه‌.

به‌پێی راپۆرته‌كه‌ى رێكخراوى هه‌نگاو، 114 حاڵه‌تى خۆكوشتن به‌هۆی كێشه‌ى خێزانیه‌وه‌ بوه‌، 68 حاڵه‌تیش به‌هۆی هه‌ژاریی و بێكارى، 10 حاڵه‌تیش به‌هۆی كێشه‌ى ده‌رونى، 3 حاڵه‌تیش به‌هۆی به‌زۆربه‌شودانه‌وه‌ بوه‌، 1 حاڵه‌تیش به‌هۆكارى سیاسی بوه‌ و هۆكارى 29 حاڵه‌تیش نه‌زانراوه‌.

له‌و 114 كه‌سه‌ى كه‌ به‌هۆی كێشه‌ى خێزانیه‌وه‌ خۆیان كوشتوه‌ له‌ رۆژهه‌ڵاتى كوردستان، 80 كه‌سیان ژن بون، هه‌روك له‌و 68 كه‌سه‌یشی كه‌ به‌هۆی هه‌ژاریی و بێكاریه‌وه‌ خۆیان كوشتوه‌، 8 یان ژن بون، هه‌روه‌ك 3 ژنیش به‌هۆی به‌زۆربه‌شودانه‌وه‌ خۆیان كوشتوه‌.

 
 


Newjin.net - 2024
ژمارەی سەردان 1,356,052     ژمارەی میوان 650

دروستکراوە لەلایەن کۆمپانیای (کۆدتێك)ەوە