ناوەندی نیشتیمانی بۆ مافەکانی مرۆڤ: هێزەئەمنیەکان سوکایەتی بە ژنانی ناو شەڵتەرەکان دەکەن

2021/01/05    531 جار بینراوە
 
* نەوژین
 
بەپێی راپۆرتێکی ناوەندی نیشتیمانی بۆ مافەکانی مرۆڤ، ژنان لە ناوشەڵتەرەکان لەکاتی بردنیان بۆ بەردەم دادگا هێزەئەمنیەکان سوکایەتیان پێدەکەن.
 
ناوەندی نیشتیمانی بۆ مافەکانی مرۆڤ راپۆرتێکی لەبارەی رەوشی مافی مرۆڤ لە ساڵانی ٢٠١٩ بۆ ٢٠٢٠ بڵاوکردەوە، کە تێیدا بەشێکی راپۆرتەکە ‏تایبەتکراوە بە خانەی داڵدەدانی ژنان لە سلێمانی، چاوپێکەوتنی راستەوخۆیان لەگەڵ ژنانی خانەکەکردوە.
 
لە راپۆرتەکەی ناوەندی نیشتیمانیدا لە زاری ژنانی خانەکەوە ئەوە خراوەتەڕو، کە لەکاتی بردنیان بۆ ‏دادگاو وەرگرتنی وتە لێیان هێزەئەمنیەکان سوکایەتیان پێدەکەن.‏
 
هەر لە راپۆرتەکەدا ئاماژەبەوەکراوە: زۆرینەی کەیسەکان ئەو ژنانەن کە هاوسەرگیریان کردوە واتە لە چوارچێوەی ژیانی هاوسەریاندا روبەڕوی ‏هەڕەشەبونەتەوە.
 
لەناو خانەی داڵدەدانی ژنانی هەڕەشەلێکراو بەپێی راپۆرتەکە هیچ ژنێکی تێدا نەبوە هەڵگری بڕوانامەی زانکۆبێت لەوسۆنگەیەوە ناوەندەی نیشتیمانی ‏دەڵێت: ئەمە دەرخەری ئەوەیە کە ئاستی ڕۆشنبیری و نەبونی هۆشیاری پێویست هۆکارێکە بۆ ئەوەی ژنان نەتوانن بەسەر کێشەو گرفتەکانیان زاڵبن.‏
 
هاوکات لەبارەی خزمەتگوزاریەکانەوە لە خانەی داڵدەدانی سلێمانی رایانگەیاندوە: ئەگەر هاوکاری رێکخراوەکان نەبێت بەردەوامی شەڵتەرەکان زەحمەت ‏دەبێت، کەمی خزمەت گوازری تەندروستی  و دەرونیش یەکێکی دیکەیە لە گرفتەکانی ئەم شەڵتەرە.‏
 
ماڵی داڵدەدراوانی ژنانی ھەڕەشەلێکراو، لە سلێمانی لە ساڵی ٢٠١٤ دامەزراوە، لە هەرێمی کوردستان دو ماڵی دیکەی داڵدەدانی ژنانی هەڕەشەلێکراو هەیە، ‏لە پارێزگاکانی(هەولێر، دهۆک)، لەگەڵ شەڵتەرێکی ٧٢ کاتژمێری لە ئیدارەی گەرمیان.‏
 


Newjin.net - 2024
ژمارەی سەردان 1,358,400     ژمارەی میوان 586

دروستکراوە لەلایەن کۆمپانیای (کۆدتێك)ەوە