ئەفرۆدێت لە هۆڵێکی وێرانە مەشقی کردو بو بە پاڵەوانی عێراق

2021/08/04    1534 جار بینراوە
 
* نەوژین - هۆزان فەریق
 
یانەی ئەفرۆدێتی کچان، ئەو یانەیەی ئەمساڵ نازناوی یانەکانی عێراقی بەدەست هێنا یاریزانەکانی موچەیان نیەو لە هۆڵێکی وێرانە مەشقەکانیان دەکەن، بەڕێوبەری وەرزشی سلێمانیش دەڵیت: ناتوانین بەڵێنی یکلاکەرەوە بدەین بۆ چارسەرکردنی کێشەکەیان.
 
یانەی ئەفرۆدێتی کچان لە ساڵی ٢٠٠٨ دامەزراوەو چەندین جۆری یاری لە خۆگرتوە لەوانە( بالە ،باسکە ، تۆپی دەست ،فوتسال ،تێنسی سەرزەوی ،تینیسی سەرمێز ،ریشە ، گۆرەپان مەیدان  و مەلەوانی).
 
پاڵاوانێک بە بێ موچەو داهات
 
سەنگەر مستەفا، کە ماوەی ١٢ ساڵە راهێنەری یانەی ئەفرۆدێتی کچانە بۆ نەوژین وتی: ” لەدوای نەمانی بودجەی یانەکان و نەبونی پارە بۆ یاریزانەکان لە ئیستادا تەنھا دو یاری ماوە بالە و باسکەیە  ئەم دو تیپەش خۆبەخشین ھیچ موچەیەکیان نی یە بەراھێنەر و یاریزانیشەوە تاکە یانە لەسلێمانیدا ھیچ بەرپرسیکی لەپشتەوە نییە، تەنها هەندێک جار هاوکاری کراوین بۆ پاڵەوانیەتیەکانی دەروەی سلێمانی کە ئەوەش زۆر کەم بوە “.
 
 
کچانی یاریزانی یانەکە  نیگەرانن لەوەی کە  داهاتێکی جێگیر بۆ یانەکە نیە بە کاریگەریەکەی گەروەی دەزانن لەسەر یانەکەو یاریزانەکانی”هەرچەندە ئێستا وەرزش بوەتە سەرچاوەی بژێوی بۆزۆر کەس  بەڵام لەماوەی هەشت ساڵدا من هیچ موچەیەکم نەبوە “. ئەمە قسەی ڤانێست بڕیارە، کە ماوەی ٨ ساڵە لەم یانەیەدا یاری دەکات.
 
ئەو  بە دڵخۆشیەکی زۆرەوە باسی ئاستی کچانی یانەکەی کردو وتی: ”بە درێژایی تەمەنی وەرزشیم بەژداریم لە پاڵەوانێتیەکانی کردوە، کە سوپاس بۆخوا تیپەکەمان لەزۆربەیان ئەنجامی باشی ھێناوە“.
 
هەروەک رۆشنا دڵشاد، وەک یەکێک لەئەستێرەکان تیپی 'ئەفرۆدیت' ئێستا نازناوی باشترین (رافعی)عێراقی هەیە، ماوەی ٩ ساڵە لەیانەکە یاریدەکات بۆ 'نەوژین' وتی " لەسەرەتایی دەست پێ کردنم تاکو ئێستاش ھیچ موچەیەکمان نییە،باری دارایی نادییەکەمان زۆر خراپە".
 
سەرباری  پشتگیری نەکردنیان  ئەفرۆدیت و یاریزانەکانی هەر بەردەوامن ڤانێست، دەڵێت: خۆشەویستیمان بۆ وەرزش و تیپەکەمان نەبێت، ھیچ یاریزانێک بە تایبەت کچ مەجبور نیە بە بێ موچە لە گەرماو سەرمایا مەشق  بکات لە ساحەیەک لە کاتی باراندا ئاو بەسەر سەریا دڵۆپە بکات.
 
 
 
بەڕێوبەری وەرزشی سلێمانی: ناتوانین بەڵێنی یکلاکەرەوە بدەین بۆ چارسەرکردنی کێشەکەیان
 
نەبونی داهات و پاڵپشتی ئابوری گرفتی سەرەکی یانەکەیە هەروەک یاریگاکەشی بەهۆی نۆژەنەکردنەوەی گرفتێکی دیکەی ئەم یانەیە.
 
