ژنانی کرێکار رۆژانە لەبەردەم چەندین ئاڵەنگاری دان

2024/05/01    260 جار بینراوە

 

* نەوژین، شیرین ساڵح

ژنانی کرێکار رۆژانە لەبەردەم چەندین ئاڵەنگاری دان، ئەندامێکی رێکخراوی دەنگی کرێکاران، باس لەوەدەکات: سەرباری ئەوەی کاری قورس دەکەن، به‌ڵام ژنانی کرێکار موچەی کەم وەردەگرن، ژنە کرێکارێکیش باس لەوه‌ده‌كات له‌ زۆر مافی بنه‌ڕه‌تى خۆیان بێبه‌ش ده‌كرێن.

ناهیدە موحسین، ٥٧ ساڵ، لە تەمەنێکی کەمەوە تاوەکو ئێستا کرێکاری دەکات، دەڵێت: چەندین ساڵە کرێکاریم لەچەندین بوار کردوە، لەماوەی ئەو ساڵانە دا وەک ژنێکی کرێکار توشی رێگری و کێشەی زۆر بومەتەوە، بەڵام ئەوەی بۆ ئێمەی کرێکار بە گشتی زۆر کێشەیە، ئەوەیە کۆمپانیاکان لەبری ئێمە کار دەدەن بە کرێکارە بیانیەکان، ئەوەش بەهۆی ئەوەی ئەوان بە پارەیەکی کەمتر لە ئێمە کارەکانیان بۆ دەکەن. 

زیاتر وتی: بەو هۆیە ئێمەش ناچارکراوین بە بڕە پارەی کەم کاربکەین.

نەغەدە عوسمان، ئەندامی رێکخراوی دەنگی کرێکارانە، وایدەبینێت هۆکاری خراپی دۆخی کرێکاران بە گشتی و کرێکارانی ژن بە تایبەت بۆ نەبونی دەزگا و یاسایەکی گونجاو بۆ پارێزگاریکردن لە ماف و ژیانی ئەوان دەگەڕێتەوە.

وتی: کاتێک باس لە بارودۆخی ژنانی کرێکار دەکرێت، راستەوخۆ من بیرم دەچێت بۆ ئەوەی دەبێت تاوەکو ئێستا چەند توندوتیژی بەرامبەریان کرابێت و چەندیان لەبەرامبەر داواکردنی مافی خۆیان دا کارەکانیان لەدەست دابێت. 

وتیشی: بارودۆخی ژنانی کرێکار هیچ کات باش نەبوە و باش نابێت، چونکە کرێکاری خۆی ناچاریەکە بۆ بەدەستهێنانی بژێوی، لە ئێستا دا بۆ کاری پاککردنەوە زۆرینەی کۆمپانیاکان کرێکاری ژنن وەردەگرن، بارودۆخی ئەم کرێکارانە تاوەکو بڵێی خراپە، چونکە کارێکی زۆر بەو ژنانە دەکرێت و لەبەرامبەر دا کرێیەکی زۆر کەمیان پێدەدرێت، ئەمەش زیاتر لەنێو ژنان باوە وەک لە پیاوان.

 

"نه‌بونى یاسا و ده‌زگاى پێویست

هۆكارى خراپی دۆخی ژنانى كرێكاره‌"

 

پێدانی موچەی کەم تاکە کێشەی کرێکارانی ژن نییە، بەڵکو ئەوان لەمیانی کارکردندا روبەڕوی چەندین گرفتی دیکەی رەگەزی دەبنەوە.

وەک ناهیدە باسی لێوەکرد: لەماوەی کارکردنم وەکو کرێکار روبەڕوی چەندین توندوتیژی بومەتەوە، وەک: هەڵگرتنی شتی قورس کە بۆ تەندروستیم خراپ بوە، پێنەدانی مۆڵەت لەکاتی پێویستی و نەخۆشی، تەنانەت پێمان دەڵێن گەر رۆژێک نەهاتنەوە بۆ رۆژی دوایش مەیەن، چونکە دەرکراون، کە ئەمەش زۆر قورسایی لەسەرمان دروست دەکات، چونکە ئێمەی ژنان بەهۆی نەخۆشی، دوگیانی و کاری ماڵەوە پێویستمان بە مۆڵەت هەیە.

زیاتر وتی: ئێمە تەنانەت کاتێک لەمیانی کارکردنیش بریندار بین، خاوەنکار ئامادە نییە یارمەتیمان بدات، بەڵکو دەبێت خۆمان چارەسەری خۆمان بکەین و تێچوی نەخۆشخانەش دابینکردنی هەر لە ئەستۆی خۆمانە، ئەمەش هۆکارەکەی نەبونی دامودەزگا و یاسایەکی کارە بۆ پارێزگاری کردن لە ماف و ژیانی ئێمەی کرێکار.

زیاتر لە ٢٠٠٠ هەزار ژنی ئیشکەر لە هەرێمی کوردستان ناویان لە سەندیکاری کرێکاران و پیشەوەرانی کوردستان تۆمارکراوە، ئەمەش بەپێی ئامارێکی سەندیکای کرێکارانی کوردستان.

پرسێکی دیکە كه‌ روبه‌ڕوى ژنان ده‌بێته‌وه‌ له‌ کارکردندا، پرسی سوكایه‌تیی پێكردن و توندوتیژییه‌.

ناهیده‌، له‌وباره‌وه‌ وتى: لەکاتی کارکردن دا روبەڕوی چەندین توندوتیژی و سوکایەتی پێکردن دەبینەوە.

پێیشیوایه‌ ده‌بێت بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ رێكارى گونجاو دابنرێت و ژنانی كرێكار له‌ژێر قورسایی ئه‌م دۆخه‌ ده‌ربهێنرێن.

 



Newjin.net - 2024
ژمارەی سەردان 1,397,081     ژمارەی میوان 807

دروستکراوە لەلایەن کۆمپانیای (کۆدتێك)ەوە