لە قژ راکێشانی 'مژدە' بۆ تێگرتنی دەبەئاو بە 'شیرین'

2021/03/18    1595 جار بینراوە
 
* نەوژین
 
 
لەم خولەی پەرلەماندا کە ژنێک سەرۆکیەتی بۆ دوەم جار لە کاتی دانیشتنەکان لە ناو هۆڵی پەرلەمان پەلاماری ئەندام پەرلەمانتارێکی ژن درا، وەک خۆی دەڵێت”دەبەی ئاویان تێگرتم“. دوبارەبونەوەی ئەم روداوە لە کاتێکدایە لە مانگی کانونی دوەمی ئەمساڵ لەناو هۆڵی پەرلەمان بە لێدان و قژ راکێشان پەلاماری ئەندامێکی دیکەی ژن درا، دەستەی سەرۆکایەتیش بێ هەڵوێستە.
 
 
لە خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان بۆ یەکەم جار لە مێژویدا ژنێک وەک سەرۆکی هەڵبژێردرا، بەڵام هەر لەم خولەدا بۆیەکەم جار لە ماوەی کەمتر لە سێ مانگ دوجار لەکاتی دانیشتنەکانی پەرلەمان هێرشکراوەتە سەر پەرلەمانتاری ژن و سەرۆک بێدەنگی هەڵبژرادوە.
 
 
 لە ساڵیدای کیمابارانکردنی شاری هەڵەبجە(١٦/٣/٢٠٢١)،  شیرین ئەمین، ئەندامی پەرلەمانی کوردستان، دوای وتەکانی لە دانیشتەکە کە بەڵگەی تاوانبارێکی ئەو کارەساتە کە رزگارکراوە خستەڕو  لەگەڵیدا داوای وەڵامیکرد، لەو کاتەدا لەلایەن ئەندامانی فراکسیۆنێکەوە پەلامار درا.
 
 
”بە دەبەی ئاو هێرشیانکردەسەرم“
 
 
”لە هۆڵی پەرلەمان وتم ئەو جاش و مستەشارانەی کەس و کارەکەمیان ئەنفالکرد، ئەمڕۆ لەریزی پێشەوەی حزب و حکومەتن“. ئەمە سەرەتایی قسەکانی شیرین ئەمین بوە لە دانیشتنەکەی پەرلەمان.
 
 
شیرین ئەمین، بە نەوژینی راگەیاند، لە دانیشتنەکە درێژە بە قسەکانی داوە تا ئەوکاتەی وتویەتی ”ئەو فرۆکەوانەی شارەکەی کیمیا بارنکردوە لە رۆژنامەیەک وتویەتی من لە زیندان رامنەکردوە بەڵکو جەلال تاڵەبانی، رزگاری کردوم“.
 
 
لەوکاتەدا ئەندامانی فراکسیۆنی یەکێتی بە وتەی خۆی بە دەبەی ئاو هێرش دەکەنە سەری”بە فەرمانی سەرۆک سەرجەم وتەکانمیان لە پڕۆتۆکۆڵ سڕیەوەو ئەندامانی فراکسیۆنی یەکێتی هێرشیان کردە سەرم“.
 
 
ڤیدۆی پەلاماردانی شیرین ئەمین، لە ناو هۆڵی پەرلەمان، ڤیدیۆ: هەژماری فەیسبوکی پەرلەمانتار شیرین ئەمین.
 
 
”بە چوارکەسەوە قژیان راکێشام و بە بۆکس لێیاندام“
 
 
ئەمەلەکاتێکدایە هەر لەم خولەی پەرلەمان لەسەر پرسی موچە، (٦/١/٢٠٢١)، لەلایەن چەند پەرلەمانتارێکی فراکسیۆنی پارتیەوە هێرشکرایەسەر پەرلەمانتار مژدە مەحمود، بە قژ راکێشان و بۆکس پەلاماردرابو.
 
 
مژدە مەحمود، هەرئەوکات تۆماری دەنگی کاتی پەلاماردانەکەو چۆنیەتی دروستبونی گرژیەکان خستەڕو وتی: ”وەک رەوە گورک بە ناڕەوای دە ئەندامی فراکسیۆنی پارتی هێرشیان کردە سەرمان و بە سێ چوار کەس لەمنیاندا بە بۆکس و قژ راکێشان، بەشێوەیەک زەربە بەرسەرم کەوت“.
 
 
تۆماری دەنگی پەلاماردانی پەرلەمانتار مژدە مەحمود، لەناو هۆڵی پەرلەمان، تۆمار: هەژماری فەیسبوکی پەرلەمانتار مژدە مەحمود 
 
 
ئەو ئەندامەی پەرلەمان وتیشی: پێیانم وت ئەگەر دەتانەوێت روبەڕوم ببنەوە وەک رەوە گورگ بە پیاو ژنەوە پەلامارم مەدەن بە ئەخلاقەوە شەڕبکەن، بەڵام سەد ئەوەنەی تر پەلامارم بدەن ناتوانن بمانوەستێنن“.
 
 
لەم خولەی پەرلەمان (٣٦) ژن ئەندامی پەرلەمانن لە کۆی (١١١) ئەندام کە (٧٧) ئەندامیان پیاون، واتە بەرێژەی (٣٢٪) ژنان پێکهێنەری ئەم خولەن.
 
 
سەرۆکایەتی پەرلەمان، تاوەکو ئێستا لەسەر هەردو روداوەکە هیچ هەڵوێستێکی فەرمی نەبوە، نەوژین، بۆ ئەو مەبەستە پەیوەندی بە دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمانەوەکرد، بەڵام بێ وەڵام بو،  لەسەر سزادان یاخود رێگریکردن لە هۆکاری دو روداوی هاوشێوەیە.
 
 
 


Newjin.net - 2024
ژمارەی سەردان 1,356,309     ژمارەی میوان 524

دروستکراوە لەلایەن کۆمپانیای (کۆدتێك)ەوە