”کە تەرمەکەی دۆزرایەوە بینمان ئەو ژنەیە کە کەس وکارەکەی وتیان هیچ کێشەیەکمان لە گەڵیدانیە“

2020/12/22    1009 جار بینراوە
 
*نەوژین
 
هاوشێوەی کوشتنەکەی مونیرە لە  قەزای کەلار لە شاری دهۆک دوبارە دەبێتەوە. ”ئەوکاتەی تەرمەکی دۆزرایەوە بینمان هەمان ئەو ژنەیە کە خێزانەکەی پێیان وتین کە ئەوان هیچ کێشەیەکیان لە گەڵیدانیە و هیچ مەترسیەک لەسەر ئەونابێت! ئەویش وتی دەگەڕێمەوە بۆ لای کەس وکارەکەم". ئارام محەمەد، وادەڵێت کە بەڕێوبەری بەرەنگاربونەوەی توندوتیژی دژ بە ئافرەتان و خێزان لە دهۆک.
 
بەیانی رۆژی(17/12/2020) هەواڵ دەدرێت بە پۆلیس تەرمی ژنێک لە گوندی قارقاراڤای سەر بە ناحیەی زاوێتە لە سنوری پارێزگای دهۆک دۆزراوەتەوە. هێمن سلێمان، وتەبێژی پۆلیسی دهۆک دەڵێت: کە هێزەکانمان گەیشتنە ئەوێ دەبینن ژنێک بە فیشەک کوژراوە، دواتر رەوانەی پزیشکی دادوەریمان کرد.
 
ژنە کوژراوەکەماوەی مانگێک لە شەڵتەر ماوەتەوە
 
ئەو ژنەی کە کوژراوە ماوەی مانگێک لە شەڵتەری داڵدەدانی ئافرەتانی هەڕەشەلێکراو ماوەتەوە، ئەو دەیویست لە هاوژینەکەی جیاببێتەوە بەڵام هاوژینەکەی رەزامەند نەبوە بە جیابونەوەکەیان.
 
ئارام محەمەد، بەڕێوبەری بەڕێوبەرایەتی بەرەنگاربونەوەی توندوتیژی دژ بە ئافرەتان و خێزان لە دهۆک، بە نەوژینی راگەیاند: ئەو کە سەردانی ئێمەی کرد وتی دەمەوێت لە شەڵتەر بمێنەمەوە چونکە هاوژینەکەم ئامادە نیە تەڵاقم بدات، ئێمەش لەسەر رەزامەندی خۆی داخڵمانکرد، تامانگی ١٠ ئەمساڵ لە شەڵتەر مایەوە.
 
وتیشی: ئەوکات ئێمە قسەمان لە گەڵ خێزانەکەی کرد کێشەکەی یەکلابویەوە لە هاوسەرەکەی جیابویەوە، لەسەر رەزامەندی خۆی دوای مانگێک مانەوەی لە شەڵتەر وتی من دەچمەوە ناو خێزانەکەی خۆم.
 
بەڕێوبەری بەرەنگاربونەوەی توندوتیژی ئاماژەی بەوەشكرد قسەیان لەگەڵ خێزانەکەی کردوە ئەوان وتویانە ئێمە هیچ کێشەیەکمان گەڵیدا نیە با بگەڕێتەوە بۆ لامان.
 
ئەوانەی بەڵێنی سەلامەتی ژیانیاندا خۆیان دەستیان بە خوێی سوربو
 
دوابەداوی ئەوەی پۆلیس تەرمەکە دەباتە پزیشکی دادو دەردەکەوێت بە فیشەک کوژراوە لە هەمان ئەو رۆژە برایەکی ژنە کوژراوەکە وەک بکەری تاوانەکە خۆی رادەستی پۆلیس دەکات.
”ئەو برایەی کە خۆی رادەستی پۆلیس کرد دانی بەوەدانا کە ئەو بکەری کوشتنی خوشکە تەمەن ٣٥ ساڵەکەیەتی و لەسەر کێشەکی کۆمەڵایەتی کوشتویەتی“. هێمن سڵێمان، ئەمەی بە نەوژین راگەیاندو وتیشی: بەڵام ئـێمە لێکۆڵینەوەکانمان بەردەوامی دەبێت. 
 
هاوکات ئارام محەمەد، لە بارەی روداوەکەو سەلامەتی ئەو ژنەی کەلای ئەمانەوە گەڕایەوە ناو خێزانەکەی دەڵێت: ئەوکاتەی تەرەمەکی دۆزرایەوە بینمان هەمان ئەو ژنەیە کە خێزانەکەی پێیان وتین کە ئەوان هیچ کێشەیەکیان لە گەڵیدانیە و هیچ مەترسیەک لەسەر ئەونابێت!". 
 
