یه‌كه‌م کچە رۆژنامه‌نوس خه‌ڵاتى کاوە گەرمیانی پێشکەش ده‌كرێت

2020/12/05    688 جار بینراوە
 
* نه‌وژین
 
لە مەراسیمی حەوتەمین ساڵیدادی تیرۆرکردنی رۆژنامەنوس کاوە گەرمیانی خەڵاتی (قەڵخانی شەهیدی قەڵەم کاوەگەرمیانی) بەخشرا بە کچە رۆژنامەنوس: (نیاز عەبدوڵلا). 
 
نیاز عەبدوڵلا قادر، لە ساڵی (١٩٨١) لە پارێزگای کەرکوک لە دایک بوە، ئێستا لە پارێزگای هەولێر نیشتەجێیە و  ماوەی  ١٩ ساڵە لە بواری راگەیاندنی ئازاد کاردەکات، چەندین جار روبەڕوی هەڕەشە و ناوزڕاندن و دەستگیرکردن بۆتەوە.
 
لە وتاری وەرگرتنی خەڵاتەکەدا، (نیاز عەبدوڵڵا)، رایگەیاند: خەڵاتەکەم پێشکەش دەکەم بە هاوپیشەم شێروان شێروانی و زیندانیانی بادینان کە ماوەی زیاتر لە دومانگە لە زیندانەکان و بە پێی راپۆتی رێکخراوە نێودەوڵەتیەکانیش ئەوان ئەشکەنجە دەدرێن و تۆمەتی مەترسیداریان بۆ دروست کراوە.
 
ئاماژەی بەوەشکرد: جیاوازی شەهیدانی رۆژنامەنوس لە هەرێمی کوردستان ئەوەیە رۆژنامەنوسە شەهیدەکانی ئێمە بەنمونەی کاوە گەرمیانی لەبری ئەوەی لەبەرەکانی جەنگ شەهید بن، لەماڵەکانی خۆیان لە ئامێزی دایکیان تیرۆر دەکرێن، بۆیە هیچ شوێنێک بۆ رۆژنامەنوس و کەسانی ئازادیخواز لە کوردستان دڵنیایی نەماوە.
 
 
لە کۆتایی قسەکانیدا ئەوەشی خستەڕو بەهۆی دەستگیرنەکردنی بکەرانی راستەقینەی تاوانەکانی تیرۆرکردنی رۆژنامەنوس و ئازادیخوازان، وایکردوە تیرۆر و تۆقاندن بەردەوام بێت، وەکخۆیشی وتی: لەگەڵ ئەوەشدا ئێستا مۆدێلێکی دیکە دژ بە رۆژنامەنوسانی ئازاد بەکار ئەویش یاسا و دادگاکانە بۆ هەڕەشەو چاوسورکردنەوە لەگەڵ کڕینی دەنگە ئازادەکان لەڕێگەی ئەو داهاتەی کە بە گەندەڵی کۆی دەکەنەوە.
 
ساڵانە لە مەراسیمی یادی تیرۆرکردنی رۆژنامەنوس کاوە گەرمیانی خەڵاتی شەهید قەڵەم دەبەخشرێت بەو کەسانەی لە بواری ئازادی کاردەکەن، خه‌ڵاته‌كه‌ش رادیۆی ده‌نگ پێشكه‌شى ده‌كات، ئه‌مه‌ یه‌كه‌مجاره‌ به‌ ژنه‌ رۆژنامه‌نوس یان چالاكوانێك ده‌درێت، پێشتریش به‌ هه‌ریه‌كه‌ له‌:  (رۆژنامه‌نوس: شیروان شیروانى، دادوه‌ر: هاوژین حه‌مید، ئه‌فسه‌رى پێشو: ملازم فه‌رامۆش، پارێزه‌ر: كاوه‌ له‌تیف، رۆژنامه‌نوس: سه‌ردار محه‌مه‌د و سیاسه‌ته‌وان: سه‌ڵاحه‌دین ده‌میرتاش) درا.
 
رۆژنامەنوس کاوە گەرمیانی، لە رێکەوتی (٥/١٢/٢٠١٣)، لە ماڵەکەی خۆیدا لە قەزای کەلار، لە پێش چاوی دایکی درایە بەردەستڕێژی گولە و تیرۆرکرا.
 
 
 


Newjin.net - 2024
ژمارەی سەردان 1,306,736     ژمارەی میوان 93

دروستکراوە لەلایەن کۆمپانیای (کۆدتێك)ەوە