* نەوژین
سەرۆکی زانکۆی هەڵەبجە رایدەگەیەنێت میدیا رۆڵێکی نەرێنی بینیوە لە پیشاندانی روی راستەقینەی ژنان، هەروەک مامۆستایەکیش دەڵێت: بەبەرنامەی پێشوەخت کار لەسەر بەلاڕێدابردنی پرسی ژن کراوە.
لە میانەی پاڵێکی رێکخراوی چاودێری میدیای کوردی و زانکۆی هەڵەبجە لە ژێرناوی 'جیاکاریی جێندەری و رەنگدانەوەی لە میدیای کوردییدا'
مەھاباد کامل، سەرۆکی زانکۆی ھەڵەبجە ئاماژەی بە رۆڵی نەرێنیی میدیاکان کرد وتی: میدیای کوردی روی راستەقینەی ژنان و ھەوڵەکانیان لە سەرکردایەتییکردن شێواندوە.
هەروەک ژیا عەباس، مامۆستا لە زانکۆی سلێمانی، باسی لە توندوتیژیی بەرامبەر بە ژنان لەمیدیادا کرد و ئاماژەی بە تۆخکردنەوەی ئەو وێنا نەرێنیانە کرد کە لەنێو کۆمەڵگەدا لەسەر ژنان ھەن.
وتی: میدیای کوردیی بە بەرنامە کار لەسەر دوپاتکردنەوەو زیاتر زەقکردنەوەیان دەکات.
زانکۆی هەڵەبجە، میوانانی پانێڵەکە وێنە: ئاڤێستا محەمەد
بەشێکی دیکەی پانێڵەکە تایبەت بو بە سیاسەتی یەکسانی و ھاوسەنگی جێندەریی لەمیدیادا تێیدا شوان ئادەم، سەرۆکی رێکخراوی چاودێریی میدیای کوردیی و مامۆستا لە بەشی راگەیاندن لە زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی، وتی: بەشێکی زۆری پاشاگەردانیی ئەمڕۆی میدیا بە بەرنامەی پێشوەخت بیرلێکراوەتەوە بەڕێوەدەبرێت و کار لەسەر پەڕاوێزخستن و نەرێنیی پیشاندانی وێنەی ژن دەکرێت.
باسیلەوەشکرد: ژنان لەنێوەندە میدیاییەکاندا ھاوشێوەی کایەکانی دیکە ھێندەی وەک نێچیرێکی سێکسیی لێیان دەڕوانرێت، ھێندە وەک بڕیاردەر و بەشدار لەپرۆسەی بەڕێوبردن و بەرھەمھێنانی میدیایی لەکاتی روماڵکردن و داڕشتن و چاپ و پەخش و بڵاوکردنەوەدا، چانسی دەرکەوتن و سەرکەوتنیان نییە و نەبوە.