بڕیارێکی وەزارەتی ئەوقاف لە بارەی ژنانەوە کاردانەوەی لێدەکەوێتەوە

2021/04/13    927 جار بینراوە
 
* نەوژین
 
بڕیارێکی وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئاینی بۆ داخستنی بەشی ژنان لە مزگەتەکان و کردنەوەی بەشی پیاوان نیگەرانی لێدەکەوێتەوە ئەندامێکی پەرلەمانی کوردستان دەڵێت ”وەزارەتی ئەوقاف بەو بڕیارە جیاکاری رەگەزی کردوە“. وەزارەتەکەش رایدەگەیەنێت ”تەراویح و چونە مزگەوت بۆ ژنان لە ئیسلامدا داوەکراو نیەو بۆ پارستنیان ئەو بڕیارە کاتیەیان داوە“.
 
 
وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئاینی رێکەوتی (١١/٤/٢٠٢١) نوسراوێکی بڵاوکردەوە سەبارەت بە ئەنجامدانی مەراسیمی نوێژی بەکۆمەڵ لە مزگەوتەکاندا،  لە خاڵی هەشتەمیدا هاتوە کە هۆڵی ژنان بە داخراوی دەمێنێتەوە.
 
”دەبێت وەزارەت بە زوی ئەو خاڵە لە نوسراوەکەی بسڕێتەوە“
 
شادی نەوزاد، ئەندامی پەرلەمانی کوردستان لەم باریەوە دەڵێت: ”وه‌زاره‌تی ئه‌وقاف به‌ داخستنی هۆڵی ژنانی مزگه‌وته‌كان جیاكاری ره‌گه‌زی كردوه‌ و دەبێت بەزوی ئەو خاڵە  لەناو نوسراوەکە دەربهێنرێت، چونکە هیچ جیاوازییەک لەنێوان ژنان و پیاواندا نییە بۆ بەجێگەیاندنی ئەرک و سونەتە ئایینیەکان لە ئاینی ئیسلامدا، ئەم هەڵوێستەی وەزارەت مایەی قبوڵ نییە“.
 
 
ئەو پەرلەمانتارە دەشپرسێت : ”ئایا ژنان گوێزەرەوەی کۆرۆنان؟ یان پیاوان لە ژنان ئایندارتر و مولتەزیمترن؟ یاخود  ئەوەیە کە ناوێرن بە پیاوان بڵێن مزگەوتتان بۆ ناکەینەوە و دەتانەوێ بەشێکی هەر بەداخراوی بهێڵنەوە و قسەکەی خۆتان نەشکێنن؟ پرسیاری هەرە سەرەکیەکەی من  ئەوەیە یەکەی جێندەری وەزارەتەکە چیی دەکرد کە ئەم نوسراوە دەرچو؟“.
 
 
نوسراوەکەی وەزارەتی ئەوقاف لە بارەی کردنەوەی دەرگای مزگەوتەکان. وێنە: وەزارەتی ئەوقاف
 
 
”لە ئیسلامدا مزگەوت بۆ ژنان داواکراونیەو بۆ پارستنی ئەوان ئەم بڕیارەمان داوە“
 
لەبەرامبەردا وتەبێژی وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئاینی رەتی دەکاتەوە بڕیارەکەیان لەسەر بنەمای جیاکاری رەگەزی دابێت.
 
نەبەز ئیسماعیل، وتەبێژی وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئاینی بۆ' نەوژین' وتی: ”لەبەر ئەوەی هۆڵی ژنان لە مانگی رەمەزاندا لەکاتی نوێژی تەراویح ژمارەیەکی ئێجگار زۆر ژن رویتێدەکات  لەگەڵ منداڵەکانیان بۆیە بەو بڕیارە کاتیە لەبەر پاراستنی تەندروستیان دەرگایی هۆڵەکانیان دادەخرێت“.
 
 
بە وتەی ئەو ”چونە مزگەو بۆ ژنان لە ئاینی ئیسلامدا داوەکرا نیە“ بۆیە بڕیارێکی لەو شێوەیە بۆ ئەوان لە روی دینەوە کاریگەری نابێت و دەتوانن لە ماڵەکانی خۆیان نوێژو خوداپەرستی بکەن.
 
 
وتیشی: بڕیارەکە پەیوەندی بە جیاکاری رەگەزیەوە نیە تەنها بۆ سەلامەتی تەندروستیە.
 
 
بەهۆی رێکارەکانی بەرەنگاربونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئاینی ماوەی دو هەفەتەیە دەرگای مزگەوتەکانی داخستوە بە بڕیارێک دوێنێ رایگەیاند کە دەکرێنەوە، بەڵام هۆڵ و بەشی ژنان دادەخرێت.
 


Newjin.net - 2024
ژمارەی سەردان 1,306,111     ژمارەی میوان 717

دروستکراوە لەلایەن کۆمپانیای (کۆدتێك)ەوە