* نەوژین
رێکخراوی لێبوردنی جیھانی، دانانی ژنە مافپەروەرێکی ناسراوی بە سەرۆکی خۆی بۆ ماوەی ٤ ساڵ راگەیاند.
لە راگەیەنراوێکی رێکخراوەکەدا کە گرنگیی بە بواری مافەکانی مرۆڤ دەدات، ئاماژەی بەوەکردوە کە (ئاگنیس کالامار) بڕیاردەری پێشوی نەتەوەیەکگرتوەکان بۆ پرسی لەسێدارەدان لە دەرەوەی دادگا، دیارییکردوە بە سەرۆکی خۆی بۆ ماوەی ٤ ساڵ.
کالاماری بەرەگەز فەرەنسی، یەکێکە لە ژنە مافناسە دیارەکانی جیھان کە سەرۆکایەتی لێکۆڵینەوەی چەند دۆسیەیەکی گرنگی کردوە، لەوانە: دۆسیەی کوشتنی رۆژنامەنوسی سعودیی (جەمال خاشوقچی) لەناو کونسوڵگەریی وڵاتەکەی لە ئەستەنبوڵ لە ساڵی ٢٠١٨، کە تیایدا بە رونی ئەو وڵاتەی بە ئەنجامدانی تاوانەکە تۆمەتبار کرد و ئەمەش کاردانەوەیەکی زۆری لێکەوتەوە و کار گەشتە ئەوەی بەرپرسانی سعودیی ھەڕەشە لەو ژنە مافناس و لێکۆڵەرە بکەن.
ھەروەک دۆسیەیەکی تر کە کالامار سەرپەرشتیی کردبو، خستنە خوارەوەی فڕۆکەیەکی ئۆکرانی بو لە ئێران لە ساڵی ٢٠٢٠.
رێکخراوی لێبوردنی جیھانی لە ساڵی ١٩٦١ لە لەندەن دامەزراوە و واخۆی دەناسێنێت کە 'گەورەترین رێکخراوی ناحکومیی داکۆکیکارە لە مافەکانی مرۆڤ'.