ئەو ژنەی لەسەر پردەکە خۆی فڕێدایە خوارەوە چی پێوتم

2021/01/02    237 جار بینراوە
 
* لەنجە خاوێ، پارێزەر
 
 
جلێكی ڕەنگ سەوزی زەیتونی تاریك باوی پۆشی بو، چاوەكانی ڕەش و پڕ ترس بون، خوێن بە ڕوخسار و ڕومەتەكانی ھاتبونە خوار بە جۆرێك وەك جۆگەلەیەكی بچوك ھەتا ژێر ملی ھاتبو، ڕەنگی قژە زەردە درێژەكەی بەرەو مەیلەو ڕەش بردبو. لێرەدا من باسی ئەو كچەت بۆ دەكەم، کە ئێوارەی دوێنێ ھەواڵی خۆفڕێدانی لە پردی چوارچرای شارەوە بڵاوبوەوە، ئەوکات میدیای كوردی وای لە ھەمومان گەیاند كە ئەو خانمەی ھەوڵی خۆ كوژی داوە كچێكی نیپاڵیە و ناوی شیلیە.
 
”بەهۆی ئەوەی شەویلگەی و چەند ئێسکێکی شکابو نەیدەتوانی قسەبکات“
 
بەڵام ڕاستەیەكە ئەوەیە خانمەكە كوردە و ئەوناوەشی نیە، كە وترا. دوای ئەوەی دڵنیابوم كوردە و لە قسەكانم تێدەگات، كەوتمە قسەكردن لەگەڵی، بەھۆی ئەوەی شەویلگەی و چەندین ئێسكی تری  گیانی شكابو، بەھیچ جۆرێك نەیدەتوانی قسە بكات و دەنگی بێتەدەرەوە، بۆیە ئەو كاتەی كە دەیویست شتێكم پێ بڵێت لەناو نۆتی مۆبایلەكەی مندا دەینوسی.
 
پێشتر پزیشكەكان داوای ژمارەی خێزانەكەیان كردبو، بەڵام بە ھەڵە پێی دابون و نەیدەویست زانیارییەكان بە ڕاستی ببەخشێت، ترسێكی زۆر لە چاوەكانیدا بون، لێوەكانی كە ھەمو شوێنێكی خوێناوی و تەقەڵ و تەلی عەمەلیات بو دەلەرزی، بەڵام دواجار لە شوێنێكدا متمانەی پێكردم و ژمارە ڕاستەكەی خێزانی داپێم، كە لە پارچەیەكی تری كوردستان دەژین دوای ئەوە هاوڕێکانی وھاوسەرەكەی دۆزرانەوە و دكتۆرەكان دڵنیایان دا لە جێگیربونی باری تەندروستی.
 
”لەبەر ئەوە وامکرد ماندوبوم لە ژیان پەیوەندی بەکەسەوەنیە“
 
من ناتوانم لێرەدا وەك ئەخلاقی ئیشكردن ھۆكار و پاڵنەرەكان باسبكەم كە وای لەو خاتونە جوانەكرد بەرەو خۆكوژی بچێت، بەڵام تەنھا دێڕێكی قسەكردنی خۆمان  دادەنێم کە بۆی نوسیم”لەبەر ئەوە وامكرد ماندو بوم لە ژیان پەیوەندی بە كەس نییە“. لە دڵی خۆمدا وتم: مەگەر ھەمیشە خەتای كەسێك نییە كە ماندو دەبین لە ژیان؟ مەگەر دەكرێت مرۆڤێك بێ ئەوەی عەزێت بدرێت دڵی ئاوا بەم توندییە لە ژیان بشكێت؟ 
 
یەكەم ڕۆژی ساڵی تازە بۆ من زۆر خۆش نەبو.ھەر كە لەوێ بوم لەبەردەممدا دایكێكی پیر مرد، گریان و لە خۆدانی منداڵە گەورەكانیم بینی. چەندین كەیسی جیاوازم بینی. ھەمو ئەوانەی لەوێ بون، توڕە و ترساو و گریاو بون. دكتۆرەكان بە خێرایی بەناویاندا دەھاتن و دەچون تا بە ھەمویان ڕابگەن. ھەندێك ئینسانم بینی ھیچیان نەبو تەنھا لەبەر بێ سۆزی لەوێ بون.
 
فۆتۆی نۆتەكەم كە بەدەستی كچەی گەنم ڕەنگ و تۆراو لە ژیان نوسراوە.
 
 
گفتوگۆکەی لەنجە خاوێ و ئەو ژنەی خۆی فڕێدایەخوارەوە لەسەر پردێک لە ناو شاری سلێمانی، وێنە: لەنجە خاوێ
 
گرنگە نەخۆشخانەکان پلانی نوێ بۆ ئەم کەیسانە دابنێن
 
 
لێرەوە پێشنیار دەكەم بۆ لایەنی پەیوەندیدار، تكایە لە كەیسەكانی خۆكوژیدا لە خەستەخانەكان كەسێك دابنێن كە لەڕەگەزی نەخۆشەكە بێت و جلی ئاسایی لەبەر بێت تا نەخۆشەكە ھەست بە متمانە بكات لەگەڵیدا و زانیاری خۆی پێشكەشبكات تا زوتر یارمەتی بدرێت.
 
 
 


ئەرشیفی نەوژین | دەربارە | پەیوەندی
Newjin.net - 2021
دروستکراوە لەلایەن کۆمپانیای (کۆدتێك)ەوە
ژمارەی سەردان 59,215     ژمارەی میوان 8