سەرۆکی حکومەت و جێگرەکەی تایبەت بە کوشتنی ژنان بڕیاردەدەن

2021/05/05    484 جار بینراوە
 
* نەوژین
 
سەرۆکی حکومەتی هەرێم و جێگرەکەی ئەمڕۆ سەرپەرشتی کۆبونەوەیەکی تایبەتیان بە بەرەنگاربونەوەی توندوتیژی دژ بە ئافرەتان ئەنجامدا.
 
 
مەسرور بەرزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێم لە بارەی کۆبونەوەکەوە لە هەژماری تایبەتی خۆی لە فەیسبوک رایگەیاند: ”لە کۆبونەوەکەدا کە قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەت و ژمارەیەک لە وەزیرە پەیوەندیدارەکان ئامادەی بون، وێڕای دەربڕینی نیگەرانیمان بەرامبەر روداوەکانی توندوتیژی  دژی ژنان و توندوتیژی خێزانی بە‌گشتی، گفتوگۆمان دەربارەی رێکارەکانی بەرەنگاربونەوە و سنوردانان بۆ ئە‌و دیاردە نەشیاوانە‌ کرد“.
 
 
هەرلەکۆبونەوەکەدا کۆمەڵێک بڕیار و راسپاردە بۆ سنوردارکردنی توندوتیژی دژی ئافرەتان تاوتوێکرا.
 
 
سەرۆکی حکومەت دەشڵێت: ”پابەندبونمان بە پاراستن و داکۆکیکردن لە مافەکانی ئافرەتان و روبەڕوبونەوەی توندوتیژی بە گشتی و بەتایبەتی بەرامبەر ئافرەتان دوپات کردەوە لە رێگەی بەهێزکردنی پێگەی ئافرەتان لە ناو حکومەت و کۆمەڵگە و دابینکردنی هەلی كار و جێبەجێکردنی یاساکان و بەهێزکردن و کاراترکردنی رۆڵی دادگاکان و دەستگیرکردنی و بە سزاگەیاندنی ئەو تاوانبارانەی توندوتیژی ئەنجام دەدەن.“
 
 
هەروەک داواشدەکات دەزگاکانی  راگەیاندن هاوکاریان بن و رۆڵی گرنگیی خۆیان لە روبەڕوبونەوەی توندوتیژی و پەرەپێدانی هوشیاری کۆمەڵایەتی بگێڕن و نەبنە سەکۆیەک بۆ هاندانی توندوتیژی و زیاتربونی دیاردە کۆمەڵایەتییە نەشیاوەکان.
 

کۆبونەوەی سەرۆکی حکومەت و جێگرەکەی تایبەت بە کوشتن و توندوتیژی دژ بە ژنان وێنە: هەژمارەی فەیسبوکی سەرۆکی حکومەت 

 



Newjin.net - 2024
ژمارەی سەردان 1,306,851     ژمارەی میوان 206

دروستکراوە لەلایەن کۆمپانیای (کۆدتێك)ەوە