ئامارەکانی خۆکوشتنی ژنان سێ هێندەی ئاماری کوشتنیانە
 
بە گوێرەی ئامارە فەرمیەکانی بەڕێوبەرایەتی گشتی بەرەنگاربونەوەی توندوتیژی دژ بە ئافرەتان و خێزان، لە ماوەی ١٠ مانگی ئەمساڵدا لە پارێزگای دهۆک (١٧)، ژن بە کوشتن کۆتای بە ژیانیان هاتوە.
 
 
بە گوێرەی ئەم داتایانەش خۆکوشتنی ژنان سێ هێندەی حاڵەتەکانی کوشتنی ژنانە، ئەمە لە کاتێکدایە حاڵەتەکانی خۆسوتاندنی ژنان و سوتاندنیان هەندێکیان دوای ماوەیەک لە روداوەکە گیان لەدەستدەدەن یاخود چیدیکە ژیانی ئاسایان بۆ ناگەڕێتەوە.
 
سزای تاوانبار لە زیندانی هەتا هەتایەوە بۆ لەسێدارەدان
 
سزای یاسای بۆ ئەو کەسەی ژنێک دەکوژێت هەمان سزادەدرێت کە بۆ هەرکوشتنێکی دیکە دیاری کراوە.
 
لە هەرێمی کوردستان کارکردن بە مادەی 409 ی یاسای سزادانی عێراقی کە باسلەوە دەكات، کوشتنی ژنان لە ژێرناوی شەرەف سزاكەی 3 تا5 ساڵە، لە پەرلەمانی کوردستان کارپێکردنی راگیراوە واتە کار بەم مادەیە ناکرێت.
 
کوشتنی ژن لە ژێر هەرناوێک بێت وەک هەر کوشتنێکی دیکە سزا دەدرێت بە پێی مادەی ٤٠٦ لە یاسای سزادانی عێراقی، کە سزاکەی ده‌گاته‌ لەناوبردن (اعدام) یان بەندکردنی تاھەتایی.
 
رێخراوەکانی ژنان لە وردەکاری کەیسەکە ئاگەدار نین
 
نەوژین بۆ ئەوەی رای رێکخراوەکانی ژنان بزانێت لە شاری دهۆک لەگەڵ کارەکانیان لەسەر ئەم کەیسە، پەیوەندی بە چەند بەرپرسێکی رێکخراوەکانەوە کرد بەڵام زانیاری وردیان لە بارەی ئەم کەیسەوە نەبو یان بەدواداچونیان بۆی نەکردبو، هەندێکیشیان پەیوەندیەکانیان بێوەڵام بو.
 
ئەم کەیسە هاوشێوەی چەند کەسێکی دیکەی کوشتنی ژنان کە ئەمساڵ لە هەرێمی کوردستان تۆمارکراوە، کوژراو پێشوەخت پەنای بردوەتە بەر دەزگاکانی تایبەت بە پاراستنی ژنان بەڵام دواتر کەیسەکە کۆتای پێهێنراو کە گەڕاونەتەوە ناو خیزانەکانیان کوژراون، نمونەش کوژرانی دو خوشک لە قەزای چەمچەماڵ و کوژرانی ژنێک لە قەزای کەلار لە لایەن سێ برایەوە لەگەڵ چەندین کەیسی دیکە.
 
ئەم کوشتنەی دهۆک لەوەدا هاوشێوەی کوشتنی ژنەکەی قەزای کەلارە کە (٢٠/١١/٢٠٢٠)، روداوی کوشتنەکەی بە خنکاندن و هەڵواسینی لەلایەن سێ برایەوە کاردانەوەیەکی گەورەی بەداوی خۆی هێنا، ئەم ژنەش بەهەمان چارەنوس بە دەستی برای خۆی کوژراوەو پێش کوشتنیشی پەنای بردوەتە بەردەزگا تایبەتەکانی پارستنی ژنان و دوای دڵنیابونەوە لە پاراستنی ژیانی گەڕاوەتەوە بۆ ناوخێزنەکەی و دواتریش بە کوشتن چیرۆکی ژیانیان کۆتایی هاتوە.
 


Newjin.net - 2024
ژمارەی سەردان 1,306,782     ژمارەی میوان 139

دروستکراوە لەلایەن کۆمپانیای (کۆدتێك)ەوە