”فەیسبوکی براکەم هاک کراو وێنەی منی تێدا بڵاوکرایەوە“

2021/08/24    1339 جار بینراوە
 
* نەوژین -  تیشکۆ تەیب
 
هاکردنی ئەکاونتی تۆڕەکۆمەڵایەتیەکان لێکەوتەی خراپی بەرامبەر ژنان لێکەوتوەتەوە بەشێوەیەک بەکارهێنەرانی توشی دڵەڕاوکێ کردوە، ئەمە لە کاتێکدایە یاسایی تایبەت بە خراپ بە کارهێنانی ئامێرەکانی پەیوەندی لە هەرێم بەرکارە.
 
سارا محمد، کچە خوێندکارێکی زانکۆیە و دانیشتوی قەزای کەلارە لە ئیدارەی گەرمیان، ئەوکاتەی هەژمارەی براکەی لە تۆڕەکۆمەڵایەتیەکان هاک دەکرێت وێنەی ئەمی تێدابڵاودەکرێتەوە، ئەو بۆ نەوژین وتی: کاتێک لەدەوام گەڕامەوە زۆر ماندوبوم خەوم لێکەوتبو بەڵام لەدەنگە دەنگی خوشکەکەم خەبەرم بویەوە کە دەیت وێنەت بڵاوبۆتەوە منیش زۆر ترسام چونکە من هاوسەرگیریم کردوە،  ئەمەش رەنگە توشی کێشەی بکردایەم“.
 
وێنەی سارا لە رێگەی مسجەوە کە بۆ براکەی ناردبوی، خرابوە سەر پرۆفایلی ئەکاونتە هاکراوەکەی براکەی، ئەو کەسانەشی کە کارەکەیان کردبو لە بەرامبەر ئەنجامنەدانی کاریدیکە لە رێگەی وێنە خێزانیەکانیانەوە داوای کارتی هێڵێکی ئینتەرنێتیان لێکردبون.
 
دواتر براکەی مۆبایلەکە دەباتە بازاڕ بەو هیواییەی بتوانێت ئەکاونتەکەی بگەڕینێتەوە، بەڵام بێسود دەبێت تاوکو دواتر کەسێکی شارەزا بۆیان دەگەڕێنێتەوە.
 
”ناردنی ژمارە و کۆد بۆ لینکە ساختەکان هۆکاری هاکردنن“
 
رێڤان هۆشمەند، فرۆشیاری مۆبایلە باسلەودەکات رۆژانە ئەم حاڵەتانە رویان تێدەکات، ئەو بۆ نەوژین وتی: هۆکاری زۆری هاکردنی ئەکاونتی هاوڵاتیان بۆ نەشارەزایە لە بەکارهێنانی تۆرەکۆمەڵایەتیەکان و کە لینکی ساختە دەکەنەوە دواتر کۆد و ژمارەی خۆیانیان بۆ دەنێرن کەسەکانیش بە ئاسانی هاکیان دەکەن، لەگەڵ ئەوەشدا بەشێکیان ئەکاونتەکانیان لە روی تایبەتمەندی پاراستنیەوە زۆرخراپە“.
 
هەروەک ئاسۆ وەهاب، راهێنەری بواری سەلامەتی دیجیتاڵی بەهەما شێوە جەختی لەوەکردە وتی: ”هاکردن بەزۆری دوجۆرە  یەکێکیان هەڵە لەبەکارهێنەردایە کەدەکەونە ناوتەڵەی هاکەرزانەو بەکردنەوەی لینکی ساختە هەمو زانیاری کەسێتیان دەچێتەبەردەستی هاکەرزەکان، جۆرێکی تریش پێویستی بەشارەزاییەکی زۆرو پرۆگرام سازی هەیەو لەڕوی کات و پارەوە تێچونی زۆرترە“.
 
وتیشی: ”دەبێت بە ئاگایەوە مامەڵە لەگەڵ تۆڕەکۆمەڵایەتیەکان بکرێت، ژیانی تایبەتی جیابکرێتەوە لەمۆبایل و تۆڕەکۆمەڵایەتیییەکان، هیچ لینکێک نەکەینەوە تەنانەت ئەگەر لەلایەن نزیکترین کەسیشمانەوەبێت، دەبێت ئەوکەسانەی هاکدەکرێن جوابی هیچ نامەو هەڕەشەیەک نەدەنەوەو هیچ داواکاریەکی هاکەرز جێ بەجێ نەکەن، بەزوترین کات کەسێکی نزیکی خێزانەکەی ئاگاداربکاتەوەو پاشان لەلای پۆلیس سکاڵا بکەن“.
 
 
پۆلیس: ئەوکەسانەی روبەڕی هاککردن دەبنەوە بە کەمی سکاڵاتۆماردەکەن
 
 وتەبێژی پۆلیسی گەرمیان باسلەوەدەکات ئەو کەسانەی روبەڕی هاککردن دەبنەوە زیاتر وێنەی ئافرەتانی خێزانەکانیان دەبێتە هەڕەشە بۆسەریان یان ئافرەتەکان خۆیان کە هاک دەکرێن وێنە و ڤیدۆکانیان دەبێتە هەڕەشە لەسەریان، بەڵام کێشە ئەوەیە بە کەمی لەم  حاڵەتانە سکاڵادەکرێت ئەمەش دەبێتە رێگر لە بەسزاگەیادنی تاوانبارن
 
علی جەمال، وتەبێژی پۆلیسی گەرمیان بۆ 'نەوژین' وتی: لەم کاتانەدا کەسەکان سکاڵا تۆمارناکەن لە بنەکەکانی پۆلیس، زۆرجار دەترس چونکە وێنەکانیان وەک چەکێک دژیانبەکاردێنن، بەڵام من دڵنیایی دەکەمەوە ئەم جۆرە کەیسانە زۆربەنهێنی لێکۆڵینەوەی تێدادەکرێت“.
 
وتەبێژەکەی پۆلیسی گەرمیان وتیشی: کەسانێکی زۆرمان دەستگیرکردوە کەبۆپارە یان بۆ شکاندنی شکۆی کەسێک یان لایەنێک ئەم کارەیان کردوە، کەمتر بەشێوەی باندن، ئەم تاوانە بەپێی یاسای خراپ بەکارهێنانی ئامێرەکانی پەیوەندی سزاکەی لە ٦ مانگەوە دەستپێدەکات بۆ ٥ ساڵ لە گەڵ مەبلەخێک غەرامە ئەم سزایانە بەپێی جۆری تاوانەکە سەختر دەبێت“.
 
 
 


Newjin.net - 2024
ژمارەی سەردان 1,358,435     ژمارەی میوان 621

دروستکراوە لەلایەن کۆمپانیای (کۆدتێك)ەوە