گەرمیان: توندوتیژی دژی ژنان لەھەڵکشاندایە

2021/08/23    973 جار بینراوە
 
* نەوژین- شنیار سەڵاح
 
لەماوەی حەوت مانگی ئەمساڵ دا ٤٠٠ حاڵەتی سکاڵاکردن لە بەڕێوبەرایەتی بەرەنگاربونەوەی توندوتیژی دژی ژنان و خێزان لە گەرمیان تۆمارکراوە، وتەبێژی بەڕێوبەرایەتیەکەش دەڵێت: ئەو ھۆکارانەی دەبنە ھۆی توندوتیژی، نەک ھەوڵی نەھیشتنیان نادرێت، بەڵکو برەویان پێدەدرێت.
 
ئەیوب حسێن، وتەبێژی بەڕێوبەرایەتی بەرەنگاربونەوەی توندوتیژی دژی ژنان و خێزان لە گەرمیان، بۆ نەوژین وتی: لە سەرەتای ئەمساڵەوە ٤٠٠ حاڵەتی تەندوتیژی جۆراوجۆر لەلامان تۆمارکراوە، ئەمەش بە بەراورد بە ساڵی پار کە (٣٨١) حاڵەت بوە، رێژەکە زیادی کردوە.
 
لەبارەی ھۆکارەکانی ئەم زیاد بونە، ئەیوب حسێن بەشێکی بۆ دۆخی ئابوریی و کێشەی دابیننەکردنی بژێوی گەڕاندەوە کە سەردەکێشێت بۆ دروستبون و ئاژاوە و شەڕ لە نێو خێزانەکان دا.
 
پێیشیوایە ئەو ھۆکارانەی دەبنە ھۆی توندوتیژی، لە بری لاوازکردنیان، برەویان پێدەدرێت، لە نمونەی سۆشیال میدیا و دراما بیانیەکان کە بەوتەی خۆی "زۆرجار چاولێکەری ئەو درامایانە بوەتە ھۆی تێکچونی شیرازەی خێزان".
 
بە رای وتەبێژی بەڕێوبەرایەتی بەرەنگاربونەوەی توندوتیژی دژی ژنان و خێزان لە گەرمیان، ئەگەر ھەوڵی جیدیی نەدرێت، دۆخەکە خراپتر دەبێت، بۆ ئەم مەبەستە پێیوایە پشت بەستن بە یاسای بەرەنگاربونەوەی توندوتیژی خێزان و ژنان بەتەنھا بەس نیە، وەکخۆی وتی: یاساکە پێویستی بە ھەموارکردنەوە و ئیجرائاتی زیاترە.
 


Newjin.net - 2024
ژمارەی سەردان 1,359,621     ژمارەی میوان 1807

دروستکراوە لەلایەن کۆمپانیای (کۆدتێك)ەوە