دۆسیەی دەستدرێژی سێکسی یانەیەکی وەزشی سڕدەکات و داوای هاتنە سەرخەتی وەزیر دەکرێت

2021/07/01    882 جار بینراوە
 
*نەوژین
 
ئەندامێکی پەرلەمانی کوردستان داوادەکات هەریەکە لە وەزیری ناوخۆو رۆشنبیری لەسەر کەیسی دەستدرێژی و گێچەڵی سێکسی بۆسەر کچانی وەرزشکار بێنە سەرهێڵ، ئەمە لە کاتێکدایە لەسەری دۆسیەی دەستدرێژی سێکسی لە تیپە وەرزشیەکان یانەیەک سڕکراوەو راهێنەرێکش دەستگیرکراوە. 
 
گوڵستان سەعید، ئەندامی پەرلەمانی کوردستان رایگەیاند: ”لەسەر پرسی دەستدرێژی  گێچەڵی سێکسی بۆسەر کچانی وەرزشکار کە رویانداوەو روشدەدەن، داوادەکەم وەزیری رۆشنبیری وەزیری ناوخۆ بەدواداچون بۆ ئەم تاوانە قێزەونە بکەن کە بەرامبەر بە کچانی وەرزشکار دەکرێت لە لایەن ھەندێ لەو راھێنەرانەی کە لە یانە وەرزشیەکاندان“.
 
دەشڵێت: ئەمە ئیستغلالکردنی ئەو کچانەیە کە دەیانەوێ وەرزش بکەن پێویستە داواکاری گشتی بە ئەرکی خۆی ھەستێ بۆ روبەڕوکردنەوەیان بۆ بەردەم دادگا  تا ئەو نەفس نزمانەی کە  دەستدرێژی سێکسی دەکەنە سەر کچانی وەرزشکار سزای  یاسایی بدرێن“.
 
سەرۆکی یەکێک لە یانەکان تیپەکەی سڕدەکات
 
هاوکات هەر لەم دۆسیەیەدا رۆژی (١٧/٦/٢٠٢١) ئاوات شێخ جەناب سەرۆکی یانەی وەرزشی سیروانی نوێ بڕیاریدا بە سڕکردنی ستاف و یاریزانانی تیپی گۆڕەپان و مەیدانی کچانی یانەکەی ( یانەی وەرزشی سیروانی نوێ)، لەبەرامبەر ئەو دەنگۆیانەی لەسەر تیپەکە بڵاوبوەوە.
 
 
پۆلیس لەسەر سکاڵای ١٨ کچە یاریزان راهێنەرێک دەستگیردەکات
 
هەروەک رۆژی (٢٤/٦/٢٠٢٠) بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی رایگەیاند: پاش تۆمارکردنی سکاڵای یاسایی لەلایەن چەند کچە یاریزانێکەوە لەسەر تۆمەتبارێک و دوای لێکۆڵینەوەی ورد و کۆکردنەوەی زانیاری پێویست و وەرگرتنی بڕیاری دادوەر ،  هێزەکانمان توانییان تۆمەتبارەکە دەستگیربکەن.
 
تۆمەتبارەکە ( س، ح، ر) ەو بە بەبڕیاری  دادوەرو بەپێی ماددەی 396 لەیاسای سزادانی عیراقی راگیراوە و پۆلیسی سلێمانی دەڵێت: لێکۆڵینەوە لەگەڵیدا بەردەوامە.
 
دۆسیەی دەستدرێژی و گێچەڵی سێکسی بۆسەر کچانی یاریزان ماوەی چەند ساڵێکە بوەتە دەنگۆ لە کۆتا جاردا چەند کچێکی وەرزشکار هاتنە دەنگ سکاڵایان تۆمارکرد و لێکۆڵینەوەکانیش لە دۆسیەکە بەردەوامن و بە پێی زانیاریەکان چەندین یانە تێوەگلاون.
 


Newjin.net - 2024
ژمارەی سەردان 1,305,548     ژمارەی میوان 398

دروستکراوە لەلایەن کۆمپانیای (کۆدتێك)ەوە