ژنانی هەڵەبجە لە بازاڕو دوکانەکانی شار دەست بەکاردەکەن

2021/06/13    1546 جار بینراوە
* نەوژین – میهرەبان سەلام
 
 
لە بازاڕو دوکانەکانی شاری هەڵەبجە ژنان دەستیان بەکارکردوە ئەوان دەڵێن: کارکردنی ئیمە واتە ژنان دەتوانن ئەرکی ئابوری لە کۆڵبنێن هەروەک  ئەرکی باوک و هاسەرەکانمان کەمدەکەینەوە.
 
لە شاری هەڵەبجە ژنان هەنگاوی باشیان ناوە لە روی ئیدارەدان و کارکردنەوە لە مێژە لەو شارە دەوترێت" فەرقی نیە نێرو مێ". کە بەناو شارەکەدا گوزەر دەکەین دەبینن خانمێک بەناوی دڵگەش فەرهاد، دوکانێکی چەرەزاتی داناوە ئەو سەرقاڵی کار بو کڕیارەکانی بەڕێدەخست، بە پێ کەنینەوە وتی: ”هەر کارم بۆخۆم دەست نەخستوە بەڵکو بەهۆی کارەکەمەوە توانیومە ببمە سەرچاوەی ئیش بۆ خوشکەزا و برازاکانیشم“.
 
دڵگەش، باسی لە گرنگی کارکردن کرد بۆ ژنان و تی: من پاش ئەوەی خوێندنم تەواو کردو دانەمەزرام، بڕیارمدا خۆم لەسەر پێ ی خۆم بوەستم و دوکانێک بۆخۆم بکەمەوە ئەمە وادەکات خاڵێکی زۆر بەهێز لە ئێمە بەرجەستەبکات“.
 
 
دڵگەش فەرهاد، خانمێکی خاوەنکار لە شاری هەڵەبجە وێنە: نەوژین
 
هەر بەگوزەرکردنماندا لەناو شارەکە گەشتینە کافێیەک کە زۆربەی ئەوکەسانەی کاریان تێدا دەکرد لە کچان و ژنان بون.
 
یەکێک لە کچەکانی ئەوێ بەناوی 'چۆڤین' قسەی بۆ 'نەوژین' کردو وتی:”رۆژانە لە کاتژمێر سێ پاشنیوەڕۆ دێمە ئێرە کاردەکەم تاوەکو کاتژمێر ١٠ شەو“ ئەو باسیلەوەکرد کە زۆر ئاسودەیە بەکارەکەی و هاوکاری خێزانەکەیەتی ئەرکی باوکی ئاسانترکردوە، هەربۆیە دەمەوێت لە کارکردن بەردەوام.
 
لە دوای سەرهەڵدانی قەیرانی دارایەوە لە هەرێمی کوردستان ژنان هاتنەپێشەوەیەکی بەرچاویان لە بازاڕی کاردا تۆمارکردوە ئەمەش بە بەراورد بە رابردو بەگوێرەی کۆتا ئاماری دەستی ئاماری هەرێم کە بۆ ساڵی ٢٠١٩ خستویەتیەڕو ژنان ١١% هێزی کار لەهەرێم پێکدەهێنن.
 
 
دیمەنێ کافێیەکی شاری هەڵەبجە کە کچان سەرقاڵی کارن تێیدا وێنە: نەوژین
 
لە چەندین دوکانی دیکەی شاری هەڵەبجە ژنان سەرقاڵی ئیشکردنن بوشرا نەسرەدین، خاوەن دوکانێکی شارەکەیە، ئەو بەم کارکردنەوە قسەی کرد باسیلەوەدەکرد کارکردن بۆ ژنان قورس نیە.
 
ئەو وتی: ”کارکردن بۆ ژنان وەک پێشوتر رێگری زۆرنیە، ناتوانین بڵێین نەماوە، بەڵام کرانەوەکان دڵخۆشکەرن ئێمە بە رۆژ و بەشەو کاردەکەین دەبێت ژنانی دیکەش هەوڵی خۆیان بدەن چونکە کارکردن ژیانێکی دیکە بە ژن دەبەخشێت“.
 
 
بوشرا نەسرەدین، خانمێکی خاوەنکار لە شاری هەڵەبجە وێنە: نەوژین
 
 بەگشتی لە کۆمەڵگەی کوردیدا کارکردن بۆ ژنان سنوردارە و بەشێکی پیشەکان مۆرکی پیاوانی پێوەیە، لەگەڵ ئەوەشدا لە شاری هەڵەبجە ژنان لە پیشە جیاجیاکان بەردەومن لە رێچکەشکاندن.
 
 
 
 


Newjin.net - 2024
ژمارەی سەردان 1,335,762     ژمارەی میوان 644

دروستکراوە لەلایەن کۆمپانیای (کۆدتێك)ەوە