”بەتەنها جێمان مەهێڵن“

2021/08/15    984 جار بینراوە
 
*نەوژین -  پەیامێکی ''سەحرا کەریمی'' فیلمسازی ئەفغان بۆ سینەماکارانی جیهان. 
 
وەڕگێڕانی: هێشو خسروی 
 
بە دڵێکی شکاوەوە دەنوسم بۆتان و بە ئومێدی ئەوەی هاوکارمبن تاوەکو خەڵکە ئازیزەکەی نیشتیمانەکەم، بەتایبەت فیلمسازان لەبەرامبەر تاڵیبان بپارێزم. لە چەند هەفتەی رابردودا، تاڵیبان کۆنتڕۆڵی زۆربەی ناوچەکانی گرتوەتەوە دەست. ئەوان دەستیان کردوە بە کوشتن و لەناوبردنی خەڵک، زۆرینەی منداڵەکانیان رفاندوە، کچە بچوکەکانیان وەکو بوک بە پیاوەکانی خۆیان فرۆشتوە، ژنێکیان تەنیا لەبەر شێوازی جلوبەرگەکەی کوشت، چاوی ژنێکیان دەرهێنا، کۆمیدیانێکی ئازیزی ئێمەیان ئەشکەنجەدا و کوشتیان، شاعیرێک و مێژونوسێکیان کوشت، بەرپرسی ناوەندی زانیاری و راگەیاندنی حکومەتیان کوشت، ئەو کەسانەی سەر بە حکومەت بون تیرۆریان کردن، بەپێش چاوی هەموانەوە پیاوەکانیان هەڵواسین، سەدان هەزار خێزانیان ئاوارە کرد.
 
خێزانەکان دوای هەڵاتنیان لە ویلایەتەکانیان لە ئۆردوگاکانی کابوڵدا لە بارودۆخێکی ناتەندروستدا ژیان بەسەردەبەن. ئۆردوگاکان تاڵان دەکرێن و منداڵە ساواکان بەهۆی نەبونی شیر گیانلەدەست دەدەن. ئەمە کارەساتێکی ئینساییە و جیهان لەبەرامبەریدا بێدەنگ بوە.
 
ئێمە بەم بێدەنگییە راهاتوین، بەڵام دەزانین کە دادپەروەرانە نییە. ئێمە دەزانین ئەو بڕیارەی کە بۆ وازهێنان لە خەڵکی ئەفغانستان داویانە، هەڵەیە، ئەو دەرچونە بەپەلەیەی هێزەکان، خیانەتە لە خەڵکی ئێمە و هەمو ئەو کارانەی کە ئێمە  لە کاتی سەرکەوتنی ئەفغانەکان لە جەنگی سارد بۆ رۆژئاوا کردمان. لەدوای ئەوە خەڵکی ئێمە فەرامۆشکران و دەرئەنجامەکەشی حکومەتی تاریکی تاڵیبان بوە و ئێستاش لەدوای بیست ساڵ هەوڵدان بۆ  بەدەستهێنانی دەسکەوتە گەورەکان بۆ ولات و بەتایبەت چینی گەنجان، هەموشتێ جارێکیتر لەم وازلێهێنانەدا لەناودەچن.
 
ئێمە پێویستیمان بە دەنگی ئێوەیە. راگەیاندنەکان، دەوڵەتەکان و دامەزراوەییە مرۆییەکانی جیهان بەشێوەیەک خۆیان بێدەنگ کردوە کە هەروەک ئەوەی 'رێککەوتنی ئاشتی' لەگەڵ تاڵیبان رەواپێدراو بوە. هەرگیز وانەبوە.  بەڕەسمی ناساندنی تاڵیبان بەشێوەیەک متمانەی بە ئەوان بەخشی تا دوبارە بە دەسەڵات بگەنەوە. تاڵیبان لە هەمو قۆناغەکانی گفتوگۆکردندا دڕندانە مامەڵەیان لەگەڵ خەڵکدا کردوە. هەمو ئەوەی کە من وەکو فیلمسازێک لە وڵاتەکەمدا بۆ دروستکردنی هەوڵمداوە لە مەترسی لە ناوچوندایە. ئەگەر تاڵیبان دەسەڵات بگرێت، هەمو هونەرەکان قەدەغە دەکرێن. من و فیلمسازە ناودارەکانیتر دەخرێینە لیستی تیرۆری ئەوانەوە. ئەوان مافی ژنان پێشێل دەکەن و ئێمە دەخرێینە گۆشەیەکی تاریکی ماڵەوە، دەنگی ئێمە بۆ هەمیشە بێدەنگ دەکرێت.
 
