خانمە راگەیاندکارەکانی NRT: بەبەردەوامی رێگریمان دێتە پێش

2020/12/14    1055 جار بینراوە
 
* نه‌وژین
 
خانمانی میدیاکاری NRT رایدەگەیەنن بە بەردەوامی رێگری بۆ کارەکانیان دروست دەکرێت بە تایبەت لەو کاتانەی NRT روماڵی خۆپیشاندانەکانی هاوڵاتیان دەکات، بەشێوەیەک خانمە پەیامنێرێکیان دەڵێت: "بەدەر لە رێگری و وتنی قسەی نەشیاو پێمان لە کاتی ئامادەکردنی راپۆرت و هەواڵ، بەزەحمەت زانیاری دەدرێت بە میدیا ئازادەکان". سەنتەری میترۆش رایدەگەیەنێت کارگەشتوەبەوەی بەشەق لە خانمە رۆژنامەنوس دراوە.
 
ماڵپەڕی ئێن ئاڕتى بڵاویکردەوە: رۆژى 7ى كانونى یه‌كه‌مى 2020 کاتژمێر(٢:٢٠) خولەک، ھێزێکی ئەمنی چونەتە سەر نوسینگەى سەرەکی کەناڵی ئێن ئارتی لەشاری سلێمانی و پەخشی کەناڵەکەیان راگرتوەو قفڵیان لە دەرگای کەناڵەکە داوە و ھێزیان لە بەردەم کەناڵەکەدا جێگیرکردوە.
 
وەزارەتی رۆشنبیری: هەڵسوکەوتی NRT نابەرپرسانەیە
 
وەزارەتی رۆشنبیری و لاوانی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەباری داخستنی ئەو کەناڵەوە رایگەیاندوە "لەبەر پابەند نەبونی كەناڵی NRT1 لەم باردۆخەو بەتایبەتی هەڵسوكەوتكردنی نابەرپرسانەی لەم كاتەدا كە دورە  لەیاسا و لۆژیك و پێچەوانەی ماددەی سێیەم/بڕگەی سێیەمە لەرێنمایی رێکخستنی فریکوینسی سپەیس لەهەرێمی کوردستان پاڵپشت بەمە بڕیارماندا بە راگرتنی پەخشی ئاسایی كەناڵی NRT1 بۆ ماوەی یەك هەفتە".
 
هاوکات لە نوسراوەکەدا ئاماژەبەوەشکراوە: پێویستە كەناڵەكە لەكاتژمێری 11:30ی دوشەممە رێكەوتی 7/12/2020 پەخشی ئاسایی رابگرێت تاكو كاتژمێر 11:30ی یەکشەممە رێككەوتی 13/12/2020.
 
دواى هه‌فته‌یه‌كیش جارێكى تر بۆ ماوه‌ى هه‌فته‌یه‌ك داخستنى كه‌ناڵه‌كه‌یان درێژ كرده‌وه‌.
 
کەناڵەکە لە ساڵی 2010 دەستی بە پەخش کردوە وەکو یەکەمین کەناڵی هەواڵیی ئەهلیی لە هەرێمی کوردستان، پاشان چەند کەناڵێکی تری لە بواری پشوئامێز و مناڵان و ئاینی و کەناڵێکیشی بە زمانی عەرەبی کردەوە. هەر لەگەڵ کردنەوەی دا لە شوباتی 2010، کەناڵەکە پەلاماردرا و سوتێنرا و ناوەناوەش روبەڕوی هێرش و داخست دەبێتەوە کە ئەمەی 7ی مانگ دواهەمینیانە.
 
”نە پێشوەخت ئاگەدار کراوینەتەوە نە ‌هێزە ئەمنیەکە بەڵگەی یاسایان پێیە بۆ داخستنی“
 
غەمگین محەمەد، بەرپرسی پەیامنێرانی کەناڵیNRT بە نەوژینی راگەیاند: ئەو هێزە ئەمنیەی كه‌ناڵه‌كه‌ى داخست، هیچ بەڵگەیەکی یاسایان پێنەبو بۆ داخستنی و پێش وەخت هیچ ئاگەدارکردنەوەیەکیان بۆ ئێمە نەناردوە.
 
