چالاکوانێکی ژن لە ناو دەستگیرکراوەکانی سلێمانیدایە

2020/12/11    498 جار بینراوە
 
* نەوژین
 
یەکێک لە دەستگیراوەکانی رێکخەرانی خۆپیشاندانەکەی سلێمانی ژنە چالاکوان پەیمان عیزەدینە.
 
دوای ئەوەی بڕیاربو ئەمڕۆ کاتژمێر ١:٣٠ خۆپیشاندان لە بەردەم ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی بەڕێوەبچێت پێش دەستپێکردنی ژمارەیەک لە رێکخەرانی خۆپیشاندانەکە دەستگیرکران کە ژمارەیان پێنج کەسە و شەوی رابردو وەک نوێنەری دەنگەناڕازیەکان خۆیان ناوزەندکرد.
 
پەیمان عیزەدین، ژنە چالاکوان و ئەندامی خولی سێیەمی پەرلەمانی کوردستان وەک یەکێک لە رێکخەرانی خۆپیشاندانەکە دەستگیرکراوە، چەند خولەکێک پێش دەستگیرکردنی لە هەژمارەی تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبوک رایگەیاند: لەگەڵ گەیشتنمان لەبەردەم پارێزگای سلێمانی کاک عبدوڵلای مەلا نوری و د.شێرکۆ لەلایەن هێزێکی ئەمنیەوە دەستگیرکران.
 
هاوکات لە نوسینەکەشیدا داوای لە خەڵک کردبو بە زوی لە شوێنی خۆپیشاندانەکە ئامادەبێت.
 
پەیمان عیزەدین، ساڵی ١٩٧٠ لە شاری سلیمانی لە دایک بوە، خاوەنی بروانامەی یاسایە، ماوەی چوار ساڵ ئەندامی خولی سێیەمی پەرلەمان بوە.
 
 


Newjin.net - 2024
ژمارەی سەردان 1,356,004     ژمارەی میوان 796

دروستکراوە لەلایەن کۆمپانیای (کۆدتێك)ەوە