(دڵسۆز) کچە ئەستێرەیەکی گۆڕەپان و مەیدانی کوردستان

2021/01/01    1035 جار بینراوە
 
* نەوژین، هۆزان فەریق
 
(دڵسۆز)، کچە یاریزانێکی گۆڕەپان و مەیدانی کوردستانە، چەندین ریکۆردی بەناوی خۆیەوەکردوە، ماوەی چەند ساڵە هیچ یاریزانێک نەیتوانیوە ریکۆردەکانی تێپەڕێنێت، راهێنەرەکەشی دەڵێت: ئومێدی زۆرمان لەسەر هەڵچنیوە.
 
دڵسۆز عوبێد، (10/8/1990) لە ناحیەی پیرەمەگرونی سەربە پارێزگای سلێمانی لە دایک بوە. ماوەی (١١) ساڵە یەکێکە لەناوە دیارەکانی وەرزشی گۆڕە پان و مەیدانی عێراق دڵسۆز تەنها خۆی شکێنەری ڕێکۆردەکانی خۆیەتی لە کوردستان.
 
دڵسۆز عوبێد، بۆ نەوژین، ئەو رۆژانەی دەگێڕێتەوە کە دەستی بە یاریکردن کردوە: سەرەتا لەقۆناغی ناوەندی دەستم بەیاری کردن کرد، بالە وفوتسالم ئەکرد دواتر ساڵانە لەفستیڤاڵی  خوێندنگاکان  بەشدار یم دەکرد، پاشان ساڵی     2010 لەڕێگەی هەردو مامۆستای ئازیزمەوە مامۆستا ڕێناس و ماموستا کارزان رومکردە یانەی سەرچنار و بوم بەیاریزانی  گۆڕەپان ومەیدان.
 
لە ئێستادا دڵسۆز، یاریزانی یانەی سیروانی نوێیە لە سلێمانی و دەڵێت: راهێنانەکانم بەسەرپەرشتی راهێنەر(سیروان حامد) ئەنجام دەدەم و خەونم گەیشتنە بە ئۆلۆمپیاد. 
 
ماوەی ٧ ساڵە ریکۆردی ١٠٠ مەتری سەربەست بەناوەی دڵسۆزەوەیە
 
دڵسۆز عوبێد، خاوەنی چەندین ریکۆردە کە هەندێکیان هەر خۆشی شکێنەریان بوە لە ساڵی ٢٠١٢ لەپاڵەوانێتی یانەکانی کوردستان دو ریکۆردی شکاندوە ئەوانیش (100)م بەربەست  و ٣ بازن، تاوەکو ساڵی(2016) جارێکی دیکە هەر بۆخۆی لە(100)م بەربەست رێکوردە دەشکێنێتەوە وەک خۆشی دەڵێت: ساڵی (2019)، جارێکیکە توانیم سێ ڕیکوردی نۆی تومار بکەم ئەوانیش لە 100م بەربەست و 3باز و یەك باز.
 
 
دڵسۆز عوبێد، لەکاتی یاریکردنی لە پاڵەوانیەتیەکان
 
لەسەر ئاستی عێراقیش (دڵسۆز)،  خاوەنی دو ڕیکۆردە ئەوانیش 100م 60م بەربەستن.
 
سیروان حامد، راهێنەری (دڵسۆز) ستایشی تواناکی دەکات، بۆ نەوژین وتی، ئاستی دڵسۆز زۆرباشە پشت بەخوا لەداهاتودا ئامانجی گەورە دەپێکێت و مێژوی تر دەنوسینەوە.
 
”لە کوردستان یاریەکانی گۆڕەپان و مەیدان پەکی کەوتوە“
 
ئەنجامنەدانی پاڵەوانیەتی و نەبونی یاریگا بە دوهۆکاری سەرەکی باسدەکرێت وەک گرفت لەبەردەم یاریزانان و یانەکانی گۆڕەپان و مەیدان.
 
لە باری ئەمەوە دڵسۆز عوبێد، وتی: ئەم یاریە بەگشتی لە جیهاندا زۆر بەرەو پێشچوە بەڵام لە کوردستان بەهۆی نەبونی کەسی دڵسۆز لە بوارەکە زۆر گرفتمان هاتۆتە پێش لە نەبونی یاریگا و پشتگوێخستنی یاریزان هەربۆیە ئەو یانانەی کە بایەخیان بەم یاریەدەدا ئێستا ساردبونەتەوە تەنها چەند یانەیەک ماونەتەوە.
 
لە سەر ئاستی پارێزگای سلێمانی بە پێی یاریزانە بەشدارەکانی پاڵەوانیەتیەکان نزیکەی ٥٠ یاریزانی کچ لە گۆڕەپان و مەیدان یاریدەکەن.
 
سیروان حامد، راهێنەری کچانی گۆڕەپان و مەیدان یانەی سیروانی نوێی ئاماژەی بەوەکرد، یاری گۆڕەپان و مەیدان لە کوردستان پەکی کەوتوە بەڵام عێراق زۆرباشەو بەبەردەوامی پاڵەوانیەتیەکانی ئەنجام دەدات.
 
راهێنەرەکەی یانەی سیروانی نوێ وتیشی: بەوهۆیەوە ئێمە بەشداری چالاکیەکانی عێراق دەکەین.
 
”خێزانەکەم هەمو ئازادیەکەی تاکەکەسیان بەمندا“
 
پاڵپشتی خێزانەکەی دڵسۆزی بەم ئاستە گەیاندوە وەک خۆی دەڵێت: خێزانەکەم زۆرهاوکارمن و هەمو ئازادیەکی تاکە کەسیان بەمن داوە لەسنورێکی دیاریکراودا، ئەوەش بۆمن پاڵپشتێکی زۆرباشە و گەیاندمی بەم ئاستە. 
 
دڵسۆز عوبێد، لە یاریگا کاتی بەڕێوەچونی پاڵەوانیەتیەکان
 
لە ناحیەی پیرەمەگرون  دڵسۆز عوبێد، تەنها نیە شێنێ عەزیز، کچێکی دیکەی هاوشاریەتی کە لە ئاستی ناوخۆی عێراق و دەرەوەی عێراقیش مەدالیای بەدەست هێناوە لە ئێستاشدا سێ یاریزانی کچ لەو ناحیەیە لە یانەی سیروانی نوێ یاری دەکەن.
 


Newjin.net - 2024
ژمارەی سەردان 1,357,611     ژمارەی میوان 922

دروستکراوە لەلایەن کۆمپانیای (کۆدتێك)ەوە