سۆلێنا ئێڤی دوای شەش مانگ لە زیندانیکردن ئازادکرا

2021/07/07    691 جار بینراوە
 
* نەوژین
 
دوای شەش مانگ لە زیندانی کردن سۆلینا ئێڤی کچە راگەیندکارو چالاکوان ئازادکرا، ئەوکات پێش دەستگیرکردنی سۆلینا، رایگەیاند کە بەڕێوبەری رێکخراوێک گێچەڵی پێگرتوەو هەوڵی داوە دەستدرێژی سێکسی بکاتە سەر، کەچی دادگا بڕیاری دەستگیرکردنی ئەمی داوە کە ئەو کات روبەڕوی کەسەکە بوەتەوەو لێیداوە، سکاڵاکارەکەش جەختدەکاتەوە کە سۆلێنا دۆسیەکەی گۆڕیوە بۆ گێچەڵی سێکسی و ناوی زڕاندوە تاوەکو رێکخراوەکانی ژنان پشتیوانی بن.
 
سۆلێنا ئێڤی، کچە چالاکوان و راگەیاندکار لە رۆژی (١٩/١١/٢٠٢٠) لە رێگەی پەیجی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبوک، بانگەوازی ئەوەی بڵاکردەوە کە ئەو قوربانی ده‌ستدرێژی و گێچەڵی سێکسیە، کەچی دادگا بڕیاری بەندکردنی داوە به‌ 6 مانگ و ده‌ستدرێژكاره‌كه‌یشی ئازاد کردوە.
 
محەمەد ئەمین هیرۆ، ئەو کەسەی سۆلینا تۆمەتباری دەکات بە گێچەڵ پێکردن و دەستدرێژی سێکسی هەر ئەوکات بە نەوژینی رایگەیاند: دەبوایە دادگا سزای ١٠ بۆ ١٥ ساڵی بەسەردا بسەپاندایەن، کەچی سۆلینا دۆسیەکەی گۆڕیەوە بۆ ئەوەی رێکخراوەکانی ژنان پشتیوانی بکەن، من گومانم هەیە و ئەمە بە پلان دەزانم".
 
دوای تەواوکردنی ماوەی شەش مانگ لە زیندان سۆلێنا ئێڤی ئازادکراوە ئەو بۆ نەوژین وتی: بەڵێ ئازاد کراوم، بەڵام ئەو کەسە دوبارە سکاڵای لەسەر تۆمارکردوم".
 
لە بەرامبەردا محەمەد، ئەمین، بۆ نەوژین وتی: ”سۆلینا ناوی زڕاندم لە چەندین دەزگای راگەیاند تۆمەتی بۆ دروستکردم مافی خۆمە سکاڵای لەسەر تۆماربکەم، دو دانیشتنە ئامادەی بەردەم دادگا نابێت، بۆ ئەمەش هەڵوێستی دیکەم دەبێت“.
 
ئەو دەشڵێت: نیگەرانم لەوەی تەنها سۆلینا دەستگیرکراوە چونکە دو تۆمەتباری دیکەش هەن کە یەکیان لە سلێمانیەو تا ئێستا دەستگیر نەکراوە.
 
 زیاتر لەسەر روداوەکەو دۆسیەکە لەم راپۆرتە بخوێنەوە
 


Newjin.net - 2024
ژمارەی سەردان 1,305,519     ژمارەی میوان 379

دروستکراوە لەلایەن کۆمپانیای (کۆدتێك)ەوە