ئەوکاتەی کە تاڵیبان لەسەر حوکمڕانی بون، رێژەی ئەو کچانەی کە دەچونە خوێندنگا سفر بو. لەوکاتەوە تا ئێستا زیاتر لە ۹ میلیۆن کچی ئەفغان چونەتە خوێندنگا. لە شاری هیرات، سێیەمین شاری گەورەی ئەفغانستان کە بە دەستی تاڵیبان روخێنرا، بەنزیکەیی لەسەدا ٥٠ی خوێندکارەکان ژنان بون. ئەمانە کۆمەڵە دەسکەوتێکی باوەڕپێنەکراوە کە جیهان زۆر کەم ئاگاداری ئەمانەیە. تاڵیبان هەر چەند هەفتەیەک لەمەوپێش زۆربەی خوێندنگاکانی وێرانکرد و دو میلیۆن کچی ناچار کرد واز لەخوێندن بهێنن.
 
من لەم جیهانە تێناگەم. لەم بێدەنگییە تێناگەم. من وەستاوم و لەپێناو وڵاتەکەمدا دەجەنگم، بەڵام بەتەنیا ناتوانم. جیهان گرنگی نادات بەو دۆخەی کە بەسەر ئێمەدا دێت. تکایە بەگەیاندنی هەواڵ و زانیارییەکان لەلایەن گرنگترین ڕاگەیاندنی وڵاتەکەی خۆتەوە سەبارەت بە ئەو ڕوداوانەی کە لە ئەفغانستان ڕودەدەن، یارمەتیمان بدەن. لەدەرەوەی سنورەکانی ئەفغانستان دەنگی ئێمەبن.
 
ئەگەر تاڵیبان کابوڵ داگیربکات، لەوانەیە ئیتر دەستمان رانەگات بە ئینتەرنێت یان هیچ ئامێرێکی پەیوەندیکردن. تکایە بانگهێشتی فیلمسازان و هونەرمەندانی خۆتان بکەن تاوەکو پشتگیری ئێمە بکەن، تاوەکو دەنگی ئێمەبن. ئەم شەڕە شەڕێکی ناوخۆیی نییە، ئەمە شەڕێکی سەپێنراوە و دەرئەنجامی رێککەوتنی ئەمریکا و تاڵیبانە.
 
 تکایە تا ئەو شوێنەی دەتوانن ئەم واقیعیەتە لە ڕاگەیاندنەکانی خۆتاندا بڵاوبکەنەوە و سەبارەت بە ئێمە لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکاندا بنوسن.
 
جیهان نابێت پشت لە ئێمە بکات. دەنگی ژنان، منداڵان، هونەرمەندان و فیلمسازانی ئەفغانی بن. ئەم پشتگیریکردنە گەورەترین یارمەتیدانێکە کە لە ئێستادا پێویستیمان پێیەتی.
 
تکایە یارمەتیمان بدەن تاوەکو جیهان واز لە ئەفغانستان نەهێنێت. تکایە یارمەتیمان بدەن پێش ئەوەی تاڵیبان کابوڵ داگیر بکات. دەرفەتمان کەمە، رەنگە تەنیا چەند رۆژێک بێت. سوپاستان دەکەم. سوپاسگوزاری ئێوەم.
 


Newjin.net - 2024
ژمارەی سەردان 1,337,334     ژمارەی میوان 864

دروستکراوە لەلایەن کۆمپانیای (کۆدتێك)ەوە