ژاڵە محمەد: ”لە NRT دەرکراوم گوایە ستایلی من لە گەڵ ئەواندا ناگونجێت“

2020/12/22    1161 جار بینراوە

* نەوژین

 

خانمە راگەیاندکار ژاڵە محەمەد، دەڵێت: دوای زیاتر لە 8 ساڵ کارکردنم لە کەناڵی(NRT)، بە بڕیارێکی بەرپرسانی ئێستای کەناڵەکە دەرکرام، گوایە  ستایلی من لەگەڵ ئەواندا ناگونجێت.

 

ژاڵە محمەد، پەیامنێری پێشوی کەناڵی(NRT)، لە شاری سلێمانی لە هەژماری تایبەتی خۆی تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبوک لە بارەی دەرکردنی لە کەناڵەکە ئاماژەی بەوەکردوە: بڕیارەکە لە 1ی 12 وە دراوە واتا 21 ڕۆژ پێش ئێستا،  بەڵام بێدەنگ بوم بۆ ئەوەی بزانم لەبەر چی دەرکراوم؟ بەداخەوە هۆکارێکی دیاریکراو نەبو، گوایە لەبەر ئەوە دەرکراوم کە ”ستایلی من لە گەڵ ئەواندا ناگونجێت

 

 ٨ ساڵ مانەوە لە NRT کەم نیە بۆیە پێویستە هەندێک شت بڵێم“

 

ژاڵە، باسی لە خۆشەویستی خۆشی بۆ کەناڵەکە کردوە و نوسیویەتی: NRT وەک منداڵێکی خۆم وابو خۆشم ویست، ساردی و گەرمی زۆر و شەو ڕۆژم لەگەڵی بردەسەر، کەس نەزانێ ئەوانەی نزیکبون لە ئیشەکەم گەواهی دەری ئەوەن، بومە دەنگی هەژار و غەنی، بە خۆشەویستیەوە بەرەو پیری خەڵک ڕۆشتم، بە نەرم و نیانی و گفتی باش سیمایەکی جوانم بە میدیاکە بەخشی.

 

باسی لەوەشکردوە، دەرفەتێکی زۆری پێدراوە بۆ کارکردن لە کەناڵەکە و زیاتر لە حەقی ئەو موچەیی پێیدراوە کاری کردوە: سەردەمێک دەرفەتیان بۆ رەخساندم و جگە لە پەیامنێری، کاری مەیدانی دیکە و ڕیپۆرتاژ و بەرنامەی جیاوازم پێشکەش کرد و بابەتەکان شوێنی خۆیان گرت. ماوەیەکیش پرۆدیسۆری هەواڵ و بەرنامەکانم کرد،  چەندین کاری دیکە ئەم کۆتاییانە کە دەرفەتی هیچیان نەداومەتێ تەنها کارە سەرەکییەکەی خۆمم کردوە، زیاتر لەو موچەیەی وەرمگرتوە خزمەتم کردوە، بۆیە دەرکردنی من لەبەر بێ توانایی یان ئیهمالکردنی پیشەکەم نەبوە.

 

”بەمزوانە لە دەزگایەکی دیکە بەردەوامی دەدەمە کارەکەم“

 

لە بارەی ئایندەشی لە کاری راگەیاندن ژاڵە محەمەد، نوسیویەتی: لەئەمڕۆوە ئایندە كراوەیە لە بەردەم هەمو بڕیارێكدا، لەهەر کوێ بێت بەمزوانە بەو پەڕی دڵسۆزییەوە بەردەوام دەبم لە کارەکەم.

 

وێنە: لە هەژماری رۆژنامەنوس ژاڵە محەمەد، لەسەر وێنەکە نوسیویەتی "کۆتا وێنەی بەردەم کەناڵ"

 

 

 

 

 

 



Newjin.net - 2024
ژمارەی سەردان 1,336,567     ژمارەی میوان 109

دروستکراوە لەلایەن کۆمپانیای (کۆدتێك)ەوە