كێ بەرپرسە لە لاوازی لێهاتویی كاندیدە ژنەكان؟

2021/09/26    177 جار بینراوە
 
* نەوژین - هێڤی حسێن
 
ئەوە یەكلایی بوەتەوە كە بەپێی دەستوری عێراقی دەبێت رێژەی ئافرەتان لە كورسیەكانی پەرلەمانی عێراق لە (25%) كەمتر نەبێت، ئەمەش واتا پێویستە بەلایەنی كەمەوە 83 ژن ببنە ئەندامی پەرلەمان، جا لێرەدا من نامەوێ قسە لەسەر رێژەكە و باشی و خراپیەكەی بكەم، بەڵكو دەمەوێ لە روانگەی مەبەست و ئامانج لە دانانی ئەو رێژەیەوە هەندێ بیروبۆچون بخەمەڕو دەربارەی كاندیدە ژنەكانی حیزب و سەربەخۆكان، بێگومان دانانی ئەو رێژەیە بۆ ئافرەتان لە پەرلەماندا بۆ ئەوەیە ژنان بتوانن نوێنەرایەتیەكی راستەقینەی خۆیان بكەن لەناو پەرلەماندا و یاسا و رێساكان دەربڕی روانگەیەكی پیاوانە نەبێت بەتەنها.
 
ئەم بابەتە دەرفەت و دەرگایەكە بۆ ئەوەی ژنان لە قۆناغێكی دیاریكراودا بە دەنگی كەمتر لە پیاوان بچنە پەرلەمان و كەمتر بكەونە ژیر منەت و ماندوبونەوە بۆ گەیشتن بەو كورسیانە، بەڵام نابێت ئەمە ببێتە دەرچەیەك بۆ چونە پێشەوەی خەڵكی ناشایستە، واتا تەنها "ژن"  بون لەبەرچاونەگیرێ بەبێ گوێدانە توانا و لێهاتوییەكەی، بەڵكو دەبێت كوالێتی كاندیدانی ژن بەتەواوی گرنگی پی بدرێت، بەجۆرێك بتوانرێت ژنانی وەها بنێردرێنە پەرلەمانەوە ببنە نمونە بۆ ئەوەی بیسەلمێنن ژنان بەتوانان و دەكرێت لەداهاتودا لەدەرەوەی كۆتا و بەتوانای خۆیان بچنە پەرلەمانەوە.
 
”بەشێكی زۆری كاندیدە ئافرەتەكان وەك ئەكتەری پڕكردنەوەی شوێن دانراون“
 
ئێستا بە دیقەتدانی هەڵمەتی هەڵبژاردنی عێراق لە هەرێمی كوردستان تێبینی ئەوە دەكرێت بەشێكی زۆری كاندیدە ئافرەتەكان وەك ئەكتەری پڕكردنەوەی شوێن دانراون، تەنها بۆ ئەوەی ببنە میكانیزمی بەدەستهێنانی كورسیەك وەك دەستكەوت بۆ حیزب یان هاوپەیمانیە سیاسیەكەیان، نەوەك ئەوەی لێوەشاوەیی و تواناكانیان كرابێتە پێوەر ولەسەر بنەمای ئەوە هێنرابێتنە پێشەوە، هەر بۆیە لە هەمو كوردستان تاكە ژنێك سەرۆكی لیست نیە! هیچ حیزبێك لە هیچ بازنەیەكی هەڵبژاردن لە ژنێك زیاتری دانەناوە هەتا بتوانێ لەسەر توانای خۆی كێبەركێ بكات و حیزبی پاڵپشتی بكات، ئەمەش واتا ئەو حیزبانە متمانەیان بەژنان نیە و سەركردایەتی لیستیان پێ ناسپێرن، تواناكانیشیان بەهەند وەرناگرن و هەوڵ نادەن لەبەرانبەر پیاوێكدا لەسەر كورسیە گشتیەكان كێبەركێیان پێ بكەن!
 
