لە شەوی هاوسەرگیریان خوێن نەبینرا بەهۆی نەتوانینی زاواوە کەچی بوکەیان کوشت!

2021/08/09    2322 جار بینراوە
 
* دیلمان ئازاد، پسپۆری پزیشکیی دادوەری 
 
کچ و کوڕێکی گەنج هاوسەرگرییان کردبو، لە شەوی بوکێنیدا خوێن نەبینرابو! نەبینی خوێن بو بە کارەساتێک بۆ بوک بێئەوەی هیچ کێشەیەک لە پەردەی کچێنیشیدا هەبێت! بەوهۆیەوە  لە شەوی بوکێنی، سوکایەتییەکی زۆری پێکرابو لەلایەن ماڵی زاواوە و ئەشکەنجەش درابو.
 
بوکەکە هێنرا بۆ پشکنین لە پزیشکی دادوەری، دەرکەوت هیچ کێشەیەکی نییە و تەنانەت لەو جۆرە پەردانەش نییە کە ناهێڵن خوێنهاتن روبدات، پەردەیەکی تەواو ئاسایی بو.
 
دواتر زاوا نێردرا بۆ پشکنین لەلای پسپۆڕی میز و میزەڕۆ و دەرکەوت گرفتی هەیە لە ئەندامی زاوزێ و جوتبوندا، بەڵام گرفتی زاوا شاردرایەوە و کەس پێێ نەزانی، بۆیە کێشەکە رویکردەوە چارەنوسی بوکەکە، نێردرایەوە ماڵی باوان، ئەوانیش بۆ روسپیکردنەوەیان لەناو کۆمەڵگەی دواکەوتودا، کچەکەیان کوشت!
 
لێرەدا کچەکە بوە قوربانیی باوەڕی هەڵەی کۆمەڵگە
 
دەبێ بزانن، پەردەی کچێنی لەروی زانستییەوە بەهای نییە وبە یەکێک لە پاشماوە زیادەکان لە جەستەی مرۆڤدا دادەنرێت، لەڕوی ئایینیشیەوە بەهای نییە و لە بەدواداچونم بە هاوکاری مامۆستایانی ئایینی و زانایانی ئیسلامی بۆم دەرکەوتوە ئایین هیچ بەهایەکی بۆ دانەناوە و لە تێکستە ئایینییەکاندا هیچ گرنگییەکی پێ نەدراوە.
 
ئەم پەردەیە لە بەشێک لە کچاندا بەشێوەیەکە خوێنی لێ نایەت، لەو کچانەشدا کە لە جۆرە ئاساییەکەیە، لەوانەیە بە وەرزشێکی قورس یان زەبرێکی توند بدڕێت و لە ئاییندەدا لە پرۆسەی جوتبوندا خوێنی لێنەیەت، هەروەک دەرکەوتنی خوێنیش مانای ئەوە نییە کەسەکە جۆری دیکەی سێکسی نادروستی نەکردبێت!
 
بۆیە ئەم پەردەیە ئاماژەیەکی تەواو نییە بۆ پاکیزەیی و گرنگە کۆمەڵگە هۆشیاربکرێتەوە کە پاکیزەیی مرۆڤ بە بیری باش و کردەوەی باشیەتی لە کۆمەڵگەدا، نەک هەبون و نەبونی پەردە.
 
 


Newjin.net - 2024
ژمارەی سەردان 1,305,674     ژمارەی میوان 523

دروستکراوە لەلایەن کۆمپانیای (کۆدتێك)ەوە