‏'سامیە' وەک یەکەم ژنە سەرۆک لە وڵاتی تانزانیا دەستبەکاربو

2021/03/19    692 جار بینراوە
 
*نەوژین
 
بۆ یەکەم جار لە مێژو ژنێک لە وڵاتی تەنزانیا، پۆستی سەرۆکایەتی ئەو وڵاتەی گرتە دەست و ئەمڕۆ لە بارەگای حکومەت لە دار سەلام سوێندی یاسایی  خوارد وەک شەشەمین سەرۆکی وڵات، ‏ئەمەش گەرەترین تەحەدایی ژنانە لە وڵاتی تەنزانیا، لەگەڵ ئەوەشدا بو بەیەکەم ژنە موسڵمان لە کیشوەری ئەفریقا پۆستی سەرۆکی وڵات وەربگرت، ئەمەش دوای ئەوەی سەرۆکی هەڵبژێردراوی ‏ئەو وڵاتە گیانی لە دەستدا.‏
 
 
سامیە سەلۆحی حەسەن، ( لەدایکبوی ٢٧ ی کانونی دوەمی ١٩٦٠ ) سیاسەتمەدارێکی وڵاتی تانزانیایە، دوای ئەوەی ١٧ ئەم مانگە 'جۆن مەغوفولی'، سەرۆکی ئەو وڵاتە  لە تەمەنی ٦٩ ساڵیدا بە ‏هۆی جەڵدەی دڵەوە گیانی لە دەستدا، بە گوێرەی دەستوری وڵات 'سامیە' وەک سەرۆک دەستبەکاربو، بەمەش مێژویەکی نوێ بۆ ژنان لە ‏سەرکرایەتی ئەفریقا دەنوسێتەوە.‏
 
 
 
 
دوای ٢١ ساڵ سیاسەتەکردن گەشت بە پۆستی سەرۆکایەتی وڵات
 
 
سامیە سەلۆحی، لە ساڵی (٢٠٠٠) دەستی بە کاری سیاسی کردوە، بەهۆی ئیرادەو تواناکانیەوە بە زویی پلەو پۆستەکانی بەرزبوەتەوە، چەندین پۆستی وەزاری گرنگی لە حکومەت بەڕێوەبردوە.‏
 
 
لە هەڵبژاردنەکانی ساڵی(٢٠١٠)ی ئەو وڵاتە توانی بۆ ماوەی پێنج ساڵ ببێتە ئەندامی پەرلەمانی ویلایەتی ماکوندۆچی، لەگەڵ ئەوەشدا ساڵی(٢٠١٤)بە جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی دەستور ‏هەڵبژێردرا کە ئەرکی داڕشتنی دەستوری نوێی وڵاتی لەسەر بو.
 
 
 
هاوکات ساڵی (٢٠١٥) پۆستی وەزیری دەوڵەتی گرتە دەست لە هەمان ساڵدا دوای هەڵبژاردنی گشتی (٢٠١٥) وەک یەکەم ژن لە ‏مێژوی وڵاتی تانزانیا توانیی پۆستی جێگری سەرۆک وەربگرێت، لە ساڵی ٢٠٢٠ بۆ خولی دوەم هەڵبژێردرانەوە.‏
 
 
گەورەترین ئالەنگاری لە ژیانی سیاسی سامیە، وەرگرتنی پۆستی سەرۆکی ئەو وڵاتەیە، کە توانی وەک شەشەمین سەرۆک لە تەنزانیا دەست بەکاربێت، بەمەش هەنگاوێکی گرنگی نا بۆ ژنان لە ‏وڵاتەکیدا.‏
 
ژیانی تایبەتی ‏
 
 
سامیە سەلوحی، لە تەمەنی ١٨ ساڵی لەگەڵ 'حافز ئەمیر' لە ساڵی (١٩٧٨) ژیانی هاوسەرگیری پێکهێناوە، کە لە ئێستادا ئەفسەرێکی خانەنشیینە، ئەوان خاوەنی چوار مناڵن.‏
 
 
سامیە، ساڵی (١٩٧٧) خوێندنی ناوەندی تەواو کرد و دەستی بە کارکردن کردوە، دوابەدوای ئەوە چەند کۆرسێکی کورت-ی وەرگرتوە  تا ساڵی (١٩٨٦)پەیمانیگای بەڕێوەبردنی گەشەپێدانی تەواو ‏کردوە، لە ساڵی (١٩٩٤)، لە زانکۆی مانچستەر بڕوانامەی ئابوری بەدەستهێناوە.
 
 
'سامیە' بۆ مانەوی لە پۆستی سەرۆکایەتی پێویستی بە پاڵپشتیە
 
 
ئاژانسی هەواڵی بلومبێرگ بڵاوی کردەوە کە دەستوری ئەو وڵاتە مافی تەواوکردنی ماوەی سەرۆکایەتی بە جێگری سەرۆک کۆمار دەدات کاتێک سەرۆک کۆمار دەمرێت.
 
 
بلومبێرگ ئەوەشی ‏خستەڕو کە هەرچەندە 'سامیە' بەشێوەیەکی بەرفراوان وەک سیاسەتمەدارێکی زیرەک دەبینرێت، بەڵام لەسەر ئاستی سیاسی پشتیوانییەکی بەهێزی نییە و پێویستی بەبردنەوەی پشتیوانی ‏حیزبی چاما ماپمیندزی حوکمڕانە، ئەگەر نیازی هەیە لە دەسەڵات بمێنێتەوە تا هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی داهاتو کە لە ساڵی (٢٠٢٥) بەڕێوە دەچێت.‏
 
 
 
لە وڵاتانی ئەفریقا سێ ژن توانیایانە بگەنە بەرزترین دەسەڵاتی وڵاتەکانیان کە سامیە سێ هەمینیانە بەمەش ژنان دەستیان بە هەنگاوی گەورەناوە بۆ گرتنە دەستی دەسەڵات لە وڵاتەکانیان، ئەوەشی ‏کە 'سامیە' جودا دەکاتەوە ئەوەیە کە وەک یەکەم ژنە موساڵمانە توانی ئەو پۆستە وەربگرێت.‏
 

 

 

 

 



Newjin.net - 2024
ژمارەی سەردان 1,335,447     ژمارەی میوان 405

دروستکراوە لەلایەن کۆمپانیای (کۆدتێك)ەوە