فشارە دەرونیەکان رۆژنامەنوسانی ژن تا لێواری وازهێنان لە کار دەبات

2021/03/26    923 جار بینراوە
 
نه‌وژین - ئەحمەد حەمید‎ ‎
‎ ‎
‎”‎هیچ راپۆرت و کارێک نەبوە لەکاتی ئامادە کردنیدا توشی کێشەو فشاری دەرونی نەبوبم“. ئه‌مه‌ وته‌ى كچه‌ رۆژنامه‌نوسێكه‌ له‌باره‌ى ئه‌و ‏فشارانه‌ى له‌سه‌رى دروست ده‌بێت به‌هۆى كاره‌كه‌یه‌وه‌‏‎. ‎
‎ ‎
شه‌رمین عه‌لى، ماوه‌ى ١٤ ساڵه‌ له‌ گه‌رمیان سه‌رقاڵى كارى رۆژنامه‌نوسیه‌ له‌باره‌ى ئه‌و فشاره‌ ده‌رونیانه‌ى به‌هۆى پیشه‌كه‌یه‌وه‌ توشى ‏بوه، بۆ نه‌وژین‌ ده‌ڵێت: مامەڵەی رۆژنامەنوس لەگەڵ گشت چین و توێژو رەگەزو ‏خەڵکێکە، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا وەک ئەوەیە تۆ لەبەرەیەک ‏بیت و ئەو هەمو  بیروڕا جیاوازەش لەبەرەیەک بن‎‏.‏
‎ ‎
ئه‌و فشاره‌ ده‌رونیه‌كانى ده‌به‌ستێته‌وه‌ بەوەی لەسەر بنەمای جێندەربوە کە روبەڕویان بوەتەوە”دەیان جار کە بۆکاری میدیایی رۆشتوم لەو شوێندەدا روبەڕوی تانەو توانج و تەنانەت گێچەڵ پێکردنیش بومەتەوە، باشیش ‏تێگەشتوم تەنها لەبەر ئەوەیە کە ژن بوم‎“‎‏.‏
 
‎”‎ئەو پێشلکاریەی بەرامبەرم کرا، ئازاری رۆح و دەرونیدام“‏
 
ژنانى رۆژنامه‌نوس ئه‌وه‌ ده‌خه‌نه‌ڕو یه‌كێکی دیکە له‌ فشاره‌كانى سه‌ریان دوای کاتی تەواوبونی کارە رۆژنامەنوسیەکانیان بە هیلاکیەکی ‏زۆر، ئه‌ركه‌ خێزانیه‌كانیەکانە.‏
‎ ‎
سۆما خالید، كچه‌ رۆژنامه‌نوسێكه‌ زیاتر له‌ هه‌شت ساڵه‌ له‌ شاری سلێمانى كارى راگه‌یاندن ده‌كات، ئاماژه‌ى به‌وه‌كرد: یه‌كێك لە ‏فشارەکانی سەرئێمە ‏هیلاکبونی زۆره‌ لەروی کارکردنەوە، لەهەمان کات ئەرکه‌كانی ژیانیش فشارێكى دیكه‌یه.‏
 
 
سۆما خالید، لە کاتی ئەرکە رۆژنامەوانیەکەیدا
 
سۆما، تیشکی خستەسەر ئەو پێشلکاریەی بەرامبەریکراوە کە بەشێوەیەک ئازاری داوە بیر لە تۆڵەکردنەوە بکاتەوە، وەک خۆی دەڵێت: ‏پێشێلکاریم لەبەرامبەردا کراوە تا ئەو رادەیەیی ئازاری رۆح و دەرونمی دا، تا ئێستاش کاریگەری لەسەرم ماوە و زۆرکاتیش بیر ‏لە”تۆڵەکردنه‌وه‌“ دەکەمەوە‏‎‏.‏
‎ ‎
‏”پاڵپشتیە دەرونیەکانی دەزگاکەم وایانلێکردوم بەهێزبم“‏
 
