تورکیا لە پەیماننامەی بەرەنگاربونەوەی توندوتیژی رەگەزیی دەکشێتەوە

2021/07/01    157 جار بینراوە
 
* نەوژین
 
بەبێ دیاریکردنی ھۆکارەکەی، تورکیا بڕیاریدا لە پەیماننامەی بەرەنگاربونەوەی توندوتیژی رەگەزیی بکشێتەوە و چالاکوانانیش بە مەترسی بۆ سەر ژیانی ژنانی دەزانن.
 
رۆژنامە فەرمیەکانی تورکیا ئەمڕۆ رایانگەیاند کە وڵاتەکەیان لە پەیماننامەی بەرەنگاربونەوەی نێودەوڵەتی توندوتیژی لەسەر بنەمای رەگەزیی کشاوەتەوە، کە ساڵی ٢٠١١ لە ئەستەنبوڵ مۆرکرا.
 
بەپێی رۆژنامەکان، ھۆکارێکی رون بۆ کشانەوەی تورکیا لەو پەیماننامەیە ئاشکرا نەکراوە، بەڵام پێدەچێت بەھۆی فشاری لایەنە ئیسلامییە توندڕەوەکانەوە بێت، چونکە لەوەتەی پەیماننامەکە دەرچوە، دژایەتی خۆیان بۆی راگەیاندوە و پێیانوایە دژی بەھا کۆمەڵایەتییەکانی کۆمەڵگەیە.
 
پەیماننامەکە کەلەلایەن ژمارەیەک وڵاتی ئەوروپی دەرەوەی یەکێتی ئەوروپا مۆرکراوە، خودی رەجەب تەیب ئەردۆگان کە ئەوکات سەرۆک وەزیران بو، ئیمزای لەسەر کردوە، بەڵام بە وتەی چالاکوانان، ھەرگیز بە تەواوی کاری پێنەکراوە.
 
ھەردوای بڵاوبونەوەی ھەواڵی کشانەوەی تورکیا، چالاکوانان خۆپیشاندان و ناڕەزایەتی بەرفراوانیان دەستپێکرد.
 
فیدان ئەتاسەلیم، ئەمینداری رێکخراوی 'کوشتنی ژنان رادەگرین' لە تورکیا، ئاماژە بەوەدەکات، دەرچون لەم پەیماننامەیە، ژیانی ملیۆنان ژنانی تورکیا روبەڕوی مەترسی دەکاتەوە.
 
ئەگەرچی ئامارێکی فەرمیی لەبەردەستدا نیە، بەڵام بە گوێرەی ئاماری رێکخراوەکان، ٣٨٪‏ی ژنانی تورکیا لەلایەن ھاوسەر و ھاوژینەکانیانەوە روبەڕوی توندوتیژی دەبنەوە، کە ئەم رێژەیە لە وڵاتانی ئەوروپا ٢٥٪‏ـە.
 


ئەرشیفی نەوژین | دەربارە | پەیوەندی
Newjin.net - 2021
دروستکراوە لەلایەن کۆمپانیای (کۆدتێك)ەوە
ژمارەی سەردان 242,137     ژمارەی میوان 15