شارەزایەکی هەڵبژاردنەکانی عێراق ژمارەی کورسیەکانی ژنان بۆ هەڵبژاردنی ئۆکتۆبەر دیاری دەکات

2021/09/29    934 جار بینراوە
 
* نەوژین
 
هەڵبژاردنی پێشوەختەی پەرلەمانی عێراق ١٤ رۆژی ماوە قسەکان لەسەر ژمارەی کورسی ژنان بەردەوامی هەیە کە ئاخۆ لەم هەڵبژاردنە رێژەی ٢٥٪ تێدەپەڕێنن، شارەزایەکی هەڵبژاردنەکانی عێراق، ئاشکرای دەکات یاساکە رێگرە لەوەی ژنی زیاتر لەو رێژیەیە بگاتە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق.
 
لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق رێژەیەك دانراوە بۆ ژنان و بەپێی دەستور نابێ (٢٥٪)ی کۆی کورسیەکانی پەرلەمان کەمتربێت، کە دەکاتە (٨٣کورسی) ئەم رێژەی چەسپێنراوی ژنان بوە بە بنەمای دابەشکردنی بازنەکانی هەڵبژاردن و هەمو عێراق بوە بە (٨٣ بازنەی هەڵبژاردن)، دەبێت لە هەر بازنەیەك بەلایەنی کەمەوە ئافرەتێك ببێتە ئەندامی پەرلەمان، ئەمەش بەپێی یاسای (ژمارەی ٩ی ساڵی٢٠٢٠) ی هەڵبژاردنی پەرلەمان.
 
٩٦٨ ژنە کاندید کێبڕکێی بە دەستهێنانی کورسیەکانی پەرلەمان دەکەن
 
بە پێی یاسا نوێیەکەی هەڵبژاردن لە هەربازنەیەک چەند کورسی دیاری کرابێت ئەوەندە کاندید سەردەکەوێت بە پێی ریزبەندی ئەو بازنەیە، کۆی ژمارەی کاندیدانی ئەم هەڵبژاردنە بۆ پەرلەمانی عێراق (٢٥٦٠) کاندید و تێیدا لەو ژمارەیە ژنان بە رێژەی (٢٧،٣٣٪)بەشدارن بە (٩٦٣)کاندید، لەسەر ئاستی سێ پارێزگاکەی هەرێم (٤٩)ژن کاندیدن واتە بە رێژەی (٣٦،٠٢٪) ژنان لە هەرێمی کوردستان دەچنە ململانیەکانی ئەم هەڵبژاردنەوە کە بڕیارە لە ١٠ ئۆکتۆبەری ئەمساڵ بەڕێوەبچێت. 
 
 دڵشاد نامیق، شارەزا لە بواری هەڵبژاردنەکانی عێراق باسلەوەدەکات لە هەربازنەیەک ژنان بە دەنگی خۆیان کورسیەک بەدەستبهێنن ئیتر کار بە رێژەی کۆتا ناکرێت و دەڵێت: ”ئەگەر لە هەر بازنەیەکی هەرڵبژاردندا ئافرەتێك بە حەقی خۆی دەنگی هێنا و کورسی بردەوە، ئیترپەنا نابرێتە بەر کۆتای ژنان، بەڵکو گشت کاندیدەکان دەچنە کێبەرکێی گشتیەوە بۆ بەدەستهێنانی کورسی“.
 
کەی ژنان رێژەیان بۆ هەژماردەکرێت؟
 
ئەو شارەزایەیی هەڵبژاردنەکانی عێراق  ئاماژەبەوەدەکات،  لە هەر بازنەیەك ئەگەر ژن بە حەقی خۆی و لە کێبەرکێی گشتی دەرنەچو، ئەوا دوای یەکلاکردنەوەی کورسی پیاوەکان، دواهەمین کورسی دەدرێت بەو ئافرەتەی زۆرترین دەنگی هێناوە لەناو کاندیدە ژنەکان ئەگەرچی دەنگەکانی کەمتریش بێت لەو کاندیدە پیاوانەی کە ماون و کورسیان بەرنەکەوتوە.
 
 
لە پێنج خولی رابردوی پەرلەمانی عێراق خولی پێنجەم ژنان زۆرترین کورسیان بە دەستهێناوە وەک ژمارە بە (٨٤) کورسی لە کۆی ٣٢٩ کورسی، ئەمە لە کاتێکدایە وەک رێژە لە هەڵبژاردنەکانی ساڵی (٢٠١٥) کە یەکەمین خولی پەرلەمانی عێراق بو ژنان بەرزترین رێژەی کورسیان هەبو بە(٢٥،٩٪) کورسیەکانی پەرلەمان کە ئەوکات ٧٠ کورسیان هەبو لە کۆی ٢٧٠ کورسی
 


Newjin.net - 2024
ژمارەی سەردان 1,305,307     ژمارەی میوان 177

دروستکراوە لەلایەن کۆمپانیای (کۆدتێك)ەوە