نیان خۆی کوشتوە یان ناچارکراوە؟

2021/08/29    2020 جار بینراوە
 
* نەوژین 
 
سەرلە بەیانی رۆژی (٢١/٨/٢٠٢١) هەواڵی خۆکوژی'نیان ئەڵڵاکەرەم محمدخان' لە گەڕەکی شارەوانی لە شاری هەڵەبجە بڵاودەبێتەوە، دەوترێت توشی نەخۆشی دەرونی بوە زانیاریەکانیش دەریدەخەن چەندین کێشە بەرۆکی بە ژیانی گرتوە، پۆلیش کەسی وەک پاڵنەری پشت تاوەنەکە دەستگیرنەکردوە، ئە لەکاتێکدایە بە پێی یاسا دەبێت کەسانی پاڵنەری خۆکوژی سزابدرێن.
 
نیان ئەڵڵاکەرەم، ماوەی 10 ساڵە ژیانی هاوسەرگیری پێکهێناوە بەپێی وتەی خانەوەدەکەی ماوەی سیازدەساڵی ژیانی هاوسەری نەیتوانیوە ببێت بەدایک، بەڵام چەندین هەوڵی پزیشکەکانی لە ساڵی چواردەیەمی هاوسەرگیریەکەی دەبێت بە دایکی کوڕێک.
 
نیان دوای ١٠ ساڵ ژیان کردن چەندین جار داوا دەکات ببێتە خاوەن ماڵی سەربەخۆ و لە ماڵی باوکی هاوسەرەکەی جیاببنەوە، بە مانەوەشی کێشەکەی زیاتر پەرەدەسێنێت تا ئەوکاتەی منداڵەکەی لە دایک دەبێت خوشک و براکانی هەست دەکەن توشی نەخۆشی خەمۆکی بوە.
 
دوای ئەوە چەندجارێک لەلایەن خوشک و براکانی و خانەوادەکەیەوە دەیبەنەسەردانی پزیشک بەڵام وەک خۆیان دەڵێن سودی نەبوە، بە ئاشکرا لە کۆتا دومانگی ژیانی هەوڵی خۆکوژی دەدات، تاوەکو بەیانی رۆژی شەمە ژیانی بە خنکان کۆتایی دێت.
 
”بەکەم سەیرکردنی ئەو کەسانەی توشی نەخۆشی دەرونی دەبن مەرگی بەدوادێت“
 
بەشێکی مەرگی خۆکوشتنەکان دەبەسترێتە بە نەخۆشی دەرونی، توێژەرێکی دەرونیش جەخت دەکاتەوە ئاسانترین رێگە بۆ دەربازبونی ئەوانەی پاڵنەربون بۆ کاری خۆکوژی کەسێک، تۆمەتی بونی نەخۆشی دەرونی بۆ کەسەکە لە دوای خۆی ، کە ئەمە ناحەقیە ئەگەر بێ بەڵگە ئەوەی بخرێتە پاڵ.
 
کوردە باپیر، توێژەری دەرونی لە شاری هەڵەبجە بۆ 'نەوژین' لە بارەی مەرگی نیان و ئەو کەسانی دەوترێت بەهۆی نەخۆشی دەرونیەوە کۆتاییان بە ژیانی خۆیان هێناوە وتی: ”راستە یەکێک لەھۆکارەکانی خۆکوژی بونی نەخۆشی دەرونیە، بەڵام دەبێت بزانین ھەموان بە رێژەیەک دوچاری گرفتێکی دەرونی دەبین، لەم سەردەمی بێئومێدی و بێزاری و ناسەقامگیریەی وڵاتی پێدا دەڕوات، سەدەھا ھۆکار و پاڵنەر ھەن ھەر لە کێشەی خێزانی و پشتگوێخستنی دەوروبەر و دۆخی گوزەران و ئابوری“
 
ئەو توێژەری دەرنیە باسی لەوەشکرد بەکەم سەیرکردنی ئەو کەسانەی دەڵێن نەخۆشی دەرونیان توشبوە هۆکارێکی سەرکیە بۆ کۆتایی هێنان بە ژیانی خۆیان و تی: بەھۆی داخراوی کۆمەڵگەو بەکەم سەیرکردنی ئەو کەسانەی دەڵێن نەخۆشی دەرونیمان ھەیە وایکردوە کە شەرم لە ئاشکراکردنی بکرێت، چونکە کە ئاشکرای دەکەن دۆخەکە خراپتردەبێت، توشبو تا کۆتا پلەی بێ ئومێدی دەبرێت تا ئەو رادەی کە دەستی دەچێتە رۆحی خۆی و کۆتایی بە ژیانی دێنێت.
 
 
پۆلیس: کەس سکاڵای تۆمارنەکردوە و کەسیشمان دەستگیرنەکردوە
 
بە پێی توێکاریە پزیشکیەکان نیان، کاتژمێر (٣:٠٠)  شەو کۆتایی بە ژیانی هاتوە، مقدم بەرزان عوسمان، وتەبێژی پۆلیسی پارێزگای هەڵەبجە بە نەوژینی راگەیاند: لە پزیشکی داد دەرکەوت کاتژمێر سێی شەو خۆی خنکاندوە، بەڵام کاتژمێر حەوت و نیو پێیان زانیوە.
 
وتەبێژەکەی پۆلیسی هەڵەبجە ئاماژەی بەوەکرد: ”تا ئەوەی ئاگەداربین هیچ کام لەخێزانی ئەو ژنە داوایان تۆمار نەکردوە، وتەمان لە کەس وکاری وەرگرتوە، چوینە شێنی روداوەکە بە هێڵکاریەکان دەرکەوت بۆمان خۆکوژی بوە، کەس و کاریشی لە وتەکانیان جەختیان لەوەکردەوە باری دەرونی تێکچوە بەهۆی نەخۆشی خەمۆکی“
 
ئەمە لە کاتێکدایە لە یاسای توندوتیژی خێزانی ژمارە ٨ ساڵی ٢٠١١ لە مادەی دوەم بڕگەی یەکەم خاڵی دەیەمدا ھاتوە (خۆکوشتن بە کاریگەری توندوتیژی خێزانی ‏تاوانە). لەگەڵ ئەوەشدا هه‌موار كردنى مادەی ٤٠٨ ی یاسای سزادانی عێراقى ژمارە ٤٢سالی ٢٠٠٤ لە بڕگەی ٢(تسبب فی الانتیحار) واتە ھەر کەسێک ‏ھۆکار بێت بۆ خۆکوشتن ئەوا تاوانبارە، بەتایبەت لە پشت خۆکوشتنی ئافرەت ھاوسەر یان کەسوکار بونی ھەیە‎. 
 
هەروەک بەهۆی نەبونی بەڕێوبەرایەتی تایبەت بە بەرانگاربونەوەی توندوتیژی دژ بە ژنان لە پاریزگای هەڵەبجە ئامارەکانی کوشتن و خۆکوشتنی ژنان وننە، هەروەک لە ماوەی ٦ مانگی ئەمساڵ لە هەرێم ٣٢ ژن کۆتایان بە ژیانی خۆیان هێناوە.
 


Newjin.net - 2024
ژمارەی سەردان 1,357,269     ژمارەی میوان 717

دروستکراوە لەلایەن کۆمپانیای (کۆدتێك)ەوە