لەگەڵ ئەمانەشدا رۆژنامەنوسانی مێینە باسلەوەدەکەن پاڵپشتیە دەرونیەکان کاریگەری راستەخۆیان هەیە لەسەر بەرەنگاربونەوەیان ‏بەرامبەر ئەو فشارانەی روبەڕویان دەبێتەوە.‏
‎ ‎
بوشرا فاروق، یەکێکە لەو رۆژنامەنوسانەی له‌و ده‌زگایانه‌ى كارى كردوه‌ خولى پاڵپشتى ده‌رونیان بۆ كراوه‌ته‌وه‌ و زۆریش پشتگیرى ‏كراوە، وتی: ”ئه‌مانه بە هۆکار دەزانم بۆ ئه‌وه‌ى کە توشى فشارى ده‌رونى نەبو‌م“.‏
 
 ‎
بوشرا فاروق، لەکاتی ئەرکە رۆژنامەوانیەکانیدا
 
جیاواز له‌ بۆچونه‌كه‌ى بوشرا، شه‌رمین، باس له‌وه‌ده‌كات: دەزگاکانی راگەیاندن زۆرینەیان پشتگیری ژنانی رۆژنامەنوس دەکەن بۆ ‏بەردەوام بون، بەڵام نەیانتوانیوە لەروی مەعنەوی و دەروونیەوە کار لەسەر ‏بەهێزکردنی رۆژنامەنوسە ژنەکان بکەن بەرامبەر فشاری ‏کۆمەڵگا و لەمپەرەکان‎‏.‏
‎ ‎
‎”‎لە خودی دەزگا راگەیاندنه‌كان پێشەلکارییان بەرامبەر دەکرێت، وەک گێچەڵکردن و تەحەروش، کەوادەکات لە مێشکیاندا بمێنێتەوە و ‏کاریگەری لەسەر دەرونیان بکات، ئەو حاڵەتەش لەگەڵیان درێژە دەکێشێت و ‏گەشەدەکات، و دەبێتە ترس و دڵەراوکێ و کار دەکاتە ‏سەر ئامانج و هەنگاوەکانیان“.سۆما خالید، واده‌ڵێت‎. ‎
‎ ‎
‏”کارکردنی زۆر توشی فشاری دەرونی کردنم“‏
 
هه‌ندێكجار كچانى رۆژنامه‌نوس ناهێڵن ئاسته‌نگه‌كانى به‌رده‌میان ببێته‌ فشارى ده‌رونى بۆیان، به‌ڵام دواجار به‌هۆى كارى زۆره‌وه‌ فشارى ‏ده‌رونیان بۆ دروست ده‌بێت‎‏.‏‎ ‎
‎ ‎
کچە رۆژنامەنوس ساكار عه‌بدوڵلا، ئەمەی روبەڕو بۆتەوە، لە بارەیوە قسەی بۆ نەوژین کردو وتی: ”به‌ هۆى كاركردنى زۆره‌وه‌ هه‌ندێك ‏جار فشارى ده‌رونیم له‌سه‌ر دروستبوه‌، به‌ڵام رێگه‌م ‏نه‌داوه‌ کاریگەری لەسەر کارەکەم جێبهێڵێت“.‏‎ ‎
‎ ‎
ئه‌و وتیشى: متمانه‌ به‌خۆبون هۆكارێكى گرنگى به‌رده‌وامبونمه‌ هه‌ر ئه‌وه‌ش وایكردوه‌ نه‌هێڵم فشاره‌ ده‌رونیه‌كان كاریگه‌رى له‌سه‌رم ‏دروستكات‎‏.‏
‎ ‎
ساكار، بۆ ئه‌وه‌ى فشاره‌ ده‌رونیه‌كانى كه‌م بكاته‌وه‌ راوێژى به‌ هاوڕێ و هاوپیشه‌كانى كردوه‌ و له‌و رێگه‌یه‌وه‌ توانیویه‌تى فشاره‌كان ‏له‌سه‌ر خۆى لابه‌رێت‎‏.‏
 