وتیشی: بە تەنها کەناڵی NTR1یان دانەخستوە بەڵکو کەناڵەکانی (NRT2, NRT3, NRT4)یش داخست.
 
 
”سانسۆرێکی زۆر لەسەر کارەکانمان هەیە، بەزەحمەت دادتاو زانیاریمان پێدەدرێت“
 
خانمە پەیامنێرەکانی کەناڵی NRT ئاماژە بەوەدەکەن بەبەردەوامی سانسۆر لەسەر کارەکانیان هەیەو رێگریان دێتە پێش لەکاتی کارکردنیان.
 
زەهرا عه‌لی، ماوەی ساڵێک و سێ مانگە وەک پەیامنێر لەکەناڵی NRT کاردەکات، بۆ نەوژین باسی لەوەکرد، بەبەردەوامی سانسۆر لەسەر کارەکانیان هەیە، وتی: داتا و زانیاریمان زۆر بەزەحمەت دەست دەکەوێت، کاتێک دەمانەوێت راپۆرت و هەواڵێک لەسەر بابەرتێک یان دەزگایەکی حکومی و ئەهلی ئامادەبکەین، لەبەرامبەردا دەبینین دەزگایەکی دیکە بۆ هەمان شت زۆر ئاسانکاری بۆدەکرێت کە کەناڵی سەر بەدەسەڵاتە یاخود سێبەری حزبەکانە، ئەمە وایکردوە زۆر هیلاک بین.
 
وتیشی: بۆ خۆم روبەڕی هەڕەشەو قسە پێوتن و رێگری بومەتەوە بەتایبەت لە پرسە هەستیارەکان بەنمونە کاتی خۆپیشاندان و گردبونەوەکان.
 
”ئەمە هەوڵی دەسەڵاتە بۆ کپکردنی دەنگە ئازادەکان“
 
هاوکات خانمانی راگەیاندکاری ئەم دەزگایە هۆکاری داخستنی کەناڵەکەیان گرێدەدەنەوە بەم بارودۆخەی کە هاتۆتەپێش لە گرژی و خۆپیشاندانە یەک لەدوای یەکەکان.
 
غەمگین محەمەد، وتی: ئەمە پەرچەکرداری ئەو روماڵە ئازادانەی NRT یه‌ بۆ خۆپیشاندانى چەند رۆژی رابردوی هاوڵاتی هەرێم، لەکاتێدایە NRT بانگەشەی ئەوەی نەکردوە خەڵک بێتە شەقام تەنها روماڵی کردوە.
 
وتیشی: ئەمە  هەوڵی دەسەڵاتە بۆ کپکردنی دەنگەئازادەکان، داوا لەسەر جەم کۆنسۆڵخانەو رێکخراوە NGO ەکان دەکەین لەمڕوەوە بێنە سەر هێڵ.
 
سەنتەری میترۆ: بەشەق پەلاماری خانمە رۆژنامەنوس دراوە
 
لە بیاننامەیەکدا سەنتەری میترۆ رایگەیاند: بریاری داخستنی كەناڵیNRT، هەمو رواڵەتەكانی توندوتیژی و رێگری بەرامبەر رۆژنامەنوسان و دەزگانی میدیا سەركۆنە دەكات.
 
لە بەیاننامەکدا ئاماژە بەوەکراوە: لە ماوەی چوار رۆژی رابردودا، لەناو شاری سلێمانی و هەندێ قەزاو ناحییەی سەر بە پارێزگای سلێمانی، هێزە ئەمنییەكان لەچەند ناوچەیەكدا رووبەرووی رۆژنامەنوسان و خۆپیشاندەران توندوتیژییان بەكارهێناوە، رێگرییان لە چەند كەناڵێكی راگەیاندن كردوە، دو رۆژنامەنوسی كەناڵی ئین ئارتیان دەستبەسەركردوە، بەشەق پەلاماری خانمە رۆژنامەنوس (هەوراز ئەحمەد) پەیامنێری شار پرێس دراوە.
 

 

 



Newjin.net - 2024
ژمارەی سەردان 1,342,326     ژمارەی میوان 4653

دروستکراوە لەلایەن کۆمپانیای (کۆدتێك)ەوە