نەوژین - رێناس ساڵەح
”شەرەفمەندم کە توانیم ئەم بڕوانامەیە بە دەست بهێنم“ ئەمە قسەکانی میدیا مەستییە لە مەراسیمی وەرگرتنی بڕوانامەی ئەکادیمیای سان هیرستی شانەی وڵاتی بریتانیا، کە تایبەتە بە پێگەیاندنی کادری پێشکەوتوی رێبەریکردنی سەربازیی، چەندین شازادەو پاشا لە جیهاندا دەرچوی ئەم ئەکادیمیایەن. 'میدیا'وەک یەکەم ژنی کورد ئەو بڕوانامەییەی بەدەست بهێنا.
پێگەی سوپای بریتانیا '
British Army' بە تایبەت باسی دەرچونی 'میدیا مەستی' کردوە وەک رەچەشکێنیەک بۆ ژنانی کوردستان.
رۆژی ٢٠ ئەم مانگە لە خولی رێکخستنی ژمارە ٢١١ ی کە ١٩ کادیری دەرچوی ئەکادیمیای 'سان ھیرستی' شاھانەی بەریتانیا لە مەراسیمێکی تایبەتدا بڕوانامەیان پێبەخشرا وەک ئەفسەر، سێ لەو ژنانەی بەشداربون یەکەم جارە لە وڵاتەکانیان ئەو بڕوانامەیە بەدەست بهێنن.
میدیا مەستی، تەمەن (٣٠) ساڵ، لە شاری سلێمانی دەژێت و پێشتر وەک پزیشک لە نەخۆشخانەیەکی تایبەتی هێزەکانی پێشمەرگە کاریکردوە، دواتر هەڵبژێردراوە بۆ بەشداریکردن لەم ئەکادیمیایە.
میدیا مەستی، لەکاتی مەشقەکانیدا لە ئەکادیمیای 'سان ھیرستی' شاھانەی بەریتانیا وێنە: ئەکادیمیای سان هیرسی.
میدیا لەکاتی وەرگرتنی بڕوانامەکەیدا چی وت؟
لەکاتی وەرگرتنی بڕوانامەکەیدا 'میدیا مەستی' وتارەکێکی پێشکەشکردو وتی: ”دو هەفتەی یەکەم زۆر قورس بو بۆمن بەتایبەتی خەوتن لە کەش وهەوایەکی زۆر ساردا، لەگەڵ ئەوەشدا هەرگیز بیرم لەوە نەدەکردەوە بتوانم کۆرسێکی وەک ئەمە تەواو بکەم، من زۆر شانازی دەکەم کە راستگۆ بم لێرە کەسانی سەرسوڕهێنەرم بینیوە و شەرەفمەندم کە لەم ئەکادیمیایە بڕوانامەم پێبەخشرا“.
ئەو کەسانەی بەشداری کۆرسی کۆمسیۆنکردن ' CCS'ئەم ئەکادیمیایە دەکەن، خشتەیەکی راهێنانیان بە شێوەیەکی تایبەت بۆ دروستکراوە مەرجەکانی بەشداران ئەفسەرانی لێهاتوی پرۆفیشناڵ وەک ددانناسان، پارێزەران، پزیشکانی ڤێتێرنەری و ئەندامانی ئاینی و هەندێک بواری دیکەیە.
ئەکادیمیای سان هیرستی شانەی وڵاتی بریتانیا، بەھێزترین ئەکادیمیا سەربازیە لە ئاستی جیھان بۆ خوێندکارە بییانیەکان تەنھا خوێندکار لەو وڵاتانە وەر ئەگیرێت کە پێشتر کۆڵۆنی بەریتانیا بون، چەندین شازادەو پاشا لە جیھاندا دەرچوی ئەم ئەکادیمیایەن بەنمونە پاشای ئوردن، پاشای ئەلبانیا، شای بەحێرێن، شای ئیسپانیا.... چەندینی تر.
هاوکات
کۆنسوڵگەری گشتی بریتانیا لە هەولێر، وەرگرتنی بڕانامەیەکی لەوشێوەیە لەلایەن خانمێکی کوردەوە بەرزدەنرخێنێت و رایگەیاند: ”شانازی دەکەین بە پاڵپشتیکردنی ئەفسەرەکانی ھێزی پێشمەرگە، بەتایبەت بونی دەرفەتی یەکسان بۆ خانمان لە نێو ھێزەکانی پێشمەرگە“.
(چوکی وانگمۆ خەڵکی بۆتان، میدیا ماستی لە هێزی پێشمەرگەی کوردستان و فیروشانا تاوفیق لە مالدیڤەوە) وێنە:پێگەی سوپای بریتانیا
لەم خولەی ئەکادیمیای سان هیرستی سێ ژن یەکەمجاریان بون لە وڵاتەکانیان رێچکەشکێنی بکەن و ببنە خاوەن بڕوانامەیەکی بەهێزی لەم شێوەیە کە پێگەی سوپای بریتانیا بەگرنگی زۆرەوە باسی لێوەکردون ئەوانیش (چوکی وانگمۆ خەڵکی بۆتان ، میدیا ماستی لە هێزی پێشمەرگەی کوردستان و فیروشانا تاوفیق لە مالدیڤەوە) هەروەک سوپای بریتانیا ئومێدی بۆ خواستون کە ببنە نمونەی ئەفەسەری بەتوانا لە نیشتیمانەکانیان.
وەزیری پێشمەرگە: پلانمان هەیە ژمارەی ژنان لە هێزی پێشمەرگە زیاد بکەین
بەشداری ژنان لە ریزەکانی پێشمەرگەو هێزە ئەمنیەکان لە کوردستان لە ئاستێکی نزمدایە بەشێوەک لە رۆژی ٨ مارس وەزیری پێشمەرگە رایگەیاند پرۆژەیەکیان بۆ ئەو مەبەستە خستۆتە بواری جێبەجێکردنەوە.
شۆڕش ئیسماعیل، وەزیری پێشمەرگە وتی: ”بەر لەیەک ساڵ، وەزارەتی پێشمەرگە، بەخۆشحاڵیەوە پڕۆژەی جێندهر"یەکسانی کۆمەڵایەتی" راگەیاند بۆ یەکسانی کۆمەڵایەتی و دادپەروەری لەنێوان ژن و پیاو و زیادکردنی رێژەی ژن لەداهاتودا. ئێستا ئەو پڕۆژەیە جێی خۆی گرتوەو دەرئەنجامی باشیشی هەبوە“.
شۆرش ئیسماعیل، وەزیری پێشمەرگە لەگەڵ خانمێکی پێشمەرگە: وێنە: پێگەی وەزارەتی پێشمەرگە
بەمەش میدیا وەک یەکەم خانمی کورد توانی ئەم بڕوانامە گرنگە بە دەستبهێنێت کە لە ئاستی جیهاندا گرنگی زۆری هەیە لەبواری سەربازی، وەک خۆی دەڵێت”ئومێدەکەم بتوانم ببمە نمونەیەکی بەهێز بۆ ژنانی کوردستان“.