‎ ‎
ساکار عەبدوڵلا، لەکاتی ئەرکە رۆژنامەوانیەکانیدا
 
له‌باره‌ى ئه‌وه‌ى راوێژى به‌ كه‌سانى پسپۆڕ كردوه‌ بۆ نه‌هێشتنى ئه‌و لێكه‌وته‌ ده‌رونیانه‌ى له‌سه‌ریه‌تى. سۆما، وتى: ئێمەی رۆژنامەنوسی ‏ژن کەم راوێژ دەکەین بەکەسانی پسپۆڕی دەرونی یان توێژەری کۆمەڵایەتی، ‏له‌كاتێكدا زۆر پێویستە بۆ ئارام بونەوەی دەرونمان‎. ‎
 
‏”بەهۆی فشاری دەرونیەوە رۆژنامه‌نوس هه‌بوه‌ وازى له‌ كارەکەی هێناوه‌“‏
 
‏”به‌و پێیه‌ى له‌ عێراق به‌ شێوه‌یه‌كى گشتى كۆمه‌ڵێك دۆسیه‌ هه‌ن كه‌ رۆژنامه‌نوسان ده‌ستى بۆ ده‌به‌ن روبه‌ڕوى فشار ده‌بنه‌وه‌، ‏بەشێوەیەک رۆژنامه‌نوسمان هه‌بوه‌ به‌ ‏هۆى ئه‌و فشاره‌ ده‌رونیه‌ى له‌سه‌رى بوه‌ وازى له‌ كارى راگه‌یاندن هێناوه‌‏‎“‎‏. ئەمە  قسەکانی دیارى ‏محه‌مه‌د، به‌ڕێوبه‌رى سه‌نته‌رى میترۆیە بۆ داکۆکیکردن لە رۆژنامەنوسان.‏
 
وتیشى: فشارى ده‌رونى به‌ شێوه‌یه‌كى جدى كارى له‌سه‌ر نه‌كراوه‌ و ته‌نانه‌ت ده‌زگاكانى راگه‌یاندن گرنگى به‌م لایه‌نه‌ ناده‌ن، له‌گه‌ڵ ‏به‌شى زۆرى كه‌ناڵه‌كانیش باسى ئه‌و گرفتانه‌مان كردوه‌، به‌ڵام له‌ پراكتیكدا به‌دى ‏ناكه‌ین  گرنگى به‌ لایه‌نى ده‌رونى رۆژنامه‌نوسه‌كانیان ‏بده‌ن.‏‎ ‎
‎ ‎
به‌ڕێوبه‌رەکەی سه‌نته‌رى میترۆ، ئەوەشی نەشاردەوە”كه‌ كه‌ناڵى راگه‌یاندن هه‌یه‌ خۆى بوه‌ته‌ هۆى فشار بۆ سه‌ر رۆژنامه‌نوسه‌كانیان به‌ ‏تایبه‌ت كچانى رۆژنامه‌نوس“‏‎ ‎‏.‏
‎ ‎
سه‌ربارى ئه‌و ئالەنگارى و گرفتانه‌ى كچانى رۆژنامه‌نوس ده‌یخه‌نه‌رو، به‌ڵام باس له‌وه‌ش ده‌كه‌ن ئه‌و گرفتانه‌ نه‌بوه‌ته‌ رێگر بۆ ‏به‌ره‌وپێشچونى كاره‌كانیان و توانیانه‌ به‌سه‌ر ئاسته‌نگه‌كاندا سه‌ركه‌ون‎. ‎
‎ ‎
شه‌رمین، ده‌ڵێت: ”وەک رۆژنامەنوسێکی ژن، دیمەنە ناخۆشەکانی کاتی کارکردن و فشارە دەرونیەکان راستە لەکاتی خۆیدا بێتاقەتم ‏دەکات و نیگەران دەبم پێی، بەڵام وزەو هێزی بەردەوامیان پێداوم، بەوەی لەکارەکەم دەتوانم بیروباوەڕی خەڵک بگۆڕم، نەک تەسلیم ‏بون بەو بیرۆکە خراپانەی بەرامبەر رۆژنامەنوسی ژن هەیانە‎“‎‏.‏
 
 
شەرمین علی، لەکاتی ئەرکە رۆژنامەوانیەکانیدا
 


Newjin.net - 2024
ژمارەی سەردان 1,335,417     ژمارەی میوان 375

دروستکراوە لەلایەن کۆمپانیای (کۆدتێك)ەوە