بەڕێوبەری وەرزشی سلێمانی لە بارەی ئەم پرسەوە بۆ نەوژین، ئەوەی خستەڕو کە پلانی تایبەتیان بۆ یانی ئەفرۆدێت و بایەخدان بە وەرزش بەگشتی داناوە، بەڵام نایشارێتەوە ئەگەر حکومەت جێبەجێی بکات بۆیان.
 
 کاروان شێخ زیرەک، بەڕێوبەری وەرزشی سلێمانی وتی: ئاگەدارین نەبونی بوجەو شوێنی تایبەت بەڕاهێنان بوەتە کێشە بۆیان، بەڵام هەموان دەزانین ئێستا پلانی حکومەت بۆ وەرزش دەکەوێتە چەند هەنگاوی داهاتوەوە ".
 
وتیشی "من لەگەڵ بەڕێوبەری یانەکە دانیشتوم، چونکە ئەفرۆدێت کە یەکەمی سەر عێراق بوە دەبێت نوێنەرایەتی عێراق بکات بۆ پاڵەوانێتیە نێودەوڵەتیەکان، دەمانەوێت هەوڵێک بدەین لەحکومەتەوە فەندێکیان بۆ پەیدا بکەین، لەگەڵ ئەوەشدا پێمان وتون کتابمان بۆبکەن لەیانەکەوە بۆ ئەوەی هیچ نەبێت هۆڵی راهێنانەکەیان بۆ نۆژەنبکرێتەوە".
 
 
بەڕێوبەری وەرزشی  سلێمانی نەیتوانی بەڵێنی جێبەجێ کردنی داواکاریەکان وەک خۆی بدات و وتی "کێشەی دارای و نەبونی شوێنی راهێنان کێشەی زۆری یانەکانە و ئێمە هەمو هەوڵی خۆمان ،بەڵام ناتوانین بەڵێنیش بدەین چونکە ئەوەش دەگەڕێتەوە بۆلایی حکومەت ، تەنانەت دەمەوێت ئەو شوێنەی مەشقی تێدا دەکەن حکومەت بەناویانەوە بکات بۆ ئەوەی ئیستسماری تیدابکەن و کێشە دارایەکانیان چارسەربکات".
 
دایکایەتی و وەرزشکەی پێکەوە درێژە پێدەدات
 
یەکێک لە یاریزانانەی ئەم یانەیە خۆی و منداڵەکەی هەمیشە لە یاریگاکانەوە دەردەکەون، بەهۆی هاوسەرەکەیەوە دەچێتە تیپی ئەفرۆدیت کە راهێنەری یانەکەیە.
 
باخان عوسمان، نایشارێتەوە بەهۆی خوێندن و هاوسەرگیریەوە قورسی هاتۆتە رێگەی بەڵام توانیویەتی ئاستەنگیەکان تێپەڕێنێت بە پاڵپشتی هاوسەرەکەی، دەڵێت "منداڵەکەم شەش مانگ بو رۆشتین بۆ پاڵەوانیەتی لەعێراق، کە ئەوکات من شیرم بەکۆرپەکەشم دەدا ، منداڵ و هاوسەرەکەم  لەگەڵ من لە یاریگابون دەتوانم بڵێم هەر لە یاریگا گەورەبوە ئێستا تەمەنی ٤ ساڵە".
 
 
لە ماوەی ١٣ ساڵی مێوژی یانەکەدا ئەم ساڵ بۆ یەکەمجار بو کچانی بالەی ئەفرۆدێت ناسناوی یانەکانی عێراقیان بە دەست هێنا هەروەک بۆ دو وەرز دوەمی عێراق بون وەرزێکیش سێیەم لەگەڵ ئەوەشدا سێ وەرز یەکەمی یانەکانی سێمانی بوە وەرزێکیش دوەم لە ئاستی کوردستانیشدا سێ جار پلەی دوەمیان بەدەست هێناوە.
 

 



Newjin.net - 2024
ژمارەی سەردان 1,341,853     ژمارەی میوان 5134

دروستکراوە لەلایەن کۆمپانیای (کۆدتێك)ەوە