لەلایەکی ترەوە بەشێك لە حیزبەكان بۆ دانانی كاندیدانی ژن تەنانەت پرنسیپە حیزبیەكانی خۆیشیان لەبەرچاو نەگرتوە، خانمی وا كاندیدی حیزبەکانە نەك تواناكانی بۆ خەڵك نادیارن بەڵكو لەناو حیزبەكەی خۆیشیدا دەستكەوت و داهێنان و سەرمایەیەكی فیكری و رۆشنبیری نیە هەتا شانازی پێوەبكات و بیكاتە پاشخانی كاركردنی.
 
ئاخر ژنێك نەیتوانیبێت ئەوەندە خاوەن توانا و ڕۆشنبیری وچالاكی سیاسی نە بێت لەناو حیزبەكەیدا كە بە پلەی پێویستدا تێپەڕبێت، و نەیتوانیبێت ببێتە جێگەی متمانەی كادیرانی حیزبەكەی خۆی، ئیتر چۆن بتوانێت ببێتە نوێنەری ژنانی بازنەیەكی هەڵبژاردن و بتوانێت دەربڕی خواستەكانیان بێت! یاخود چۆن پارتی سیاسی رێگە بەخۆی دەدات بانگەشەی بۆ بكات و داوا لەخەڵك بكات متمانەی پی بدەن لەكاتێكدا ئەو نەیتوانیوە لە ناو حیزبەكەیدا خۆی بسەلمێنێت!
 
لێرەوە دەبێ بڵێین كۆتای ژنان لەبری ئەوەی بوبێتە دەروازەیەك بەڕوی تواناكانی ژناندا بوە بە رێگایەك بۆ گەیشتنی هەندێ كەسێ بێ توانا و كەم توانا بە پەرلەمان و دواجاریش خەوشداركردنی نوێنەرایەتی راستەقینەی ژنان.
 
” ئاستی توانای كاندیدانی ژن خزمەتی گەورە بەدۆزی ژنانی کوردستان دەكات“
 
خاڵێكی تر  كە جێگەی سەرنجە، زۆربەی كاندیدە ژنەكانی پەرلەمانی عێراق لە كوردستان جەخت و تەركیزیان لەسەر بابەتە سیاسیەكانە و هەر بە قسەكردنیاندا دیارە پیاوەكان بەرنامەی كار و وتارەكانیان بۆ نوسییونەتەوە، ئاخر كەمترین بابەتی خواستەكانی ژنان باس دەكەن یان هەر باسی ناكەن، بۆنمونەی نەمان بینی كاندیدێك بێت و پێمان بڵێ چی دەكات بۆ هەڵوەشانەوە یان راگرتنی یاسای جەعفەری كە رێگە بە شودانی منداڵی نۆساڵان دەدات؟
 
كەسیان نەهاتن پێمان بڵێن چۆن كاردەكەن بۆ دروستكردنی هاوسەنگی جێندەری لە دەزگاكانی حكومەتی عێراقیدا، هیچ ژنە كاندیدێك نابینی باسی ئەوە بكات بەرنامەی چیە بۆ ژنانی شەنگال و ئەنفال لەسەر ئەرزی واقیع و بەبێ تێكەڵكردنی بەسیاسەت تەنها وەك ئازار و پێشێلكاریەكی ژنانە! ئەی کێ لە نوێنەرە ژنەکانی کورد هاتە دەنگ و بڵێ من لە پەرلەمانی عێراق بە دەنگێکی زوڵاڵانەی زمانی دایکم دەئاخاوم کە مافێکی دەستوریمە، وە بەو زمانە پارێزگاری لە مافەکانی کوردو کوردستان دەکەم؟! بێگومان کەس ئەمەی نەکردوە و دیاریشە لە کوالێتی کاندیدەکانەوە لەخولی داهاتویش نایبینین بکرێت!
 
ئەمانە و چەندین سەرنجی تر پێمان دەڵێت بەرزكردنەوەی كوالێتی و ئاستی توانای كاندیدانی ژن خزمەتی گەورە بەدۆزی ژنانی کوردستان دەكات، وادەكات تەنها ژمارەیەك نەبن و تەواو، بەڵكو دەنگ و رەنگی راستەقینەی ژنان بن.
 
 
 
 


ئەرشیفی نەوژین | دەربارە | پەیوەندی
Newjin.net - 2021
دروستکراوە لەلایەن کۆمپانیای (کۆدتێك)ەوە
ژمارەی سەردان 269,353     ژمارەی میوان 12