* نەوژین
دوای ئەوەی شەوی رابردو تەرمی ژنێک بە خنکێندراوی گەیەندرایە پزیشکی دادوەری قەزای کەلار، ئەمڕۆ لەسەر سکاڵای دایک و باوکی ژنەکە هاوسەرەکەی دەستگیرکرا.
ئەیوب حسێن بەڕێوبەری نوسینگەی بەرەنگاربونەوەی توندوتیژی دژ بە خێزان و ئافرەتان لە قەزای کەلاری ئیدارەی گەرمیان، بە نەوژینی رایگەیاند: روداوەکە شەوی رابردو بوە، تا ئێستا ئەنجامی پشکنینی پزیشکی دادوەری دەرنەچوە، کە ئایا خنکێندراوە یان خۆی خنکاندوە، بەڵام لەسەر سکڵای دایک و باوکی ژنەکە، هاوسەرەکەی بە پێی مادەی ٤٠٦ دەستگیرکراوە.
وتیشی: قوربانیەکە ناوی بەیدا ئیبراهیم، و لە دایک بوی ساڵی (١٩٨٦)ە.
بە پێی زانیاریەکانیش هۆکاری سکاڵای خێزانەکەی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە گومانیان لە خنکانی کچەکەیان هەیەو هاوسەری کچەکەیان بە تۆمەتبار دەزانن.